کامیان سوکایەتین؛ بۆردومانەکانی تورکیا یان فیلمە ئێرانییەکە؟
کاردانەوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دژی فیلمی تەوەکل بەردەوامن، فیلمەکە باس لە رۆڵی قاسم سولەیمانی و ئێران دەکات لە هاوکاری کردنی هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژ بە داعش لە مەخمور و دەوروبەری هەولێر.
کاردانەوەکان هێندە توندن کارگەیشتووەتە ئەوەی وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە مامۆستایانی ئاینی بکات لە وتاری هەینی باس لە سوکایەتیکردن و فیلمە ئێرانییەکە بکەن.
بە بەیاننامە و نووسینی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بێت، دەردەکەوێت پارتی زۆر نیگەران و قەڵسە لە فیلمەکە، لە ئەندام و لایەنگرەکانییەوە بیگرە تا دەگاتە سەرۆک و جێگری سەرۆکی حیزبەکە، چاودێران دەڵێن راستە پەیامی دیکە لە پشت کورتە فیلمەکەوە هەیە، بەڵام مەبەستی سەرەکی پیشاندانی رۆڵی قاسم سولەیمانییە لە شەڕی داعش.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش چەندین جار باسیان لە رۆڵی قاسم سولەیمانی فەرماندەی کۆچکردووی فەیلەقی قودس کردووە لەوەی رۆڵی هەبووە لە راگرتنی داعش لە دەوروبەری هەولێر.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی دوور و درێژی لەبارەی فیلمەکەوە بڵاوکردووەتەوە و تێیدا چەند جارێک قاسم سولەیمانی بە "فەرماندەی شەهید" ناو دەبات و تێیدا دەڵێت: ئێمە ئەو دوو فیلمە بە سووكایەتیكردن بە خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان دادەنێین و پێشمەرگە بە فەرماندەیی و ئەزموونی چەندین ساڵ خەباتی پێشمەرگایەتی بارزانی، لەسەر زەوی هێرشی داعشی راگرت.
زۆربەی چاودێران جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەو فیلمە زیاد لە قەبارەی خۆی گەورەکراوە بە وەی دژایەتییەکی زۆر کراوە، ئەگەر وەک فیلمێکی سادە سەیر بکرایە زۆر سادە و زوو تێپەڕ دەبوو.
دوای نێچیرڤان بارزانی، دواجار مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتیش هاتە دەنگ و رایگەیاند: پێویستە هەموو لایەك بزانن ئەوەی كوردستانی لە هەڕەشەی داعش پاراست، هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو. هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ ئەو حەقیقەتە بشارێتەوە كە ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی ڕۆڵە قارەمانەكانی گەلی كوردستان تێكشكا.
ئەو هەڵوێستە توندانەی سەرۆکی هەرێم و بەرپرسانی پارتی بەرامبەر فیلمە ئێرانییەکە، رووبەرووی رەخنەی بەشێک لە هاوڵاتیان بووەتەوە و دەڵێن پارتی بە سیاسەتی "بانێکە و دووهەوا" مامەڵە دەکات، ئەگەر ئەو فیلمە ئێرانییە سوکایەتی بێت، ئەی بۆردومان و سنور بەزاندنەکانی تورکیا چین؟ کە زۆرجار رووداوی دڵتەزێنی لێدەکەوێتەوە؟
هەینی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا هەڕەشەی ئەوەی کرد شەوێک لە ناکاو دەچنە شنگال. بەڵام هیچ بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی پارتی وەڵامیان بۆ ئەم هەڕەشەیە نەبوو، لە میدیاکانیشیاندا وەک هەواڵێکی ئاسایی باسی لێوەکرا.
تورکیا رۆژانە بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و خەڵک دەکوژرێت، ماڵی خەڵک وێران دەکرێت، خەڵک ئاوارە دەکرێت بەڵام بێ دەنگی سەرۆکی هەرێم و بەرپرسانی باڵای دیکەی هەرێم، رووبەرووی رەخنەی زۆر بووتەوە.
لەتیف فاتیح فەرەج، نووسەر لە وتارێکدا دەڵێت: كێشه ئهوهیه سهرۆكی ههرێم وهڵامی فیلمێكی ئێرانی دهداتهوه، بهڵام وهڵامی ئهو ههموو سوكایهتییهی توركیا ناداتهوه .
دەشڵێت، فیلمهكهی ئێران ئامانجی سیاسی خۆی ههیه و دهیهوێت بڵێت ئێمه نهبین ئێوه چین، ئهمه ههر ئهوهنده بهسه مرۆڤ بڵێت ئێوهش نهبوون ئێمه ههر ههبووین، ئیتر ئهو تهنگه تاویهی ناوێت، له بری ئهوه دهبوو سهرۆكی ههرێم له خهمی خهڵكی كوردستان و ئهو بارودۆخه خراپهدا بووایە كه ئێستا ههرێم پێوهی گیرۆده بووه.
چاودێران جەخت لەوە دەکەنەوە، لە کاتێکدا کە حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم خۆیان بە کورتە فیلمێکەوە سەرقاڵ کردووە، سەدان کێشەی دیکە هەن بۆ ئەوەی چارەسەری بکەن لە کێشەی خاکەوە تاوەکو دەگاتە کێشەی موچە و بژێوی خەڵک.
|