وردەکارى بردنى ئەرشیفى تەلەفزیۆنى کوردی کەرکوک بۆ بەغدا

26/01/2021
فۆتۆ: 

پێشکەشکارێکی کەناڵی دێرینی کوردی کەرکوک ڕایگەیاند لە چەند رۆژی ڕابردوودا ئەرشیفی کەناڵەکە بردراوە بۆ بەغدا.

هاشم جەباری بێژەری کوردی کەناڵەکە بە تۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند ئەو 25 ساڵ بێژەر و بەرپرسی بەشی تەنسیق بووە و هەموو کاسێتەکان خۆی رێکیخستوون.

دەشڵێت بۆ پاراستنی ئەو ئەرشیفە سەردانی دەیان بەرپرسی کوردی کردوە و کەمپینی بۆ ڕاگەیەندراوە،بەڵام بەداخەوە دواجار ئەرشیفەکە بردرا بۆ بەغدا و نەتواندرا بپارێزرێت.

هاشم جەباری ئاماژەی بەوەشکرد ئەو ئەرشیفە کە ئەرشیفی گرنگی کوردە لە بەغدا لە ژێر زەمینێکدا فڕیی دەدەن و بەهۆی سەرما و گەرماوە لەناو دەچێت و کەسی خەمی لێ ناخوات.

ئاشکراشیکرد لە ئەرشیفەکەدا 117 درامای کوردی هەبوون کە 14 یان رەنگاورەنگ و ئەوانەی دیکەیان رەش وسپی بوون.

هەروەها 1250 گۆرانی تێدابووە بەهەرسێ زمانی کوردی و تورکمانی و سریانی و بەرنامەی تایبەت بە منداڵان.

کەناڵی کوردی کەرکوک لە ساڵی 1967 کراوەتەوە و هەتا 1999 بەردەوامبووە، رۆژانە سێ کاتژمێر و شەوانە شەش کاتژمێر پەخشی کردوە.

هاشم جەباری چیرۆکی داخستنی کەناڵەکە بەوجۆرە دەگێڕێتەوە و دەڵێت "لە مانگی نیسانی 1999 تەها یاسین رەمەزان کە خۆی کوردبوو هاتە کەرکوک و پیانوتبوو پەخشی کەناڵی کوردی ناگاتە چەمچەماڵ، ئەویش وتبوی کەرکوک شاری عەرەبە چۆن کەناڵی کوردی هەیە،بۆیە هەر ئەو رۆژە بڕیاری داخستنی کەناڵەکە درا".