داوا لە کازمی دەکرێت هەوڵەکانی بۆ ئازادکردنی زیندانیانی دهۆک و بادینان بخاتەگەڕ

03/02/2021
فۆتۆ: 
بەغدا

هاوپەیمانی هیوای کوردستانی لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە کازمی کرا هەوڵەکانی بۆ ئازادکردنی زیندانیانی دهۆک و بادینان بخاتەگەڕ.

یوسف محەمەد ئەندامی هاوپەیمانی هیوای کوردستانی رایگەیاند، "ئەمڕۆ چوارشەممە 3/ 2/ 2021، هاوپەیمانی هیوای کوردستانی لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبۆوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو کۆبونەوەیەدا چەندین تەوەری هەستیار و گرنگی تایبەت بە عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی گفتوگۆ کران.

وتیشی،  پرسی گۆڕینی پەیوەندیی نێوان هەرێم و حکومەتی ئیتیحادی بۆ پەیوەندیی هاوکاری و تەواوکاری، دیدی هاوبەشی هەردوولا بوو، هەروەک پشکی هەرێمی کوردستان لە موازەنەی فیدراڵیی و شایستە داراییەکانی جوتیاران و فەرمانگە فیدراڵییەکان و کێشەی فەرمانبەرانی بەنداوەکانی هەرێم و زیندانیانی سیاسی و شەهیدان و ئەو گرفتانەی تر کە لە مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە باسیان لەبارەوە کرا .

ئاشکراشیکرد، تەوەرێکی گرنگی کۆبونەوەکە تایبەت بووە بە دۆسێی ماف و ئازادییەکان لە کوردستان، دەشڵێت، "داوامانکرد کە سەرۆک وەزیرانی عێراق هەوڵەکانی بۆ ئازادکردنی زیندانیەکانی دهۆک و بادینان بخاتەگەڕ کە لە پێناوی ئازادیی رادەربرین چەندین مانگە خراونەتە زیندانەوە و ژیان و سەلامەتیان لە مەترسیدایە" .

یوسف محەمەد راشیگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە بایەخەوە کارکردنی هاوپەیمانیی هیوای کوردستانیی بەرزنرخاندووە و رایگەیاندووە، لەپێناوی دژایەتی کردنی گەندەڵی و داکۆکیکردن لە بەرژوەندیی هاوڵاتیان هەماهەنگ و پشتیوانی یەکتری دەبین .

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، مستەفا کازمی بەڵێنیداوە بە زویی کێشەی فەرمانگە فیدراڵییەکان و بەنداوەکان و شایستە داراییەکانیی جوتیاران چارەسەر بکات و بەدواداچون بۆ هەمو کێشە و گرفتەکانی تریش بکات .