لەبارەی پێدانی مووچەی پێشمەرگە بەبێ لێبڕین راگەیەندراوێک بڵاودەکرێتەوە

24/01/2021
فۆتۆ: 
هەولێر

لەبارەی پێدانی مووچەی پێشمەرگە بەبێ لێبڕین وەزارەتی پێشمەرگە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەو بڕیارە دوای ئاراستەی دروستی هەنگاوەکانی چاکسازی دێت لە وەزارەتی پێشمەرگە، کە بەهاوکاری هاوپەیمانان بەردەوامی هەیە بۆ دروستکردنی هێزێکی سەربازی سەردەمیانە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ باشکردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە قارەمانەکان بەردەوامە و لەم چوارچێوەیەشدا پاش راوێژ و گفتۆگۆی راوێژکارانی باڵای هاوپەیمانان لەگەڵ بەڕێز وەزیری پێشمەرگە، دوای رەزامەندی بەرێز سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاردرا ئەو بڕە هاوکارییەی  کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە دابیندەکرا، راستەوخۆ بخرێتە سەر ژمارە حیسابی وەزارەتی پێشمەرگە و لەو رێگەیەوەش بڕی هاوکارییەکە وەک خۆی بەبێ دەستکاریکردن بدرێت بەلیوا هاوبەشەکانی وەزارەتی پێشمەرگە . "

ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەو بڕیارە دوای ئاراستەی دروستی هەنگاوەکانی چاکسازی دێت لە وەزارەتی پێشمەرگە، کە بەهاوکاری هاوپەیمانان بەردەوامی هەیە بۆ دروستکردنی هێزێکی سەربازی سەردەمیانە".

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، لەمڕوەشەوە هەوڵەکانی حکومەت و وەزارەتی پێشمەرگە چڕترکراونەتەوە، بۆ ئەوەی قەبارەی هاوکارییەکان باشترو فراونتر بکرێت و لەهەنگاوەکانی دادێی پڕۆسەی "رێکخستنەوەو یەکخستنەوەدا" سەرجەم هێزەکان بگرێتەوە .