میتاچیرۆک

27/01/2021
فۆتۆ: 

دەربارەی چیرۆکی (ئامادە: چرک!)ی بەختیار حەمەسوور

زەردەشت نورەدین

دەستەواژەی میتاچیرۆک (metafiction) لە (١٩٧٠) سەرەتا لەلای هەردوو ڕەخنەگر و ڕۆماننووس ڕۆبێرت سکوڵز و ولیام هاوارد گاس دەردەکەوێت و دواتر دەبێتە دەستەواژەیەکی زاڵی ناو ڕەخنە و تیۆری ئەدەبی. لە سادەترین پێناسەدا میتاچیرۆک هەر جۆرە نووسینێکی گێڕانەوەیی چیرۆکئامێز لەخۆدەگرێت کە ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆ ئاماژە بە چیرۆکێتی چیرۆکەکە دەدات و خوێنەر لە هەناوی خودی ئاماژەکانی ناو چیرۆکەکەوە تێدەگات کە چیرۆک دەخوێنێتەوە. بەدەربڕینێکی سنوردارتر، میتاچیرۆک ئەو چیرۆک و ڕۆمانانە دەگرێتەوە کە گێڕانەوەبیستی دەرەکی بەناو کاراکتەر، دەربڕین، ڕووداو و ... هتد ئەوەی لەلا ڕووندەبێتەوە کە خەریکی خوێندنەوەی ڕۆمان یان چیرۆکە .

نابێت میتاچیرۆک لەگەڵ ئەو ئاگاییە دەرەکییەی خوێنەر لەمەڕ زانینی جۆری کتێب تێکەڵ بکرێت، کاتێک کە دەقێکێک دەخوێنێتەوە بۆ نموونە کتێبێکی مێژوویی، فەلسەفی یان مرۆڤناسی و لەو ڕێگەوە دەزانێت کە هەرکام لەو بوارانە چییە. میتاچیرۆک بریتی نییە لەو ئاگاییە دەرەکییەی کە خوێنەر کاتێک چیرۆکێک دەگرێت بەدەستییەوە و دەزانێت ئەو کتێبەی بە دەستییەوەیە، چیرۆکە و خەریکی خوێندنەوەیەتی. میتاچیرۆک بەدەر لە ئاگایی دەرەکیی زانینی جۆری کتێب؛ ئەو ئاگاییە ناوەکییەی هەناوی دەقێکی دیاریکراوە کە لەڕێگەی خوێندنەوەیەوە خوێنەر هەست بەوە دەکات چیرۆک دەخوێنێتەوە، نەوەک ئەوەی کە کتێبی چیرۆک بەدەستییەوەیە بۆیە دەزانێت کە چیرۆک دەخوێنێتەوە .

لە باری دیاریکراودا، هەندیجار خوێنەر کاتێک چیرۆک یان ڕۆمانێک دەخوێنێتەوە وەها دەڕوواتە ناو ڕووداوەکان و لەگەڵ کاراکتەرەکان هاوشووناس دەبێت کە وادەزانێت گێڕانەوەیەکی واقیعی ژیانی کەس یان کەسانێکی واقیعی خوێندۆتەوە. سەرەڕای ئەوەی، هەر لە سەرەتاوە خوێنەر زانینی دەرەکی سەبارەت بەوەی کە چیرۆک دەخوێنێتەوە لەلایە، بەڵام لە کاتی خوێندنەوەدا ئەو زانینیە دەرەکییە وەلاوە دەنرێت و بە گوێرەی جۆری چیرۆکەکە تا دواسنوری هاوشووناسی و باوڕێتی بە ڕووداوەکان، کاراکتەرەکان و ... هتد دەڕوات. ئەمە جگە لەوەی هەندێکجار بەدەر لە خودی دەقی چیرۆکێک یان ڕۆمانێکی دیاریکراو نووسەرەکە ئاماژە بەوە دەدات کە لە کاراکتەر یان ڕووداوی واقیعییەوە بەرهەمەکەی نووسیوە؛ ئەمە دەقەکە ناکات بە میتاچیرۆک. ئەم دیاردە زیاتر لە سینەمادا باوە و زۆرن ئەو فیلمانەی کە لە سەرەتا یان لە کۆتایی فیلمەکەدا ئاماژە بەوە دەکات لە چیرۆکی واقیعی وەرگیراوە .

میتاچیرۆک وەکو میتازمان، میتافەلسەفە، میتاسیاسەت، میتاتیۆر و ... هتد، بەرهەمی خودئاگایی خۆدەڕەخنەیی مۆدێرن یان دۆخی پۆستمۆدێرنەیە کە هەرکام لەو بوارنە بەسەر خۆیدا هەڵدەگەڕێتەوە و پرسیار لەسەر خۆی لەپەیوەند بە ئەویترەوە دەکات. ئەمە لە ڕۆژئاوا لە شەستەکانەوە بوو بە شەپۆلێکی باو بۆ بوارە جیاوازەکان. بەگشتی وەکچۆن مۆدێرنیتە لە دۆخی پۆستمۆدێرنیتەدا بەسەر خۆیدا هەڵدەگەڕێتەوە و بەگژ چەمک، ناواخن و ئاراستە و بینینەکانیدا تا ئاستی هەڵوەشاندنەوە دەچێتەوە و دەیخاتە ژێر پرسیار و گومانەوە ئەوا بە هەمان شێوە میتاچیرۆک، بەگژ پۆتیکای چیرۆکدا لەپەیوەند بە واقیعەوە دەچێتەوە. یەکەم شت بونیاد، حەقیقەتئاسایی، گێڕانەوەی واقیعی چیرۆک دەخاتە ژێر پرسیار گومانەوە تا ئەو ئاستەی هەر لە بنەڕەتەوە چیرۆک ڕووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییە دەکاتەوە کە ئایا چیرۆک دەتوانێت ڕەنگدانەوە یان دەقیقتر نواندنەوەی واقیع بێت؟ ئایا چیرۆک ئەو میدۆمەیە کە بشێت واقیع، ڕاستی بگوازێتەوە؟ لەڕاستیدا، کەڵکەڵەی میتاچیرۆک لەوە زیاتر دەڕوات، تەنیا بە چیرۆکەوە ناگیرسێتەوە بەڵکو پرسیار لە بونیاد، ڕاستێتی واقیع دەکات و ئەوە قووتدەکاتەوە کە ئایا هەر لە بنەڕەتەوە تانوپۆی واقیع چیرۆکئامێز نییە و ئەوە خودی واقیع نییە کە چیرۆکییانە بینابووە؟

«لایەک لە خانووەکەی تەنیشتمان بوو، داتەپیبوو. چووم. بەسەر چەند پلیکانەیەکدا سەرکەوتم. قاپییەکەیم کردەوە و گەیشتمە حەوشەکە. سەرخان و ژێرخان بوو. لادیواری سەرخانەکە و بەشێک لە بانەکەی بەسەر ژێرخانەکەدا ڕووخابوو. لە بن دیوارەوە، چینێک بەردەچن، سپی و ساف، دەرکەوتبوون. گڵ و خشتی سوور دەچۆڕانەوە. پەنجەرە و دەرگای ژووری پێشەوە، بە دەمدا کەوتبوون. چەند داری دارەڕا، نەمزانی هی کام ژوورن، لە ناوەڕاستدا شکابوون. قامیش، حەسیر، کا و گەڵا تێکپڕژابوون. پارچەیەک نایلۆن، شینی ڕەنگ چووەوە، لەوسەری حەوشە، چمکێکی دەلەرییەوە و دەنگێکی لێوەدەهات، وەک دەنگی لوورە. کۆنەمێزێکی لاربووەوە، لەمسەری حەوشە، بە تاقەپێچکەیەکەوە، فایبەرەکەی بەرەو ناوەوە داچووبوو. لەتە جامێکی خوساو، بەرمیلێکی ڕزیو، پارچە چینکۆیەک، ئاریەڵێکی شەقوشڕ، ئاسنەواڵ و تەنەکەی ژەنگن، کەوچک قاپ و دەبەی قوپاو، لەگەڵ سەدان فیلتەری جگەرە لێرە و لەوێی حەوشەکەدا دەبینران. عەلاگە خاشاکی گرێدراو و دڕاو بەو ناوەدا بڵاوبووبوونەوە. جوگەلەیەک قوڕاو، باریکەڕێیەکی بەرەو کوڵان لێ دابوو». ئەم پەسنە زۆر ورد و پڕ وردەکاری و ڕیالیستییەی دیمەنە باسکراوەکە، کە لە سەرەتای چیرۆکەکەدا دەردەکەوێت، تاسەیە بۆ گواستنەوەی واقیع و وێناکردنی واقیعییانەی دیمەنەکەیە بەبێ کەم‌وکووڕی لە زیهنی خوێنەردا وەک ئەوەی خودی خوێنەر ئەو دیمەنەی دیتبێت. لەم جۆرە وەسفانە لە چیرۆک و ڕۆماندا زۆرە بەتایبەت لە ئەدەبی ناتورالیستیدا. ئەوەی ئەم وەسفە لەوانەی تر جیادەکاتەوە ئەوەیە لە میتاچیرۆکێکدا هاتووە، هەر بۆیەش لێرەدا بە مەبەستی گواستنەوەی واقیع بەشێوەیەکی وەسواس نەهاتووە تا بەبێ کەم‌وکووڕی دیمەنەکە بنوێنێتەوە بەڵکو بۆ ئەوە چنراوە کە چینی خودی واقیع بخاتە ژێر پرسیارەوە و ئەو گومانە بهێنێتە گۆ کە ئەوە واقیع خۆیەتی چیرۆکییانە بەناو زماندا بینابووە .

سەرەتا لە ڕێگەی ئەم ڕستەوە «زانییان، تەنانەت قژڕووتانەوە و چیرۆکنووسینەکەشم؛ بووم بە کاکی چیرۆکنووس!» گێڕەڕەوەی چیرۆکەکە کە کەسی یەکەمی تاکە، ئەوە بە زیهنی خوێنەردا دەدات کە نووسەرە بەڵام ئەم دەربڕینە بە تەنیا بەشی ئەوە ناکات، لەبەرئەوەی خەڵکانی گەڕەک وایپێدەڵێن. بەڵام دواتر بە هۆی گەڵێک دەربڕینی ترەوە خوێنەر بەر ئەوە دەکەوێت کە سەروکاری لەگەڵ نووسەرێک هەیە لەناو چیرۆکەکەدا، تا ئێرە هەر چیرۆکە و زۆرن ئەو چیرۆک و ڕۆمانانەی باس لە نووسەر و چیرۆکنووس دەکات. دواتر وردە وردە بەرەو میتاچیرۆک دەڕوات وەک لەم دەربڕینانەی لای خوارەوە دەردەکەوێت کە لە گێڕەڕەوەکەی دەبیستین کە هاوکات نووسەری چیرۆکەکەیە؛ «چیرۆکانە بیرم لە قسەی هاوڕێ ڕەخنەگرەکەم کردەوە. وزە و ئەگەری چیرۆکێکم تێدا دەبینین». «حەزدەکەم چیرۆکەکە لە ناوەڕاستەوە دەست پێبکات، لەو شوێنەدا کە ژنەکان بە مانەوە و میوانداریی ناوەختیان، تەنگ بە ژن و مێردەکە هەڵدەچنن و ژیانی سادەیان دەئاڵۆزکێنن. چەند بیرۆکەیەک بە مێشکمدا دێن و دەیانووسم». «دەستبەرداری نووسینی چیرۆکەکە دەبم... ئەو هاوسەنگی و متمانەی دەبێت لە نیوان ژنومێردەکە و ژنەکاندا لەلای خوێنەر دروستی بکەم لەم دۆخە و بەم حاڵەوە ناکرێ و نالوێ». «بەهۆی کۆمەڵێک گرێ و گرفتەوە، کە پێویست بە ڕیزکردنیان ناکات، ماوەیەک لە چیرۆکنووسین دابڕام ».

نووسەر(بەختیار حەمەسوور) تەنیا لەم ئاستەی میتاچیرۆکدا ناگیرسێتەوە بەوەی باسی نووسەرێک بکات کە خەریکە چەند ساڵێکی دیاریکراوی تەمەنی دەنووسێتەوە بەڵکو لەوە زیاتر دەڕوات. نووسەری دەرەوەی چیرۆکەکە(بەختیار حەمەسوور) خوێنەر قەلەقدەکات و ئەو کەڵکەڵەیە بخاتە نێو مێشکی خوێنەرەوە کە نووسەری چیرۆکی ناو خودی چیرۆکەکەشە کە چیرۆکی ژیانی خۆی دەنووسێتەوە هەر خودی نووسەر بێت. ئەمەش تەنیا بەهۆی ئەو دەربڕینە ئاشکرایانەوە نییە، لە چیرۆکەکەدا هاتووە کە ئەو خوێنەرانەی دووروونزیک ئاگاداری ژیانی نووسەرن(بەختیار حەمەسوور) دەتوانن لێکنزیکی ژیانی لەگەڵ نووسەری ناو چیرۆکەکە بزانن. بەڵکو چیرۆکنووس خۆی بە مەبەست لەوە زیاتر دەڕوات و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ باس لە چۆنییەتی لێکنزیکی ژیانی خۆی هاوژینەکەی لەگەڵ ژیانی کارەکتەرەکانی ناو چیرۆکەکە دەکات وەک لەم پەرەگرافەی خوارەوەدا ڕووندەبێتەوە؛ «یەکەم شت لەم خانووەدا بیرم لێکردەوە، نووسینی چیرۆکێک بوو. بە ئانام نەگووت. گەڵاڵەکەیم لە مێشکمدا تەونئاسا دەچنی، ڕووداوم دەسازاند. لە دۆزینەوەی ڕیتم و زماندا گینگڵم دەدا. لە گرێپووچکەی چیرۆک ترساوم، لە پەرەگرافی شلوشاو، ڕستەی بێ‌ڕۆڵ، وشەی زیادە. لە یەک کاتدا شاد و شەکەتبووم لە بەردەم لاپەڕەی سپیدا. دەمویست چیرۆکێک بێت نزیک لە ژیانی خۆمان، زۆر نزیک، بەجۆرێک خوێنەرەکەی بخاتەسەر کەڵکەڵەی پێکگرتنی ژیانی واقیعی نووسەر و کەسان و ڕووداوانی ناو چیرۆکەکە». هەروەها دواتر زۆر وردتر باس لەوە لێکچوون و هاوشووناسییە دەکات کە لە نێوان نووسەری ناو کتێبەکە و نووسەری کتێبەکەدا دروست بووە؛ ئەمە خوێنەر نەک هەر قەلەق دەکات بەڵکو بەرەو ئەو باوەڕەشی دەبات کە نووسەر ژیانی واقیعی خۆی نووسیوەتەوە! لەم دەربڕینەدا زیاتر ڕووندەبێتەوە؛ «خانووەکەمان وەک شوێن و ئێستاشم وەک کات بۆ چیرۆکەکە چەسپاند. دوو کاراکتەریشم هێنا، ژنێک و پیاوێک دوورەپەرێز و بێئەزموون. لەوانەی تێکەڵ نابن و لە قەرەباڵغی دەترسن، ژیانێکی سادە دەژین... ژن و پیاوەکەم بردە خانووەکە کەشێکی ئەمڕۆیم بۆ خوڵقاندن .

ژنانێکیش، کە ساڵانێک لەمەوبەر لەو گەڕەک، کۆڵان و خانووەدا مردبوون و هەنووکە وەک میوان هاتبوونەوە بۆ ئەو دەوروبەرە و پێیانخۆشبوو خانووەکە و ژن و مێردەکە بەسەر بکەنەوە، بچن و ببینین و بزانن، ڕێم دان بچن و ببینن و بزانن ».

رۆمان یان چیرۆکنووسین بەتەنیا گێڕانەوە یان تەکنیک نییە بەڵکو پتر داهێنانی فۆرمە. جگە لەوەی ڕۆمان و چیرۆکی کوردی بەزۆری لەڕووی تەکنیکەوە کرچ‌وکاڵن ئەوا کەمن ئەو بەرهەمە ئەدەبییانەی فۆرمیان داهێنابێت یان یان لانیکەم خاوەنی فۆرم بن. ڕۆمان یان چیرۆک کە ژانری مۆدێرنە ئەگەر تەکنیکی لاواز و خاوەنی فۆرمێکی دیاریکراو نەبێت، ئەوا گێڕانەوەکەی جیاوازییەکی وەهای نابێت لەگەڵ گێڕانەوە پێشمۆدێرنەکانی وەکو حەکایەت، ڕۆمانس و ... هتددا. ناواخن، ناوەڕۆک و بابەتی هەر ژانرێکی ئەدەبی هەرچییەک بێت ئەگەر فۆرمی نەبێت، دەشێت هەر شتێکی تر بێت جگە لە ئەدەب. چیرۆکی ''ئامادە: چرک!'' خاوەنی فۆرمی دیاریکراوی خۆیەتی و دواجار هەر لە ڕێگەی فۆرمەوەیە ئەوەی دەیەوێت؛ دەیڵێت و خوێنەر دەورووژێنێت .

بەر لە هەموو شت؛ ئەو تێڕوانینە باوە ڕەنگدانەوەپەرستە لەمەڕ ئەدەب لەناو خوێنەری چیرۆکەکەدا دەباتەژێر پرسیارەوە کە پێی‌وایە چیرۆک نواندنەوەی واقیعە و نووسەر لە بەرهەمەکەیدا واقیعی خۆی دەنووسێتەوە. نووسەر ئاگامەندانە لە ڕێگەی فۆرمەوە یاری لەگەڵ زیهنیەتی خوێنەری ڕەنگدانەوەپەرستدا دەکات بەوەی پێش، پێشبینییەکانی خوێنەر دەکەوێت و لە جیاتی ئەوەی خوێنەر لەناو چیرۆکەوە بۆ بڕگەیەک لە واقیعی ژیانی نووسەر بگەڕێت ئەوا نووسەر لە بڕگەیەکی واقیعی ژیانی خۆیەوە بۆ ئەو چیرۆکانە دەگەڕێت کە پێشوەختە لە ناو زیهنی خوێنەردا لەمەڕ نووسەر نووسراوە. ئەمەش ئەو کارەیە کە میتاچیرۆکی سەرکەوتوو لە ڕووی فۆرمەوە دەتوانێت زیهنیەتی دەقبەستووی خوێنەری پێ ختووکە بدات. هەنگاوێک پاشەکشەی پێبکات و پێی بڵێ جارێکیتر چیرۆکەکە بخوێننەوە؛ ئەو چیرۆکەی کە نووسەرەکە نووسیەتی نەوەک ئەوەی پێشوەختە لە زیهنی خۆتدا نووسراوە .

لە قوڵاییدا، فۆرمی چیرۆکەکە بەر بونیادی زیهنی خوێنەری ئیمە دەکەوێت کە لەناو دەقی موقەدەس و تێکستی ئایینیەوە هاتۆتەدەرێ. ئەو سوبێکتەی کە بەهۆی بۆمبارانی دەقی موقەدەسەوە ناتوانێت جیاوازی لە نێوان ''وشە'' و ''واقیع''‌دا بکات و هەردووکی بە هاومانا دەبینێت؛ ئەگەر زۆر پێشکەوێت، وشە بە نواندنەوەی واقیع دەبینێت. ئەوەی لەڕێگەی وشە و بەناو وشەدا ڕوودەدات بە ڕووداوی واقیعی دەبینێت. چیرۆکی ''ئامادە: چرک'' ئاڵنگاری ئەو سوبێکت-خوێنەرە دەکات و پێی دەڵێت نەک هەر چیرۆکەکە بەڵکو خودی واقیع خۆی دەشێت چیرۆک بێت. ئەم خودئاگاییە رەخنەییە لەمەڕ چیرۆک کە میتاچیرۆکە، پێش ئەوەی بۆ واقیعێکی دیاریکراو بگەڕێتەوە بۆ واقیعی خودی چیرۆک دەگەڕێتەوە. پێش ئەوەی واقیع بگوازێتەوە؛ مەحاڵبوونی گواستنەوەی واقیع دەگوازێتەوە.