ئەگەر مردن شتێکی بردوویت بۆی بگەڕێنەوە-کتێبی کارڵ

30/01/2021
فۆتۆ: 

ئەم کتێبە بە فرۆشراوترین کتێبی نێودەوڵەتی ناوبانگی دەرکردووە.

وەشانی نووسیار لە وەرزی نوێی کتێبەکانیدا بەمزوانە کتێبی (ئەگەر مردن شتێکی بردوویت بۆی بگەڕێنەوە- کتێبی کارڵ)  چاپ و بڵاودەکاتەوە. ئەم کتێبەلە نووسینی خانمە نووسەری دانیمارکی: نایا مارییا ئایت و ئالان پەری کاری وەرگێڕانی لە دانیمارکییەوە بۆ کردووە.
 
ئەم کتێبە بە فرۆشراوترین کتێبی نێودەوڵەتی ناوبانگی دەرکردووە   The international bestseller کە پتر بۆ ١٣ زمان وەرگێڕدراوە و خاوەنی دوو خەڵاتی جیھانییە. نووسیار مافی وەرگێڕانی بۆ کوردی وەرگرتووە و بە ڕەزامەندی نووسەر چاپ و بڵاودەکرێتەوە.

لەبارەی ئەم کتێبەوە ئالان پەری وەرگێڕی کتێبەکە وتی: کاتێک بۆ یەکەم جار ئەم کتێبەم خوێندەوە، سەرنجی ڕاکێشام. ناونیشانی ئەم کتێبە شێواوی پێوە دیارە وەک چۆن ناوەڕۆکی کتێبەکەش فراوان و واڵایە. ئەم کتێبە زۆرترین ژانری ئەدەبی دەگرێتە خۆی: تاوێک شیعرە و تاوێک گێڕانەوە و یاداشتە، تاوێکیش ڕۆمانە. بەگشتی زیاتر دەنێوە گێڕانەوەی دەقی واڵادا خۆی دەبینێتەوە. 

پاشان سەبارەت بە بابەتی کتێبەکە ئەو وەرگێڕە وتی: بابەتی کتێبەکە خوێنەر دەتاسێنێ و بە ھەستیارترین بابەت بارگاوی دەبێت، ئەویش بابەتی (مردن) ــە. نووسەر بە شێوازی خۆی شیوەن و ماتەمینی خۆی دەنووسێتەوە، کە دەکرێت سوود لە ئەزموون و شێوازی تەکنیکی ئەم کارە ئەدەبییە وەربگرین . ئەمە بێجگە لەوەی ئامادەبوونی دەقی چەندین نووسەری دیکە لە بارەی لەدەساتدنی کەسانی ئازیزانی خۆیان. ئەم کتێبە بۆ من زۆرترین کات و وزە و چێژی پێبەخشیم و دەتوانم بڵێم دەبێتە دڵخوازترین کتێب کە کاری وەرگێڕانم بۆ کردبێت.

نایا ماریا ئاییت: 
* نایا مارییا ئایت Naja Marie Aidt خانمەشاعیرێکی دانیمارکییە.
* لەدایکبووی ساڵی ١٩٦٣یە. 
* یەکەمین دەفتەرەشیعری لە ساڵی ١٩٩١دا بە ناوی (ھەتا ئەو کاتەی گەنجم)ـەوە بڵاوکردووەتەوە.
* چەندان کتێبی لە بوارەکانی: شیعر، کورتەچیرۆک، ڕۆمان، کتێبی منداڵ و دەقی شانۆییدا نووسیوە.
* ساڵی ٢٠٢٠ خەڵاتی ئەکادیمیای دانیمارکی پێبەخشراوە. 
* خاوەنی خەڵاتی ئەنجوومەنی باکوورە بۆ کۆچیرۆکی (پاڤیان، ساڵی ٢٠٠٨)