میدیای ئیسرائیل: نەتەنیاهۆ گفتوگۆ دەکات لەسەر ئەگەری هێرشکردن بۆسەر ئێران

02/02/2021
فۆتۆ: 

میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، بینامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل شەوی ڕابردوو کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ لێپرسراوە ئەمنی و سەربازییەکانی وڵاتەکەی ئەنجامداوە، بە مەبەستی ئامادەباشی بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر ئێران.

کەناڵی "کان"ی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەی نەتەنیاهۆدا بینی گانتس وەزیری بەرگری و ئاڤیڤ کوخاڤی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی وەزارەتی سوپا و دارایی، بە مەبەستی هەواڵەکردنی بودجەی پێویست بۆ دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان بۆ هەر ئەگەرێکی چاوەڕوانکراو  لەدژی ئێران.

بەگوێرەی سەرچاوە میدیاییەکانی ئیسرائیل، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە داوای لە ئەنجومەنی وەزاری بچووککراوەی وڵاتەکەی بۆ کاورباری ئەمنی و سیاسی کردووە، بۆ ئەوەی ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو گفتوگۆ بکەن لەسەر دوا پێشهاتەکانی تایبەت بە کاروباری ئێران.

بەگوێرەی پێشبینییەکانی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، ئەنجومەنی وەزیرانی بچووککراوەی ئیسرائیل گفتوگۆ دەکات لەسەر، بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە، هەروەها ئەو هۆشدارییەی ئەمریکا کە ئاماژە بەوەدەکات تا چەند هەفتەیەکی تر ئێران دەبێتە خاوەنی کەرەسەی چەکی ئەتۆمی ئەگەر بەردەوام بێت لە پێشێلکارییەکانی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە، گرنگترینشیان ئەگەری گەڕاوەی خێرای ئیدارەی نوێی ئەمریکایە بۆ ڕێککەوتنی نویی ئەتۆمی، هەروەها تاوتوێکردنی تەقینەوەەی دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە هیندستان.

ئەو ئامادەکارییانەی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو ئاڤیڤ کوخاڤی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، فەرمانیکردووە بە سوپا بە دووبارە کارکردنەوە لەسەر ئەگەری هێرش بۆ سەر ئێران لەمساڵدا.

لە بەرامبەر ئەو هۆشداریانەی ئیسرائیل، لێپرسراوانی ئێران ڕایانگەیاند، هیچ بایەخ بەو لێدوانانەی ئیسرائیل نادەن، چونکە هەموو وەک پڕوپاگەندە و جەنگی دەروونی سەیر دەکەن و ئامادەی هەموو پێشهاتێکشن بۆ بەرگریکردن لە خۆیان.

لەوبارەیەوە مەحمود واعیزی بەڕێوەبەری نوسینگەی حەسەن ڕۆحانی لە وەڵامی لێدوانەکانی ئاڤیڤ کوخاڤی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل سەبارەت بە ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ڕایگەیاند، لەوبڕوایەدایە ئیسرائیل هیچ پلان و توانایەکی ئەو تۆی نییە کە جەنگ لە دژی ئیران بەرپا بکات .

ئاماژەی بەوەشکرد، لێدوانەکانی سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل دەچێتە چوارچێوەی جەنگی دەرونییەوە هیچ بەهایەکیان نییە .

واعیزی ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای ئێران لە ئامادەباشی تەواودایە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێک، روونیشیکردەوە تاران نایەوێت هێرش بکاتە سەر هیچ دەوڵەتێک بەڵام هیچ سڵ ناکاتەوە لە بەرگریکردن لە خۆی.