ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا هۆشداری داوە لە ئەنجامدانی کردەوەی خۆکوژی لەشارەکە

24/01/2021
فۆتۆ: 

دوای دوو تەقینەوە خۆکوژییەکەی ئەم هەفتەی بەغدا، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی شارەکە ڕۆژی دواتر هۆشداری داوە لە مەترسی رودانی تەقینەوە و هێرش خۆکوژی و توندوتیژی دیکە لە چەند ناوچەیەکی بەغدا.

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا لە بەڵگەنامەیەکدا ئاشکرایکردووە، مەترسی ئەوە هەیە ناوچەکانی وەزیریە و قاهیرە لە بەغدا هێرشی خۆکوژیان تیا ئەنجام بدرێت، زانیاری هەیە خۆکوژەکان بە جلوبەرگی ئەفسەری وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگرییەوە هەوڵەکە ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی هاتووچۆیان ئاسانتر بێت.

ئەو شوێنانەش کە بە دیاریکراوی مەترسی کردنە ئامانجیان لێدەکرێت، بەگوێرەی نوسراوەکەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا بریتین لە بازاڕ و کافتریاکانی تارمیە و ئەبوغری و یوسفیە، بۆ ئەو مەبەستەش نزیکەی ١٥ خۆکوژ خزێنراونەتە ناو شاری بەغدا و دابەشکراون بەسەر ناوچە جیاوازەکاندا و بۆ ئەنجامدانی کارەکەشیان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری تۆیۆتا سۆپەر ئامادەکراوە.

فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا داوایکردووە، هەموو هەوڵە هەواڵگرییەکان بخرێنە گەر بە مەبەستی دۆزینەوە و ئاشکراکردنی ئەو کەسانە و چاودێرییەکی وردی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و کافتریاکانیش بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێت ڕێگری بکرێت لە هەر کارێکی تێکدەرانە.

ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە دوو تەقینەوەی یەک لە دوای یەک لە شاری بەغدا روویاندا رێکخراوی داعش ڕایگەیاندوە ئەو کەسانەی خۆیان تەقاندۆتەوە یەکێکیان ناوی ئەبوو یوسف ئەنسارییە و ئەوەی دیکەش ناوی محمەد عارف موهاجیرە .

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی عێراق لە تەقینەوەکاندا 32 کەس کوژران و زیاتر لە 110 کەسیش برینداربوون.