هیلاری کلینتن درامایەک لەسەر کچانی کۆبانی بەرهەمدەهێنێت

26/01/2021
فۆتۆ: 

هیلاری کلینتن وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا و چێڵسی کچی بڕیاریانداوە کتێبی"کچانی کۆبانی" کە بەرهەمی نوسینی خانمە رۆژنامەنوسی ئەمریکی گێڵ لیمۆنسە بکەنە زنجیرە درامایەک.

ماڵپەڕی دیەلی میل بڵاویکردەوە کتێبەکە هێشتا بڵاونەکراتەوە،بەڵام چیرۆکە سەیروسەمەرەکانی و ئازایەتی کچانی کۆبانێ سەرنجی هێلاری کلێنتن و چێڵسی كچی ڕاکێشاوە و بڕیاریانداوە کتێبەکە بکەنە دراما.

هێلاری کلێنتن دەڵێت زۆر سەرسام بووە بە چیرۆکەکانی ناو کتێبەکە و پێی وایە کچانی کوردی رۆژئاوا جیاوازن و لە ئازایەتی و بەرخوداندا وێنەیان نییە.

رۆژنامەنوس گۆران دوکانی کە دانیشتووی ئەمریکایە لەبارەی کتێبەکەوە نوسیویەتی ئەو خانمە رۆژنامەنوسە ماوەی ساڵێک لەگەڵ شەڕڤانەکان ماوەتەوە و کتێبەکەش بڕیارە 16 ی مانگی داهاتوو بڵاوبکرێتەوە و بەپێی هەڵسەنگاندنی دەزگایەکی چاپەمەنی پێدەچێت ببێتە پڕفرۆشترین 12 کتێب لەساڵی 2021دا .

هەروەها ئەو رۆژنامەنوسە پرسیاری ئەوەی کردوە ئەم درامایە لەم کاتەدا بۆ؟ ئایا ئەمە سەرەتای ئەو زنجیرە سزایانە نیە کە جۆ بایدن بەرامبەر تورکیا لە هەگبەیدایە؟

هەروەها دەڵێت  بەمەبەستبێت یان بێ مەبەست ئەم زنجیرە درامایە گەورەترین دەستکەوتی مەعنەوییە بۆ گەلی کورد بەگشتی و ڕۆژئاوای کوردستان بەتایبەتی، تاڕادەیەکی بەربڵاو کوردو نەهامەتییەکانی بەجیهان و ئەمریکا دەناسێنێت.

راشیگەیاندوە کاردانەوەکانی ئەم کتێب و درامایە بێ مشتومڕنابێت و بەتایبەت گڕ لەشەقامی تورکی و ئەردۆگان بەردەدات.