نازم دەباغ: ئەگەر هاوكارییەكان بەچاوی یەكدابدەینەوە كوردیش كەمی بۆ ئێران نەكردووە

25/01/2021
فۆتۆ: 

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران رایگەیاند سەرچاوە ئێرانیەكان رەتیدەكەنەوە بەرهەمهێنانی فیلمەكەی لەبارەی هاوكاریەكانی ئێران بۆ پاراستنی هەولێر بڵاوكرایەوە سیاسەتی ئەوان بێت.

نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەتاران، لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا لەبارەی فیلمە ئێرانیەكەوە كە تیادا كاردانەوەی پارتی دیموكراتی لێكەوتەوە رایگەیاند: لەو كەناڵانەی كەپەیوەندیمان هەیە دڵنیاییاندا ئەو فیلمە سیاسەتی كۆماری ئیسلامی ئێرانی نیە و سیاسەتی ئەوان ڕێزگرتنە لەسەركردەكانی كورد.

ئەو ئاشكراشیكرد بۆ ئەو مەبەسەتە داوایان لەسەركونسوڵی خۆیان كردووە لەهەولێر "بەزووترین كات كۆنفڕانسێكی هەواڵی ببەستێت، رەتی بكاتەوە ئەوە كاری كۆماری ئیسلامی ئێرانی بێت بەڵكو كەسانێك یان كۆمپانیایەك ئەم كارەی كردووە بۆ بەرژەوەندی خۆی وە بەدوای ئەوەشدا دەگەڕێن كەكێ لەپشتی ئەم كارەدا بووبێت."

ئەوەشی روونكردووەتەوە وەكو نوێنەری حكومەت چەندین جار جەختیان لەسەر ئەوەكردۆتەوە كورد بەوەفایە، چاكە و پیاوەتی و كۆمەكەكانی هیچ كەسێكی لەبیرناچێت بەڵام ئەگەر بێتە سەرئەوەی هاوكارییەكان بەچاوی یەكدابدەینەوە، كوردیش كەمی نەكردووە. 

ئەو نمونەی هاوكاری كردن ماڵی مەلا مستەفا بارزانی بۆ هاوكاری كردنی ئێران دەهێنێتەوە و دەڵێت بارزانیەكان "هەشت هەزار كەسیان ئەنفال كرا لەسەر ئەو كار و هاوكاریانەی كە لەكاتی خۆی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لەناوچەی حاجی ئۆمەران هاوكاری لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێرانی كرد لەشەڕەكانی ئێران دژ بەعێراق".

ئەو لە درێژەی قسەكانیدا دەشڵێت ناكرێت هەموو جارێك بڵێن ئەگەر پێشمەرگە نەبوایە لەفڵانە خاڵی مەرزی یان لەفڵانە شەڕدا سوپای ئێران یان پاسدارانی ئێران ئەو شكستەیان دەكرد یان ئەم سەركەوتنەیان مسۆگەر نەدەكرد.

لە چەند رۆژی رابرددوو میدیاكانی ئێران كورتە فیلمێكییان بەناوی (تەوەكول) بڵاوكردەوە تێیدا باس لەهاوكاری ئێران دەكات بەسەرۆكایەتی (قاسم سلێمانی) لەپاراستنی هەولێر لەهێرشی داعش، بڵاوكردنەوەی ئەو فیلمە كاردانەوە و نیگەرانی پارتی دیموكرات دروستكرد و حكومەتی هەرێمی كوردستان-یش لەڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێمەوە نیگەرانی خۆی گەیاندووە بە ئێران.