بەهۆی گەندەڵییەوە پێنج بەرپرسی نەوتی کەرکوک دەستگیرکران

26/01/2021
فۆتۆ: 

بەهۆی گەندەڵییەوە پێنج بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوک دەستگیرکران.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان ڕایگەیاند لقی دەستەی نەزاهەی کەرکوک بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ پێنج بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمە نەوتییەکان دەرکردوە بەهۆی ئەوەی ئەوکەسانە بای زیاتر لە دووملیار و نیوی عێراقی گازیان بەهەدەرداوە.

ئەو بەرپرسانە پێکهاتوون لە دوو بەرپرسی وێستگەی دابەشکردنی سوتەمەنی لەناوشار و دوو لێپرسراوی چاودێری و کەسێک کە چاودێری ئەلیکترۆنی کۆمپانیا بەرهەمە نەوتیەکان دەکات.

دەستەی نەزاهەی کەرکوک ڕایگەیاندوە ئەو کەسانە تێوەگلاون لە دەستکاریکردن و یاریکردن بە پرسی دابەشکردنی گاز و بەوهۆیەوە 60 ملیۆن لیتر گاز دیار نەماوە و دواتر ئامار و داتاکانیان دەستکاریکردوە.

دەستەی نەزاهە ڕاشیگەیاندوە بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەکانیان گوماندەکرێت ئەوکەسانە ئەو گازیان بۆخۆیان بردبێت.