ژن شیعرە یان کراوەتە شیعر؟!

03/02/2021
فۆتۆ: 

(نامەیەکی کراوە، کە لەمێژە نووسیومە بۆ ژنە شاعیرەکان و نەمدەوێرا بڵاوی بکەمەوە، ئێستەش کە بڵاوی دەکەمەوە، بەو مەرجەی بە ئارامی لێم تێبگەن..)

ڕێبوار سیوەیلی

١. لە بڵاوکراوەیەک، لە زانکۆی سۆرانەوە، کە یەکێکە لە زانکۆ ھەرەباشەکانی ھەرێم، ئەم پرسیارەم بۆ ھاتبوو: ژن شیعرە یان کراوەتە شیعر؟! دەزانم دەربڕینەکە میتافۆریانە و خوازەییە، وەلێ ھەندێ خوازە نەک ھەر ناتوانن مانا بۆ سەر وشەکان زیاد بکەن، بەڵکو بە لاڕێشماندا دەبەن و مانا دەکوژن. ژن شیعر نییە و نابێتە شیعر. جەوھەری ژن لە جەوھەری شیعر جیاوازە و تێکەڵکردنی ئەم دوانە و یەکسانکردنیان، کێشە دروستدەکات. جەوھەری ژن جەوھەرێکی مرۆیانەیە و جەوھەری شیعریش زمانیانە و ھونەریانە. ئەو کەسەی بیەوێت ژن یەکسان بە شیعر بکات، یان بانگەشەی شیعربوونی ژن بکات، ھەم لە ژن و ھەمیش لە شیعر نەگەیشتووە. دووبارەکردنەوەی ئەم بانگەیەشەش، ھەرچەندە لە بانگەشەیەکی ڕۆمانسیانە دەچێت، بەڵام ڕۆمانسییەت نییە. 

٢. دەکرێ بگوترێ: ژن، یان ژنێتی دیاردەیەکی شیعرییە، نەک خۆی شیعر بێت. خوڵقێنەری ئەم دیاردەیە پیاو و نێرینەیە نەک ئاشکراکردنی شیعرییەتی ژن لە خۆیدا لەلایەن پیاوەوە. ئەو ھەزاران شیعرەی کە تیایدا ژن ئایدیاڵیزە دەکرێت، بایی یەک نووکە دەرزی کێشەی ژن چارەسەر ناکات و لە پێگەکەشی ناگۆڕێت و ژن جوانتر و ناشیرینتر ناکات و لێشی تێناگات. بە ئاستەمیش دەتوانم بڵێم، ئەم بەدیاردەکردنی ژنە لەناو شیعردا،  لە بنەمادا پیدەچێت خواست و ویستی پیاوی شاعیر بێت، چونکە ئەمەش ناکۆک و دژوازە لەگەڵ مامەڵەی ئەم پیاوەدا لەسەر عەردی واقیع و لەگەڵ ژن. بۆیە ژن دیاردەیەکی شیعرییە کە پیاوویستە، نەک پیاو لە واقیعیشدا ھەر بەو جۆرە ژن قەبووڵ بکات.. گوزارەی ژن شیعرە، سەراپا درۆیەکی جوانی پیاوان و ئەگەر ژنانیش ئەوە لەسەر خۆیان دووبارە بکەنەوە، ھیچ ناڵێن لەوە زیاتر کە بڕوایان بەم درۆ گەورە ڕۆمانسییەی پیاوانی شاعیر کردووە و بەداخەوە دەیسەلمێنن، کە گێلن و ئایدیۆلۆژیای نێرینەیی لەسەر خۆیان بەرھەمدەھێننەوە. 

٣. لە شیعری کلاسکیی ئێمەدا ژن مرۆڤتر و واقیعیتر بوو وەک لە بوونی ژن لەناو شیعری ھاوچەرخماندا. لە شیعری کلاسیکدا ژن وەک مرۆڤ و یەکەیەکی سەربەخۆ ئامادەیی ھەبوو. کاتێک باسی جەستەیشی دەکرا، تەنیا ئەو بەشانە دەخرانە ڕوو، کە ڕەنگدانەوەی قەبارە و بوون و ناخی بوون، وەک: چاو و برۆ و زوڵف و باڵا و میھرەبانی و دایکایەتی و.. شیعری مۆدێرن سەراپای ئەم بەشانەی لە خۆی فڕێداونەتە دەرەوە و مەمک و سکێسواڵیتەی ژنی بەرجەستە کردووە. ڕەھەندە ئیرۆتیکییەکەی ژن لە شیعری مۆدێرنی ئێمەدا باریکردووە و لە جیاتی ئەوە ڕەھەندە پۆرنۆگرافییەکەی ژن زەقبۆتەوە. ھەندێک شاعیری زۆر دەگمەن نەبێ، لەم ڕەوتە نەچوونەتە دەرەوە. ئامادەکردنەوەی وێنەی ژن لە سیکسیواڵیتە و پۆرنۆدا، زەوق و ھەوەس دەبزوێنێت، نەک عەقڵ و جوانی. بۆیە ئەوەی لە شیعری ئێمەدا لەچوار چێوەی پیاھەڵدان و ئایدیاڵیزەکردنی ژندا دەگوترێت، ڕوانگەی ئێمەی لە (بینین)ی ژنەوە وەک مرۆڤ، گۆڕیوە بۆ (تەماشاکردن)ی جەستەی وەک ئیغراکەر و شتێکی ھەوەسبزوێن. شیعری ئێمە ژن نابینێت و تەنیا تەماشای دەکات. 

٤. تەماشا، جەوھەر ئاشکرا ناکات، بەڵکو شێوە بۆ چاو، ڕوانین و پڕکردنەوەی ئارەزوو دەکاتە دیاردەیەک. لە کاتێکدا بینین بەدەر لە تەماشاکردنیش، تێگەیشتن دەھێنێتە ئاراوە بەبێ بزواندن و خرۆشانی ھەوەس. ئەو شاعیرەی لە مەتەرێزی تەماشاوە بڕوانێتە ژن، ژن ھەر ئەوەیە بەچاو لێیدەڕوانێت. چاو ناتوانێت لە شێوەی ژن زیاتر ببینێت و ئەمەش بەندە بەوەی کوێی شێوەی ژن سەرنجڕاکێشە بۆ تەماشاکەر؟ ژن لەم تەماشاکردنەوە و بەپێی ئەوەی کوێی تەماشای کراوە، لەتوکوت دەکرێت و ئەو شوێنەی بەرجەستە دەکرێتەوە، کە ئارەزووبزوێنە. بۆیە دەتوانم بڵێم و ڕەنگە لەمەشدا بەھەڵەدا نەچم، کە لە شیعری ئێمەدا، ژن بە لەتوپەتی و پارچەپارچەیی دیارە، نەک لەسەرجەمییەتی خۆیدا. ھەر بۆیەشە ئیتر ئێمە ژنمان خۆشناوێت، ھێندەی ئەوەی حەزی لێدەکەین. 

٥. ھەروەکچۆن جیاوازیی زۆرە لە نێوان تەماشاکردن و بینیندا، کە بێگومان (نالی) ژنی دەبینی، نەک تەماشای دەکرد، ئاواش جیاوازیی زۆرە لە نێوان حەز لێکردن و خۆشویستندا. زۆربەی شاعیرە کوردەکانی ئێستا، بە تایبەتی لە باشوور، ژنەکانی خۆیان خۆشناوێن و حەزیان لە ھەموو ژنێکی ترە. ئەمە دیاردەیەکی نوێیە کە ڕەنگدانەوەی لە شیعریشدا دەبینرێتەوە. نالی ژنی وەک مرۆڤ خۆشدەویست و پارچەپارچەی نەدەکرد، وەفایی بە ھەمان شێوە، کلاسیکە گەورەکان ژنیان وەک مرۆڤ دەبینی و کە تەماشاشیان دەکرد، نەدەخرۆشان و ھەوەسیان نەدەبزوا، بەڵکو لە ئاستیدا سەرسام دەبوون.

