لە سوریا پردێکی ئاسنی تایبەت بە شەمەندەفەر دزرا
وەزارەتی گواستنەوەی سوریا ڕایگەیاند "گروپە تیرۆریستییەکان" هەستاون بە کردنەوە و لێکهەڵوەشاندن و دزینی پردی (بداما) ی تایبەت بە هێڵی ئاسنین لە باشوری خۆرئاوای پارێزگای ئیدلب.
وەزارەتی گواستنەوەی سوریا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردووە، دزینی پردەکە لە لایەن گروپەکانی نزیک لە تورکیاوە ئەنجامدراوە و پردی ئاسنی نێوان ناوچەی جسرشغور و زەعینیەی نزیک ڕێگای (M4 )ی بە تەواوی هەڵوەشاندووە و دزیویانە.
پردەکە درێژیەکەی ٢٤٥ مەتر و بەرزییەکەی ١٨ مەترە و لە هەشت پارچەکەی گەورە پێکهاتووە و دوو شوێنی چاودێری لەسەر بووە کە هەریەکەیان بە درێژی ٣٤ مەتر و بەرزی ١٦ مەتری لەسەری جێگیر کراوە.
وەزارەتی گواستنەوەی سوریا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو گروپە چەکدارانەی نزیک لە تورکیا، پردەکە و هێڵی ئاسنەکەیان دزیووە بۆ کارگە و وەرشەکانی خۆیان.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا وەزارەتی گواستنەوەی سوریا ئەو کارەی بە تیکدەرانە ناوبردووە وئاماژەی بەوەشکردووە، کارەکە بە فەرمانی دەسەڵاتدارانی تورکیا ئەنجامدراوە، کە دەستدرێژییەکی رەهایە بۆسەر ژێرخانی ئابوری و ئاوەدانی سوریا و زیادکردنی فشارەکانە لەسەر گەلی سوریا.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر چالاکانی پارێزگای ئیدلبی سوریا کە لەلایەن گروپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیاوە کۆنترۆڵکراوە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر چەندین وێنەیان بڵاوکردەوە، کە دەریدەخات چەند کەسێک خەریکی کردنەوە و هەڵوەشاندنی پردەکەن.
میدیاکانی ئۆپۆزسیۆن بڵاویانکردەوە، کاری دزین و لێکهەڵوەشاندنی ئەو پردە لە لایەن گروپی دەستەی تەحریری شام، بەرەی نوسرەی پێشووەوە ئەنجامدراوە.
|