لە دیالە بەڕێوەبەری هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانتارێک و برایەکی کوژران

26/01/2021
فۆتۆ: 

میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، چەند چەکدارێکی نەناسراو لە پارێزگای دیالە دوو برایان پێکەوە کوشتووە، یەکێکیان بەڕێوەبەری نوسینگەی پەرلەمانتار "ڕەعد دەهلەکی"یە.

بەگوێرەی هەواڵ ئەو چەکدارانە بە چەکی بێدەنگ تەقەیان کردووە لە بەڕێوەبەری نوسینگەی دەهلەکی و لێپرسراوی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ئەو پەرلەمانتارە و برایەکی دیکەیان، لە ناحیەی "بەنی سەعد"ی سەر بە شاری بەعقوبەی ناوەندی پارێزگای دیالە و دەستبەجی گیانیان لەدەستداوە.,

دوای ڕوداوەکەش هیزە ئەمنییەکان گەمارۆی شوێنەکەیان داوە و دۆسیەیەکی تاوانیش بۆ لێکۆڵینەوە لە روداوەکە لە لایەن پۆلیسەوە  کراوەتەوە.

دەهلەکی بەوە ناسراوە کە رەخنە و گلەیی زۆری هەبووە لە گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانو باسی لەوە کردووە، میلیشیا چەکدارەکان کۆنترۆڵی پارێزجگای دیالەیان کردووە.

لە مانگی ڕابردوو دەهلەکی ڕایگەیاند، میلیشیاکان وایان لێهاتووە بچنە سەرو یاساوە و لە دەرەوەی سنوری لێپرسینەوەن ، داواشی لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران کردبوو، دەستوەردانی ڕاستەوخۆ بکات لە دۆسیەی ئەمنی پارێزگاکە و سنورێک بۆ چەکی بێ مۆڵەت و لەدەست دەرچوو دابنێت.

چەند ڕۆژێکیش لەمەوبەر دەهلەکی ئیدانەی دوو تەقینەوەکەی گۆڕەپانی تەیرانی پایتەختی بەغدای کرد، کە بەهۆیەوە دەیان کەس کوژران و بریندار بوون.

لە هەژمارەکەی خۆشییەوە بەردەوام ئاماژەی بە کەمی خزمەتگوزارییە گشتییەکان کردووە و لەو بارەیەوە وتوویەتی "چەندین جار هۆشداری ئەوەمان داوە لە نەرمی نواندن لەگەڵ گروپە تیرۆریستییەکان و ئەوانەی لە دەرەوەی یاسا کاردەکەن، چونکە لە کۆتاییدا هاوڵاتی باجەکەی دەدات هەروەک چۆن ئەمڕۆ بینیمان" کە بەمەبەستی لە دوو تەقینەوەکەی بەغدا بووە.