دادگا سزای 5 ساڵ زیندانیکردنی سەپاند بەسەر حەمدیە جاف دا

25/01/2021
فۆتۆ: 

دەستەی نەزاهەی فیدراڵی ڕایگەیاند، سزای ٥ ساڵ زیندانیکردن بۆ حەمدیە جاف بەڕێوەبەری پێشووی بانکی بازرگانی عێراقی (TBI ) دەرچووە، بەهۆی زیانگەیاندن بە دارایی گشتی بەو لایەنەی کاری تیا دەکرد بە بڕی ٤٠ ملیۆن دۆلار و سەرجەم سەروەت و سامانی گوێزراوە و نەگوێزراوەشی نیشانەی مامەڵەنەکردنیان خراوەتە سەر.

فەرمانگەی لێکۆڵینەوە لە دەستەی نەزاهەی فیدراڵی ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆمەتبار هەڵەیەکی زۆر زەقی کردووە و زیانی گەیاندووە بە دارایی گشتی، کاتێک کارئاسانی بانکی کردووە بە بڕی ٤٠ ملیۆن دۆلار، بۆ یەکێک لە بانکەکان، سەرباری لاوازی ئەو دلنییاییە بانکییە کە لەلایەن بانکەکەوە پێشکەشکراوە، هەروەها بەر لەوەی کارەکانی مامەڵەی قەرزەکەی تەواو بکات.

لە بڕیارەکەی دەستەی نەزاهەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بە پابەندکردنی بانکەکە بە پێدانی بڕی قەرزی زیاتر لە ٣٨ ملیۆن دۆلار، وەک بنەرەتی قەرزەکە، بێ لەو سودەی کە بەهۆی دواخستنی قەرزەکەوە کەڵەکە بووە.

دەستەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، دوای ئەوەی دادگای کەرخ سەیری بەڵگە و ڕاپۆرتی وردبینی کۆتایی و راپۆرتی لێکۆڵینەوەی تایبەتی نەزاهەی کردووە، هەروەها وتەی نوێنەری یاسایی بانکەکە و لێکۆڵینەوەی ئیداری کەمتەرخەمی تۆمەتباری دەرخستووە، ئەوە سەرەڕای ئەو دڵنیاییە لاوازەی کە پێشکەشی بانکی کردووە و دواتریش هەڵاتووە، بۆیە دادگا گەیشتە ئەو بڕوایەی کە تۆمەتبار حەمیدیە جاف تاوانبار بکات، بەگوێرەی مادەی (٣٤١)ی لە یاسای سزادانی عێراقی ، بەوهۆیەشەوە بێ ئامادەبوونی خۆی (غیابی) سزای ٥ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند.

هەروەها دادگا بڕیاریداوە بە ڕێگریکردن لە تاوانبار بە سەفەرکردن و دانانی نیشانەی مامەڵەنەکردن لەسەر ماڵ و سامانی گوێزراوە نەگوێزراوەیی تاوانبار، لەگەل هێشتنەوەی مافی زیانلێکەوتوو بە داواکردنی قەرەبوو کردنەوە لە دادگای تایبەتمەند.