شوناسی نەتەوەیی کورد

31/01/2021
فۆتۆ: 

ڕێبوار سیوەیلی

١. لەم ڕۆژانەدا زۆر قسە لەسەر شوناسی نەتەوەیی کورد و پێکھاتەکانی ئەم شوناسە کرا. بگرە ھەوڵێکی زۆریش درا، بۆ ئەوەی سووکایەتیش بەم گەلە تێکۆشەرە بکرێت. کەچی ئەوە بەختی کوردەکانە، ئەوەی بیەوێت بە ناحەق بەردی تێبگرێت، ڕۆژگار بەرقی تێدەگرێتەوە. ھێندە ھەیە، کە ئاستی ھووشیاریی کوردەکان خۆیان لەو پێگەیەدا نییە، ئەم ڕاستییە بزانێت کە ئەوە گەورەیی نەتەوەییە وا دەکات، ببیتە ئامانج، نەک نەتەوەییبوونێکی گەورە. زۆرن ئەو نەتەوانەی بە قەبارە گەورەن وەلی خاوەنی گەورەیی نەتەوەیی نین. پێچەوانەکەشی ڕاستە: ئەو نەتەوانەش کەم نین، کە بچووکن، بەڵام خاوەن گەورەیی نەتەوەیی خۆیانن. ئەمەش ئەو وانەیەیە کە پێویستە ھەموو نەتەوەییەکی کوردی مرۆڤدۆست فێری ببێت. جیاوازیی ھەرە بەرچاوی نەتەوە گەورەکان لەگەڵ نەتەوە خاوەن گەورەییەکان ئەمەیە: یەکەمیان خۆیان بە گەورەتر لە نەتەوەکانیتر دەزانن، کەچی ئەوانی دووەمیان گەورەیی نەتەوەییان بەرەو مرۆڤدۆستی و ھاوڕێیەتی نەتەوەکانیتر پەلکێشیان دەکات. کورد لە جۆری دووەمییانە: نەتەوەخوازی مرۆڤدۆست. 

٢.  بەدەر لەوەی تیۆرییە خۆرئاواییەکان چۆن قسە لەسەر بنەماکانی شوناسی نەتەوەیی دەکەن، کورد بە شێوەیەکی کردەکی کار و قوربانییەکی بۆ چێکردنی وەھا شوناسێک، کردووە و داوە. مانەوەی کورد لەسەر ھەمان خاک وایکردووە ڕەگەزی خاک و خوێن ببنە دووڕووی ھەمان دراو. لەسەر خاک و نیشتیمان خۆبەکوشتدان جەوھەری لە خۆتێگەیشتنی کورد بۆ شوناسی نەتەوەیی پێکدەھێنێت. خوێن وەک ڕەگەزێک کە ژیانی مرۆڤی پێوە بەندە، لە پێناوی ڕەگەزێکی دیکەدا دەڕێژرێت، کە مرۆڤ لەسەری دەژی: (نیشتیمان). ئەم پەیوەندییە وایکردووە مرۆڤی کورد خوێنی خۆی تێکەڵ بە خاکێک بکات، کە تەنیا دەتوانێت بە مردوویی لە ژێریدا بشاردرێتەوە. بەڵام ئەمە (بەھا)یەکی بەرزتری ھەیە لەو (نرخ)ـەی دەکرێت مرۆڤ لە ژیانیی زیندووی خۆیدا وەدەستی بھێنێت.

٣. لە دوای خاک، دووەمین ڕەگەزی پێکھاتەی شوناسی نەتەوەیی کورد، زمانە. زمان ھەم دەشارێتەوە و ھەم ئاشکرا دەکات. زمان، کورد لە دوژمنانی دەشارێتەوە و خۆیشی لەناو زماندا ئاشکرا دەکات. زۆرینەی بەیت و داستانە کوردییەکان، خراپەی دووژمن و نەیاران ئاشکرا و ڕیسوا دەکەن، وەلێ ھەر ئەو زمانە یادوەریی و شانازیی و شکۆی ھاوبەشی ئەوان ئاشکرا دەکات. ئەم جوتجەمسەرییە (دوالێزم)ـە وایکردووە زمانی کوردی تووشی چەندین پچڕپچڕی و دابڕان و پەرتەوازەیی و دابەشبوونی زارەکی ببێت، بەڵام ھەمیشە وەک زمانێک ماوەتەوە، کە ھەستی کوردەکانی لە پەیوەندیی بە کێشە نەتەوەییەکەیانەوە پاراستووە. شەڕی کوردان بۆ بەرگریکردن لە زمانەکەیان لە ئەحمەدی خانییەوە بۆ فەقێ قادری ھەمەوەند و لەوێشەوە بۆ حاجی قادری کۆیێ و نالی و منەوەرانی سەدەی بیستەم درێژ دەبێتەوە. لە ھەموو قۆناغەکانی گەشەی بیری نەتەوایەتیدا، زمان وەک ڕەگەز و بنەمایەکی نەتەوەیی دەمێنێتەوە و لە چێکردنی شوناسی کوردداندا، پێگەیەکی گەورەی ھەیە.

٤. یادوەریی ھاوبەشی کوردان ڕەگەزێکی دیکەی سێمبوولیکیانەی ھزری نەتەوایەتی و شوناسی نەتەوەییانە: کە خۆی لە خەبات لە پێناوی ڕووناکایی و لە دژی تاریکی دەبینێتەوە. شەڕ و چاکە، دوو ڕەگەزی میتۆلۆژی و ئەفسانەیی کوردن، کە لە نێوانیاندا بەرخۆدان بۆ مانەوە ئامانجی سەرەکییە. لە ڕووی ئایینیی و کولتوورییشەوە، ھەردەم ئایینە کوردییە کۆنە ڕەسەنەکان ئایینی چاکە و ڕووناکایین لە دژی خراپە و تاریکایی. خراپە لەدەرەوە دێت و ناوەوە داگیر دەکات، کەچی چاکە لە ناوەوە بەرەو دەرەوە و لە دژی خراپە و تاریکی بەھێز دەبێت.

٥. مێژووی ھاوبەشیش یەکێکی دیکەیە لە پێکھاتەکانی شوناسی نەتەوەیی کورد. باشترین نموونە ھەوڵدانی شەرەفخانی بەدلیسییە بۆ نووسینەوەی مێژووی بنەماڵە کوردەکان لەبەرامبەر نەبانیی و کەمتەرخەمیی مێژوونووسە فارس و تورک و عەرەبەکان لەھەمبەر مێژووی کورداندا. ئەوان وەک بوولبوول باخچەی مێژووی خۆیاندا دەخوێنن، کەچی وشەیەک لەسەر کورد ناڵێن: شەرەفخان لە دژی ئەمە، دەبێتە بوولبوولی باخی مێژووی کورد. ئەم ھەوڵەی شەرەفخان دەستپێشخەرییەکییشە بۆ یەکخستنەوەی خاک و دروستکردنەوەی کوردستانێکی گەورە لە ڕێگەی ھاوبەشیکردنی مێژووییەوە. ئەو بە نووسینەوەی مێژووی بنەماڵە کوردەکان، کوردستانێکی یەکگرتوو لەسەر کاغەز پێکدەھێنێت. ڕەسەنێتی تێزەکەی شەرەفخان لەوەشدا ڕەنگیداوەتەوە، کە ھەر شەش مێژوونووسەکەی سەردەمی میرنشینی ئەردەڵان، لەو شوێنەوە دەستدەکەنەوە بە نووسینەوەی مێژوو کوردستان، کە شەرەفخان کۆتایی پێھێنابوو، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەوان ھەموویان ھاوڕان لەسەر ئەو مێژووەی شەرەفخان وەک مێراتێک بۆ یەکگرتوویی کوردان بەجێی ھێشتووە.. 

٦. لە شەڕی ڕزگاریخوازییەوە و لەسەرەتای سەدەی بیستەمەوە، لەگەڵ کۆتایھاتنی ئیمبراتۆرییەتە نەخۆشەکەی عوسمانی و داگیرکاریی ئەورووپاییەکان، کوردەکان پشووبڕاوانە چاوەڕوان بوون، کە وەک میللەتانی دیکە پێگەیان لە دنیای نوێدا دەستنیشان بکرێت. ڕۆحی ئەحمەدی خانی لە ئاسۆی چاوەڕوانیی کوردەکاندا ئاوا نەبوو. بەڵام بەرژەوەندی و فرت و فێڵ و دەستخەڕۆکردنیان لە لایەن بەریتانیا و کۆڵۆنیاڵیزمی دەرەکیی و ناوچەییەوە، لێرەشەوە شەڕی چەکداری و دروستبوونی پێشمەرگە وەک ھێزێکی نەتەوەیی بۆ بەرگریکردن لە خاکی کورستان، ھێدی ھێدی وەک فاکتەرێکی دیکەی شوناسی نەتەوەیی خۆی سەلماند و لە شەڕی دژ بە داعشدا، پێشمەرگە بە شێوەیەکی کردەیی ئەو ئەرکەی وەئەستۆ گرت و سەلماندنی، کە دەتوانێت شوناسی نەتەوەیی ئێمە بپارێزێت.

٧. بۆیە دەتوانین بڵێین: کوردەکان بە شێوەیەکی کردەیی کاریان بۆ چێکردنی ناسنامەی خۆیان کردووە و لەمەدا حەق نییە بە پێوەرە تیۆرییە خۆرئاواییەکان خەباتی ئەوان لە چوارچێوە بدەین. ئەمجۆرە خەباتە دەرفەتی بۆ کوردەکان لە دنیای مۆدێرن و ھاوچەرخدا ڕەخساندووە، کە ببنە نەتەوەیەکی سینەچاک و ئەوانیتر قەبووڵ بکەن. کورد لە نیشتیمانێکی فرەکولتوور و ئایین و ئەتنیکیدا دەژی و ئەزموونی خۆی فێری کردووە، خەباتەکەی ھەمیشە ئازایخوازانە پێناسە و پراکتیک بکات. بۆیە ھەرگیز نەبۆتە ھەڕەشە بەسەر نەتەوە و دراوسێکانییەوە و لە ئەدەبیاتی نەتەوایەتیی ئێمەشدا کەمتر ئەدەبیاتی ڕەگەزپەرستانە و ڕەیسیزمانە دەبینیتەوە. کورد لە دنیای مۆدێرندا، توانی بیسەلمێنێت دژی ھەر فەندەمەنتاڵیزمێک و لە پێناوی ئاشتیی جیھانیی و پاراستنی میللەتانی دیکەشدا خەبات و بەرخۆدان دەکات.

٨. شەڕی ئێمە لەدژی داعش ھەر تەنیا بە پاراستنی خاکی کوردستان لە دەستی ئەو مرۆڤکوژانە نەوەستایەوە، بەڵکو بەشدارییەکی باشیشی لە پاراستنی کومەڵگەکانیتر و پایەدارکردنەوەی ئاشتی و سەقامگیری  لە گشت جیھاندا، کرد. ئەگەر لە کۆندا میسرییەکان، ئازتکییەکان، یۆنانەکان، لاتینەکان، چین، ھیندستان و قەڵەمڕەوەکانیی دیکەی جیھان ھەریەکەیان بە جۆرێک دەستکەوتی بۆ شارستانییەتی مرۆڤایەتی بەدەستھێنابێت، ئەوە لە دنیای ئێستادا کوردەکان ئەم دەستکەوتەیان بە ھۆی خەباتی بێوچانیانەوە لە پێناوی ئاشتی جیھانیدا بەدەستھێناوە و لە سەقامگیرکردنی شارستانییەتی مرۆییدا کاریگەرییان ھەبووە.. ڕاستە، ئەوان ھەرەمیان دروستنەکردووە، بەڵام ھێندەی دروستکردنی ھەرەم و پەرستاگە گەورەکان، شەھید و قوربانییانداوە.. بەرھەمی ئەوەش، بەپێی توانای خۆی دوورخستنەوەی تاریکیی بووە لە جیھان و ڕەواندنەوەی شەڕانییەت بووە لە ژیان. بەبێ ھیچ دەمارگیرییەکی کوردیانە، ھەرکەس و نەتەوە و دەوڵەتێک بیانەوێت ئەم ڕەھەندی کوردبوون نەبینن و بچووکی بکەنەوە و سووکایەتی پێ بکەن، جگە لە بەیانکردنی ڕەگەزپەرستی، باڵاخوازیی و دەمارگیری مەزھەبی و نەتەوەیی خۆیان ھیچی دیکەیان نەکردووە. بەمەش خۆیان بچووککردۆتەوە و کوردیان گەورە کردووە. کێشەکە ئەوەیە، ئایا کورد ھەست بەم گەورەییەی خۆی دەکات؟! 

٩. من شەرم لەنەتەوەییبوونی خۆم ناکەم و بە خاڵی بەھێزی خۆشمی دەزانم. کاتێک دەبینم ھیچ نەتەوەیەک لە جیھاندا نییە بەھۆی ڕەتکردنەوەی ڕەھەندە نەتەوایەتییەکانی خۆیانەوە، شانازیی بە بوونی خۆیانەوە بکەن، ئیدی چ شکۆیەکە من بێم سووکایەتی بە شوناس و پێکھاتەی شوناسی نەتەوەیی خۆمەوە بکەم! ئەوە چ ئاکارێک و شکۆیەکی ئەخلاقییە مرۆڤ بەو زمانە بیر بکاتەوە و بنووسێت و خۆی مانیڤێست بکات، کە بەشێکە لە شوناسی نەتەوەییمان، کەچی لە دژی نەتەوەکەی خۆی بەکاری بھێنێت.. من لە ھەموو ڕەھەندێکی شوناسی خۆم ڕازیی نیم و دەمەوێت بیگۆڕم، بەڵام لەوپەڕی ڕێزمەوە بۆ ئەو شوناسەیە کە دەمەوێت گۆڕانکاریی تێدا بکەم، نەک بۆ سووکایەتی پێکردنی.