"ئەڵمانیا بۆ روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنا پێویستی بە یۆرگن كلۆپە"

31/01/2021
فۆتۆ: 

نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەڵمانیا بۆ روبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا پێویستی بە ئیلهام و رۆحی یۆرگن كلۆپی راهێنەری یانەی لیڤەرپوڵە.

دەیڤد نابارۆ، رایگەیاند ناكۆكی لە نێوان یاسادانەران دژبەرانی ئەوانەی داوای قەدەغەی هاتووچۆ دەكەن كێشەی بۆ ئەڵمانیا دروست كردووە لە روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنادا. 

نوێنەری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی شەممە وتی، ئەڵمانیا پێویستی بە بانگكردنی ڕاهێنەری تۆپی پێ یورگن كلۆپە لە شەڕی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا .

ئەو لە دیدارێكیدا لەگەڵ كەناڵی دی پی ئەی ئەڵمانی داوای لە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی سیاسی كرد یەكێتی زیاتر نیشان بدەن و ئیلهام لە ڕاهێنەری لیڤەرپوڵ وەربگرن. 

ئەو وتیشی، بۆ ئەوەی هەموو كەسێك لە پشت ڕێوشوێنەكانی خۆپاراستن لە كۆرۆنا بێت ئەڵمانیا پێویستی بە كاریگەری "كلۆپ" هەیە بۆ ئەوەی بە رۆحیەیتی یەك تیمی كار بكرێت. 

ئەو لە باسكردنی كلۆپ بەردەوام بوو روونیكردەوە، كلۆپ دەزانێت خۆن خەڵك كۆ بكاتەوە و پێكەوەكار بكەن لە بەر ئەوەش دڵنیام بیرۆكەی باشی دەبێت. 

دوای ساڵێك لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە لە جیهاندا نابارۆ ئاماژەی بەوەكرد، پێشبینی دەكەم بۆ ماوەیەكی زۆر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە بەردەوام بێت، ئێمە نزیك نەبووین لە كۆتایی. 

ئەو روونیكردەوە گروپەكانی دژبەرانی رێكارەكانی كۆرۆنا بچوكن، بەڵام كاتێك سیاسەتمەداران مشتومڕدەكەن ئەو گروپانە گەشە دەكەن، رەخنەی لەوەشگرت لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە ئەڵمانیا رێكاری وردی گرتەبەر بەڵام ئەو وردیەیان نەپاراست.

یۆرگن كلۆپ راهێنەری ئێستای یانەی لیڤەرپوڵ بە رەگەز ئەڵمانیە و لە ساڵی 2008 تا 2015 راهێنەری بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی بووە یانەكە لە سەردەمی راهێنەرایەتی ئەودا گەشەی بەخۆیەوە بینی و توانی چوار نازناوی ئەڵمانی بەرێتەوە ، دواتر چووە لیڤەرپوڵ و توانی لەگەڵ ئەویانەیەشدا شەش نازناو بەرێتەوە.