ئەمریکا: ئێران چەند هەفتەیەکی دیکە کەرەستەی چەکی ئەتۆمی دەستبەر دەکات

01/02/2021
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
فۆتۆ: 

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، پێدەچێت ئێران لەدووری چەند هەفتەیەکەوە بێت لە بوونە خاوەنی کەرەستەی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، ئەگەر بێت و بەردەوام بێت لە پێشێلکردنی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە.

ئەو لێدوانەی بلیکن لە کاتێکدایە، پێشتر داوای لە ئێران کردبوو بگەڕێتەوە بۆ پابەندبوونەکانی بەڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەوە بەر لەوەی واشنتۆن ئەو هەنگاوە بنێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردەوە لە سیاسەتی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کە رایگەیاندووە "ئەگەر ئێران بگەڕێتەوەە بۆ تەواوی پابەندبوون و بەڵێنەکانی بەگوێرەی ئەو پلانە هاوبەشەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا لەسەر پێکهاتوون، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەمان هەنگاو دەنێت".

بلیکن ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئێران پابەندی ڕێککەوتنەکە بێت، ئەوان واشنتۆنیش هەوڵی بنیاتنانی ڕێککەوتنێکی درێژ و بەهێز دەدات.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕوونیکردەوە، ئێران هیچ پابەندبوونێکی نەماوە بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەکەوە لەسەر چەندین ئاست، گەڕانەوەشی کات دەخایەنێت، دواتری هەڵسەنگاندنی پابەندبوونەکەی کاتی دیکەی پێویستە.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئیدارەی نوێی ئەمریکا تاوتوێی سەپاندنی سزای نوێ دەکات بەسەر کۆریای باکور و پێدەچێت ڕێوشوێنی دیکەش لە بەرامبەر روسیا بگرێتە بەر ، لە چوارچێوەی پێداچوونەوەی سیاسەتی وەزارەتی دەرەوەدا.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٨دا بە بڕیاری تاکلایەنەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لەڕێککەوتنی ئەتۆمی پێنج کۆ یەک لەگەڵ ئێراندا کشایەوە، ئەو هەنگاوەی واشنتۆنیش پاڵی بە ئێرانەوە نا پابەندبوونی بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەوە کەم بکاتەوە.