یەحیا رەسوڵ: لە ئۆپراسیۆنەکاندا بەڵگەنامەی گرنگی داعش دەستی بەسەردا گیراوە

25/01/2021
فۆتۆ: 

یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاشکرایکرد، "ئۆپراسیۆنی تۆڵەی شەهیدان"، بەڵگەنامەی گرنگی لە بەغدا و رومادی دەستکەوتووە، کازمیش لایەنە پەیوەندارەکانی ڕاسپاردووە، هیچ بوارێک نییە بۆ سازشکردن لەسەر خوێنی عێراقییەکان.

یەحیا رەسوڵ لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراق ڕایگەیاند، فەرمان و راسپاردنی تایبەت هەیە، بە پێویستی بۆ پارێزگاریکردن لە خوێنی عێراقییەکان و ئاسایشی هاوڵاتیان.

جەختیشیکردەوە، لەسەر چڕکردنەوەی هەواڵی هەواڵگری و یەکخستنی دەزگا ئەمنیی و هەواڵگرییەکان، کە لە لایەن خودی مستەفا کازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوەشکرد، زنجیرەیەک ڕێوشوێن دەگیرێتە بەر بۆ پێداچوونەوە بە ستراتیژیەتی لیدان لە دوا پێگە و حەشارگەکانی داعش لە عێراقدا.

ڕوونیشیکردەوە، هەماهەنگی و هاوکارییەکی گەورە هەیە لە نێوان سەرجەم دەزگا ئەمنییەکاندا لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەدا، کە دەستکراوە بە ئۆپراسیۆنی تایبەت، کە لەلایەن دەزگای دژەتیرۆرەوە ئەنجامدراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەزگای دژەتیرۆر ئۆپراسیۆنی تۆڵەی شەهیدانی لە بەغدا و فەلوجە و کەرمە و هیت و باکوری ڕومادی دەستپێکردووە، کە تا ئێستا توانراوە ١٠ چەکداری داعش دەستگیر بکرێن و بەڵگەنامەی زۆر گرنگیش دەستیان بەسەردا گیراوە.

لە کۆتایی وتەکانیدا یەحیا رەسوڵ باس لە گۆڕانیەکانی پۆستە ئەمنییەکان کرد و ڕایگەیاند، پرۆسە زۆر وردە، بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێت بە هیچ دزەکردن و پێشێلکردنێکی ئەمنی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە.