بایدن بۆ گلەیكردن پەیوەندی بە سەرۆكی روسیاوە كرد

27/01/2021
دیدارێکی نێوان بایدن و پوتن لەو کاتەی بایدن جێگری سەرۆکی ئەمریکا بوو
فۆتۆ: 

بایدن وەك سەرۆكی ئەمریكا بۆ یەكەمجار پەیوەندیەكی تەلەفونی لەگەڵ سەرۆكی روسیا ئەنجامدا و رەخنەی ئاراستەی پوتینكرد بەهۆی مامەڵەی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا.

جین ساكی، وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاند: جۆ بایدن نیوەڕۆی سێشەممە تەلەفۆنی بۆ ڤلادیمیر پوتن كردوە و خواستی ئەمریكای بۆ نوێكردنەوەی پەیماننامەی نیوستارت بۆ پێنج ساڵی دیكە دەربریووە كە مانگی داهاتوو وادەكەی كۆتایی دێت. 

هاوكات بەپێی بەیاننامەیەكی كۆشكی كرملین، سەرۆكی روسیا بە بایدنی راگەیاندووە، پشتیوانی لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان مۆسكۆ و واشنتن دەكات و بە بەرژەوەندی نێوان وڵاتانی داناوە. 

لەبەشێكی دیكەی پەیوەندیە تەلەفونیەكەدا باس لە دۆخی ئۆكرانیاكراوە و سەرۆكی ئەمریكا بە پێچەوانەی روسیاوە خۆی بۆ سەروەریی خاكی ئۆكرانیا دووپاتكردوەتەوە، ئەوە جگە لەوەی كە باسیان  دۆسیەی "نافالینی" لە كەسایەتیی ئۆپۆزسیۆنی روسیا كردوە و  نیگەرانیەكانی خۆی راگەیاندووە لەو تۆمەتانەی بەرپرسان و میدیای روسیا دەیخەنە ئەستۆی ئەمریكا و خۆپیشاندانەكان بە دەستی ئەوان دەزانن.