"توركیا لە دهۆكەوە ئامادەكاری هێرشكردنە سەر شنگال دەكات"

30/01/2021
فۆتۆ: 

هێزەكانی توركیا لەیەكێك لە گەورەترین بنكە سەربازییەكانی خۆیان كە دەكەوێتە ناحیەی كانی ماسی دەستیان بە راهێنانی هێزەكانیان كردووە و ئامادەكاری هێرشكردنە سەر شنگال دەكەن.

بەگوێرەی هەواڵێك كە ئاژانسی مێهر، بڵاویكردووەتەوە و پشتی بە زانیاری راپۆرتێكی پێگەی  (ئێستای توركیا) بەستووە وەك ئامادەكارییەك بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی فراوان بۆسەر قەزای شنگال، هێزەكانی توركیا لە بنكە سەربازییەكانیان لە پارێزگای دهۆك دەستیان بە راهێنان و ئامادەكاری كردووە. 

راپۆرتەكە پشتی بە زانیاری ناو هەرێمی كوردستان بەستووە و تیایدا ئاماژە بەوەكراوە "هێزەكانی توركیا گەرانێكی سیخوڕیان لەرێگای مەحمودیەوە بەرەو شنگال و ناحیەی سنوونێ ئەنجامداوە و زانیاریان لەسەر ناوچەكە كۆكردۆتەوە". 

راشیگەیاندووە "ئەویش لەپێناو خۆئامادەكردن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر شنگال، بەتایبەت لەدوای رەزامەندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەو هێرشە لەدوای سەردانەكەی ئەمدوایەی خەلوسی ئاكاری وەزیری بەرگری توركیا".