٦. شیعری مۆدێرنی ئێمە لێوڕێژە لە ناوی ژن، تەنانەت شیعری ژنانیش کە باسی ژنبوونی خۆیان و ئەزموونی ژنانە دەکەن، زۆربەی جار لەڕوانگەی پیاوانەوە سەرنجمان بۆ ژنێتی ڕادەکێشن، بەڵام لەمجۆرە شیعرەدا، ژن وەک دیاردە تەماشای دەکرێت و ژن وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ، نابینرێت. ژن وەک دیاردە لە ئاستی زمانیشدا مەسرەف دەکرێت و سێکسواڵیتەکەی زەقدەکرێتەوە. ژن پارچەپارچە دەکرێت و ھەر پارچەیەی چاوی نیرینەی شاعیری بچێتە سەر، ئەوێ خۆش و چێژبەخش پیشاندەدرێت. شیعری ئێمە لە ئاست ژندا، (لایڤ)ێکی فەیسبووکیانەیە بەتامی پۆرنۆگرافی و لە چوارچێوەی زماندا و ھیچیتر. چاوی شاعیری ئێمە لە ئاست ژندا، میکانیکی بۆتەوە وبەپێی ئەوەش ژن لە دیاردەیەک بۆ بینینەوە کراوەتە دیاردەیەک بۆ نومایش و تەماشاکردن. ھەرچەندە دەمی شیعری ئێمە پڕە لە ژن و وەسفی ژن و شیعراندنی ژن، کەچی چاوی شیعری ئێمە ھیچ ژنێک نابینێت.. کاتێک لەم ڕوانگەیەوە دەڕوانیتە پێگەی ژن لە کۆمەڵگە و لە شیعری ئێمەدا، بوونەوەرێکی خەیاڵییت دێتەوە پێشچاو، کە لە ژیانی واقیعیدا، چ بە ھۆکاری دەرەکیی و چ بە ھۆکاریی ناوەکی، ژن خوێنی لەبەر دەڕوات و شیتاڵ شیتاڵ بووە، کەچی لە زمانی شیعریدا کراوەتە فریشتە. ئەم شیعرە، پڕە لە درۆی ڕۆمانسی و شۆڕشگێڕانە، پڕە لە ئایدیۆلۆژیای جوانکردن و بە شتکردنی ژن وەکئەوەی بوونەوەرێکی سەرووسرووشتی و سەروو مرۆیی بێت. 

٧. لەبنەمادا شیعری ئێمە ڕوانگەی بۆ مرۆڤ و بۆ ژن بەتایبەتی لەدەستداوە. ژن پێویستییەکی ژیاریی و مرۆڤانە نەماوە، ھێندەی ئەوەندەی پێویستییەکی غەریزیی و سەرجێیە. میکانیزمەکانی بازاڕ و جوانکارییش لەمەدا ھۆکار بوون، کە ھەمیشە ژنیان بەرەو بەشتبوون بردووە. ژن بەکار دەھێنرێت و ڕۆڵی نومایش و نواندنی پێدراوە، نەک بیرکردنەوە و نەگبیر. ئەو مامەڵە بە کۆتایەی لە سیاسەت و واقیعدا لەگەڵ ژن دەکرێت، لە شیعریشدا ھەمان شتە، بەڵام ڕێژەی شیعر بۆ ژن زۆر زیاترە. ئەمەش بەڕاددەیەک وا بزانین، ژن خۆی شیعرە، لە کاتێکدا ژن ناوەڕۆکێکی کاتیانەی شیعری پیاوانەیە و ھیچتر.. نووسین بە گشتی و شیعر لە ڕاوکردنی ژندا توانایی خۆیان پیشانداوە، کە ژنیان لەدەست دەرناچێت، بەڵام ئەوەی لە شیعردا باسیدەکرێت پارچە خرۆشێنەرەکانی جەستەی ژنن، نەک مرۆڤبوونی ژن. پێویستە شیعر خۆی لەم میراتە بێمانایە ڕزگار بکات. 

