مۆنالیزا لەبەر کۆڕۆنا ناو تابلۆکەی بەجێهێشت

04/02/2021
فۆتۆ: 

خەڵکی تووشی سەرسوڕمان دەکات

هونەرمەند (تۆڵاتی) کە هونەرمەندێکی تایبەتمەندە لە بواری هونەری سەرشەقامدا، لە نوێترین کاریدا سەرجەمی کەشی تابلۆی (لا ژاکۆند)ی وەکو خۆی کێشاوەتەوە، بەبێ بوونی فیگەری سەرەکی ناو تابلۆکە، کە ئافرەتێکە بە ناوی (مۆنالیزا) کە تابلۆکەش زیاتر هەر بەو ناوە بەناوبانگە .

(لا ژاکۆند) کە ناوی ڕاستەقینەی تابلۆکەیە، یەکێکە لە تابلۆ بەناوبانگەکانی جیهان کە زۆرترین قسەوباسی لەبارەوە کراوە و چەندەها خوێندنەوەی جیاوازی بۆ کراوە و لەلایەن (لیۆناردۆ داڤنشی)یەوە کێشراوە. تەنانەت هونەرمەندانی پاش خۆیەوە بە جۆری دیکە و شێوەی دیکە کێشراوەتەوە .

نمایشکردنی ئەم کارەی (تۆڵاتی) لەسەر پایەیەکی شەقامی ریڤۆلی بەرامبەر بە مۆزەخانەی (لۆڤەر)ی شاری پاریس بووە، کە بینەرانی تووشی سەسوڕمان کردووە، چونکە کەم کەس هەیە لەگەڵ بینینی ئەو کارەدا نەزانێت ئەمە باکگراوندی تابلۆ ناودارەکەی داڤنشییە، بەڵام بەبێ ئامادەیی تاقانە کاراکتەری ناو تابلۆکە مۆنالیزا !

ئەو هونەرمەندە پەیامێکی بۆ بینەران لەسەر پارچە کاغەزێک جێهێشتووە کە تێیدا بۆی نووسیوون: (ئاگادارم بکەنەوە کە هەموو شتێک کۆتایی هات). هونەرمەند لێرەدا دەیەوێت بڵێت: مۆنالیزا ڕۆیشووە و لەبەر کۆڕۆنا ناو تابلۆکەی چوڵ کردووە، چاوەڕوانە دۆخەکان ئاسایی ببنەوە و ئەوکاتە بڕیار بدات بە گەڕانەوە بۆ شوێنی چەندین ساڵەی خۆی، ئەمەش هەڵوێستێکی ئەو هونەرمەندە نیشان دەدات، لە هەمبەر داخستنی مۆزەخانەکان لە جیهاندا، بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە .

شایەنی باسە هونەرمەندی ئەم کارە (تۆڵاتی) کەسێکی نادیارە، بەڵام بە کارەکانی لەسەر شەقامەکان ناوێکی دیارە، بە تایبەت بەو کارەی کە پێکهاتبوو لە کۆمەڵێک ماسک و بە دیوارەکاندا هەڵیواسیبوون .

بۆ زیاتر ڕوونبوونەوەی ئەم کارە بڕواننە ئەم وێنانە: