لەعێراق هەڵمەتێک بۆ دانانی سیستمی کامێرای چاودێری دەستپێدەکات

29/01/2021
فۆتۆ: 

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان ئاشکرایکرد، بە مەبەستی باشتر بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی هەڵمەتێک دەستی پێکردووە، بۆ دانانی کامێرای چاودێری لە سەرانسەری وڵاتدا.

تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان بە ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراقی ڕاگەیاندووە، سیستمی کامێرای چاودێری زۆر گرنگە، بە تایبەت لە بەغدا، بۆ ئاراستەیەک هەیە بەوەی هەموو بەغدا و پارێزگاکانی دیکەش سیستمی کامێرای چاودێرییان بۆ دابنرێت.

خەفاجی ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان هاوکاریی وەزارەتی ناوخۆ دەکات لەو هەڵمەتەدا، بە مەبەستی شارەزایی و وریاکردنەوەی کۆمەڵگە بۆ دانانی سیستمی کامێرای چاودێری.

ڕوونیشیکردەوە سیستمی کامێرای چاودێری خزمەتێکی گرنگ دەکات بە سیستمی ئەمنی و هاوکارێکی باش دەبێت بۆ چەسپاندنی ئاسایشی و ئارامی لە وڵاتدا.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان جەختیکردەوە، دانانی کامێرای چاودێری دیاردەیەکی شارستانییە ، بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی و سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا، هەروەها ڕیگریکردن لە تاوانی ڕێکخراو.

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر پارێزگای بەغدا جەختیکردەوە، پلانی هەیە بۆ فراوانکردنی سیستمی کامێراکانی چاودێری لە سەرانسەری پایتەختدا، پرۆژەکەش لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە سەرپەرشتی و بەڕێوەدەبرێت.