٨. من کارم بەسەر ئەوەوە نییە چەندە ژن لە شیعری ئێمەدا باسکراوە و چۆن پیاوانی شاعیر کە ھەڵگری گوتاری باون لەسەر ژندۆستی، چەندە ژنیان ئایدیاڵیزە کردووە و پشتگیرییان کردوون. گرنگ ئەوەیە لە شیعری ئێمەدا بە شیعری ژنان خۆشیانەوە، ژن بوونێکی سەربەخۆی نییە. شیعری ژنانی ئێمە یا پەرچەکردارییە لە ئاست بوونی نێرینەدا، یان جۆرێک لە شکاندنی تابۆ نێرینەکانە. لە ھەردوو باردا بەمجۆرە شیعرە دەگوترێت بوێر. زۆرن ئەو ژنە شاعیرانەی ئێمە کە بوێرانە دەنووسن، بەڵام ژنانە و شاعیرانە نانووسن. بوێری و نەترسان لە ئاستی زماندا، کە شیعری پێدەنووسرێت، شیعر ناکاتە شیعر و ئەو شاعیرانەش ناکاتە شاعیر. شیعری ژنانی ئێمە جیھانبینی مێینەی تێدا نییە. شیعرێک لەپەرچەکرداردا نووسرابێت و بەرپەرچدانەوەی پیاو بێت، شیعر نییە، ھەڵچوون و ھەڵوێست و ئازایەتی و بوێرییە، بەڵام شیعر نییە. شیعری ڕاستەقینە لە پێش تووڕەیی و لەسەرووی چەوساندنەوە و بوێریی ئایدیۆلۆژیی فیمینیستانەیە. شیعر جەوھەرێکی خودییانەی ھەیە نەک بابەتیانە. پەرچەکردار و ھەڵشاخان بەرەو ڕووی کولتووری پیاوان و نێرانەی گەمژەدا، ناتوانن شیعر بەرھەم بھێنن. ئەو کاتەی ژنێک دروستبوو خۆی بێت، شیعرێکی ژنانەش لەداییک دەبێت.. لەبەر ئەوەی ھەتا ئێستاش بەرفراوانترین گوتاری شیعری لە کوردستان بەدەست پیاوان و نێرینەوەیە، کە خۆیان ھۆکاری چەوساندنەوە و بێ پێگەیی ژنن، نەک ژنانی شاعیر، یان شیعری ژنانە. مەرجیش نییە ژن بین بۆ ئەوەی شیعری ژنانە بنووسین، بەڵام مەرجە مرۆڤانە بڕوانینە ژن تا شیعرییەتی ژن بەرجەستە بکەین. بۆیە لە سەرەتاوە نووسیم: ژن خۆی لە شیعری ئێمەدا، نە شاعیرە و نە شیعریشە، ئەو تەنیا دیاردەیەکی شیعرییە، کە دەکرێت لە شیعری ژنانە و پیاوانیشدا ئەم دیاردەیە ھەبێت. شیعری قوبادی جەللیزادە، وەک نموونە، شیعرێکی پیاوانەیە کە زۆرترین پانتایی بۆ ژنبوون و شیعرییەتی ژن، پاراستووە. 

٩. لە شیعری ئێمەدا ژن نییە، تێگەیشتنێکی پیاوانە لەسەر ژنێکی ئایدیاڵیزەکراو ھەیە، کە ھیچ پەیوەندیی بە ژنبوونی ژنەوە نییە و ناشتوانێت ژن بەرھەم بھێنێت. ژن پێویستە لەداییک ببێت، تەنانەت لە شیعریشدا.. ئەمە ئەو ڕووداوەیە کە پێویستە شیعری ژنانەی ئێمە بیخوڵقێنیت.. بەمجۆرەش ئێمە چاوەڕوانییەکی زۆرمان لە شیعری ژنانەی خۆمان ھەیە. ھەرشتێکیش چاوەڕوانیمان لێی ھەبوو، بزانە گرنگیی خۆی ھەیە بۆ شوناسی ئێمە. بەبێ لەدایکبوونی ژن لەناو شیعری ژن خۆیدا، نەک ھەر بەشێک لە شوناسی شیعری ئێمە دروستنابێت، بگرە بەشێکیش لە شوناسی بوونی ئێمە بە نادیاری دەمێنێتەوە. ئەدەبیی ئێمە ھەتا ئێستاش ئەدەبێکی تاکڕەھەندە، یەکچاوە، یەکڕەگەزە، تەماشاکەرە، نابینیت.. ئەوەی لە ئەدەبیی ئێمەدا نیگا و تەماشا دەکات، قارەمانێکی نێرینەیە. ئەویش وێنەکە لە سەرجەمییەتی خۆیدای نابینێت. وابزانم پێویست ناکات ھیچیتر بڵێم.