ڕاپەڕینەکەی شیلادزێ.. یەکەم دەستوەشاندنی خەڵکی بادینان لە سوپای تورکیا

27/01/2021
فۆتۆ: 

دیمەکانی دوو ساڵ لەمەوبەر کە بارەگاکانی تورکیا لە شیلادزێ سوتێندران، ئەو رۆژەبوو کە ئیدی پەتی تەحەمولی بادینییەکان لە ئاست کوشت و بڕی رۆڵەکانیی و سوتاندنی گوند و باخەکانی پساوتۆپ و تانکی ئارتەشی تورک کەوتە ژێر پێی گەنجانی شیلادزێ وە.

دوو ساڵ بەسەر تەقینەوە جەماوەرییەکەی خەڵکی شیلادزێی سەربە قەزای ئامێدی تێپەڕ دەبێت بە مەبەستی ئیدانەکردنی شەهیدکردنی پێنج کەسی مەدەنی ناوچەکە لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە
رۆژی 26ی کانوونی دووەمی 2019 لە شێلادزێ خۆپیشاندانی بەرفراوانی هاوڵاتیان بەڕێوەچوو.

سەرەتا خۆپیشاندانەکە لە ناوەندی شارۆچکەکە دەستیپێکرد دواتر خۆپیشاندەران بەرەو سەربازگەیەکی تورکیا لە کۆمەڵگەی سیرێ ڕۆشتن خۆپیشاندەران چوونە نێو سەربازگەکە و ئاگریان تێبەردا لە ئەنجامی ئاڵۆزی و پێکدادانەکان کەسێک شەهید بوو و 10 کەسی دیکەش بریندار بوون.

خۆپیشاندەران بە سوتاندنی بارەگا سەربازییەكەی توركیاوە نەوەستان بەڵکو چەند سەربازێكیشان دەستبەسەركرد سوپای توركیا بۆ بڵاوەپێكردنیان بەشێوەیەكی هەڕەمەكی تەقەیان لە خۆپیشاندەران كرد دواتریش بەمەبەستی كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكە لە دهۆكەوە هێز رەوانەی شیلادزێ كرا و فڕۆكە جەنگیەكانی توركیاش گەیشتنە ئاسمانی شیلادزێ و بەنزمی دەسوڕانەوە.

شەهیدکردنی ئەو پێنج هاوڵاتییە تاکە هۆکاری خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی شیلادزێ نەبوو بەڵکو ساڵانێکی دوور و درێژە ئەزموونیان لەگەڵ کوشتن و دەرکردنیان هەیە لە گوندەکانی خۆیان.

لە دوای خۆپیشاندانەکە وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند بەهۆی هاندانی پەکەکەوە هێرشکراوەتە سەر بنکەیەکی سەربازیمان لە باکوری عێراق و زیان بە بەشێک لە ئۆتۆمبێل و کەلوپەلمان گەیشتووە هاوکات وەزارەتی دەرەوەی عێراق تەقەکردنی لە هاوڵاتیانی شیلادزێ سەرکۆنەکرد و لەسەر ئەو رووداوە باڵیۆزی توركیای لە بەغدا بانگهێشت کرد و یادداشتنامەیەكی ناڕەزایی رادەست کرد حکومەتی هەرێمیش لەبارەی هەمان رووداو رایگەیاند دەستی گێرەشێوێن لە پشت ئەو ڕووداوانەوە بووە.

بەپێی هەندێک داتا و زانیاری کە دەست تۆڕی هەواڵی ژیان کەوتوون لە کۆی 245 گوندی سنوری شیلادزێ 144 گوند لە ترسی بۆردومانی تورکیا و شەڕی پارتی کرێکارانی کوردستان چۆڵکراون ئامارەکان باس لەوە دەکەن لە ساڵی 1991ەوە نزیکەی 87 هاوڵاتی شیلادزێ بەهۆی بۆردومان و تەقەی سوپای تورکیا شەهید بوون لەو ژمارەیە 23 کەسیان لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بووە.

بە بیانووی بوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا تاوەکو ئێستا بەردەوامن لە بۆردومانکردنی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان لە ترسی بۆردومان و تەقەی سەربازانی تورکیا هاوڵاتیانی سەدان گوندی ناوچە سنورییەکان ناوچەکانی خۆیان بە جێ هێشتووە هەینی رابردوو 22 کانوونی دووەمی 2021 فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا کوێستانەکانی گوندی چیکان و گوندەژۆریان لە سنوری شارۆچکەی حاجی ئۆمەران و گوندی گری لە چەمانکێ بۆردومان کرد بۆردومانەکە لە گوندی چیکان هۆڵێکی بەخێوکردنی ئاژەڵی  کردە ئامانج کە زیاتر لە 250 سەر مەڕ مرداربوونەوە

هەرچەندە پێشتر ناوبەناو بۆردومان هەبووە بەڵام تورکیا لە 14ی کانوونی یەکەمی 2017دا لە ناوچەی شەمزینانی جۆلەمێرگەوە دەستیکردەوە بەهێرشکردن بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان و بە کۆپتەر ژمارەیەکی زۆر سەربازی لە ناوچە سنورییەکان دابەزاند و بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێمەوە لەناوچەی لێلکان، چیادێڵ و چەند شوێنێکی تر بنکەی نوێی سەربازیی دروستکردووە نزیکەی چوار دەیەیە بە بیانووی ئاسایشی نەتەوەیی و شەڕی پەکەکە، تورکیا بەردەوامە لەشکرکێشی و پەلاماری ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و دەیان ناوەند و بنکەی سەربازی ئاشکراو بارەگای نهێنی هەواڵگری لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.

لە دوای هەردوو ئۆپەراسیۆنی (چنگی هەڵۆ و چنگی پڵنگ) لە رۆژانی 15 و 17ی حوزەیرانی 2020  بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و ناوچەی هەفتانین لە سنوری زاخۆ ژمارەی ئەم بنکە سەربازی و هەواڵگریانەی تورکیا لە سنوری هەرێمی کوردستان لەماوەی یەک مانگدا زیادی کرد بۆ 37 بنکە.