لە گەرمیان دوو كەس بەهۆی ساختەكاری و تیرۆرەوە سزادران

26/01/2021
فۆتۆ: 

دوو كەس لە گەرمیان بە تاوانی تیرۆر و ساختەكردن سزادران و ئاسایشی گەرمیان رایگەیاند بۆ جێبەجێكردنی ماوەی سزاكەیان رەوانەی چاكسازی گەورانی سلێمانی كراون.

لە راگەیەندراوێكدا كە كۆپیەكی بۆ (تۆڕی هەواڵی ژیان) نێردراوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان دەڵێت: لە ماوەی رابردوو بە تۆمەتی تیرۆر و ساختەكردن دوو تۆمەتبار دەستگیربكربوون و دۆسیەكەیان خرابووە بەردەم دادەوەری لیكۆڵینەوە. 

ئاسایشی گەرمیان ئەوەشی روونكردووەتەوە: پاش چەندین دانیشتنی دادگا و خستنەڕووی تەواوی بەڵگەكان و دانپیادانانی تاوانباران بە تاوانەكانیاندا سەرەنجام  لە لایەن سەرۆكایەتی دادگای تاوانەكانی كەركوك/گەرمیان سزا دران، بۆ بەسەربردنی ماوەی سزاكەیان رەوانیە چاكسازی گەورانی سلێمانی كراون.

ئاسایش روونیكردووەتەوە: ع  م  م  ا  لە دایك بووی(1976)و دانیشتووی گوندی (شفیق ئاغا)ی قەزای خانەقین لە بەرواری 22/5/2019  بە تۆمەتی ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی و تێكدانی ماڵی كوردەكانی ناحیەی گوڵاڵە لە سنوری قەزای خانەقین دەستگیركراوە و لە بەرواری20/1/2021 بە پێی ماددەی(3)ی تیرۆر بڕگەی(7) بە (6) شەش ساڵ زیندانی سزا درا. 

لەبارەی كەسی دووەم كە دادگا سزایداوە ئاسایش رایگەیاندووە: ع  ا  ف  ح  لە دایك بووی(1986) و دانیشتووی ناوچەی (ابو سیدە/شارەبان) لە بەرواری 10/11/2020  بە تۆمەتی ساختەكردنی رێگەپێدانی زاڵگە لە سنوری ناحیەی قۆرەتوو دەستگیركراوە و لە بەرواری11/1/2021 بە پێی ماددەی(289-298) ی .س و (292+298)ی .س بە حەوت مانگ زیندانی سزا درا.