پاش ساڵێک ململانێ لەگەڵ سانسۆردا ڕۆمانی (ماڵی پشیلەکان) مۆڵەتی چاپ و پەخشی وەرگرت

02/02/2021
فۆتۆ: 

لە نووسینی (هیوا قادر) و وەرگێڕانی (مەریوان هەڵەبجەیی)

بڕیاربوو ساڵی ڕابردوو ڕۆمانی (ماڵی پشیلەکان) لەلایەن خانەی چاپ و بڵاوکردنەوەی (سالس)ەوە بە  زمانی فارسی بڵاوبێتەوە، بەڵام بەهۆی سانسۆری زۆر لە ئێراندا پاش ساڵێک چاوەڕوانی ڕۆمانی (ماڵی پشیلەکان)ی شاعیر و ڕۆماننووسی (هیوا قادر) مۆڵەتی چاپی وەرگرت .

سەبارەت بە کات و شوێنی چاپبوونی وەرگێڕی ڕۆمانەکە (مەریوان هەڵەبجەیی) بۆ ژیان وتی:  بڕیارە تاکو کۆتایی مانگی دوو لە تاران چاپ و بڵابکرێتەوە. لەلایەن (نشری سالس) لەباشترین و بەناوبانگترین ناوەندەکانی بڵاوکردنەوەی ئێرانە کە زۆرترین شاکارە جیهانییەکانی نووسەرانی وەک (سێرڤانتس، گابریل گارسیامارکیز، ماریۆبارگاس یۆسا، میلان کۆندێرا، ناباکۆف، ئیڤان کلیما و بۆلگاگۆف و دەیان نووسەری وەرگری خەڵاتی نۆبڵی چاپ و بڵاوکردووەتەوە .

 پاشان ئەو وەرگێڕە سەبارەت بە ڕۆمانەکە وتی: ماڵی پشیلەکانی یەکێکە لە ڕۆمانە بەناوبانگەکانی نووسەر (هیوا قادر) کە دوو ساڵ بەر لە ئێستا بڵاوکراوەتەوە، لەکاتی بڵاوبوونەوەی کتێبەکەدا چەندین وتار و بابەتی جۆراو جۆری لەسەر نوسراوە و پێشوازییەکی زۆری لێکرا و دووجار چاپکرایەوە، بەشێکی زۆری ڕۆمانە کە باس لە مەنفا و مرۆڤ و تەنهاییەکانی ئەکات، لە ڕێگەی پشیلەکانەوە، مرۆڤی کوردیش یەکێکە لەو کەمینە کۆچبەرانەی کە زیاد لە نیوسەدەیە بە دونیادا بڵاوبوونەتەوە .

لە کۆتاییدا لەبارەی کاری وەرگێڕان و پڕۆژەی وەرگێڕانی کتێبە کوردییەکانەوە بۆ سەرزمانی فارسی وتی:  هاوکات جگە لە وەرگێڕانی چەندین رۆمانی کورد بۆ فارسی، چەند ساڵێکە سەرقاڵی پڕۆژەیەکی وەرگێڕانی شیعری نوێی کوردییم بۆ فارسی، پێشتر چەند کتێبێکی ئەو پڕۆژەیە بڵاوبووەتەوە، لەم ساڵیشدا هەڵبژاردەی شیعری هەریەک لە شاعیرانی کورد (ڕەفیق سابیر، دڵشاد عەبدوڵڵا، لەتیف هەڵمەت و به ختیارعەلی) لە میانی ئەو پڕۆژەیەدا بە زمانی فارسی بڵاودەبنەوە.

هەریەک لە (هیوا قادر)ی شاعیر و ڕۆماننووس و (مەریوان هەڵەنجەیی)ی وەرگێڕ: