هونەرمەندێکی فەڕەنسی بیرۆکەی کارێکی هونەرمەندێکی کورد دووبارە دەکاتەوە

06/02/2021
فۆتۆ: 

داستان

دونیا لە ئامێرەکانی دەستماندا

لە دونیادا لێکچوونەکان زۆرن، ئەوەش شتێکی تاکو ڕادەیەک ئاساییە، بەتایبەت لە سەردەمی جیهانگەراییدا کە بە هۆی تەکنۆلۆژیاوە وەک دەگوترێت: "جیهان بووە بە گوندێکی بچووک." لەوەش بترازێت تۆڕە کۆمەڵایەتییە هەمەجۆرەکان هێندەی دیکە سنور و جوگرافیا جیاوازەکانیان بڕیوە و مەوداکانیان بە ئەندازەیەکی سەرسوڕهێنەر کەمکردۆتەوە. مرۆڤایەتی هەموو پێکەوە لە گوندێک بچوکتریشدان! بەو مانایەی لە ئامێرەکانی دەستیاندان، لەسەر شاشەکان یەکتر دەبینین و دەنگمان بە ئاسانی بە یەکتر دەگات و بەهۆی دووگمە و بەرکەوتنەکانەوە ئەوەی دەمانەوێت دەیکەین و دەیڵێین، هەموو ئەمەش بە هۆی خزمەتگوزارییەکی کاریگەری تەکنۆلۆژیاوەیە لە یەک ساتدا لە هەر کوێی جیهاندا بین بەیەکترمانەوە دەبەستێت، چیتر مرۆڤ لە ماڵەکەی خۆیەوە لە شوێنکار و ناو پاس و تاکسی و بەدەم ڕێگاکانەوە ئەوەی دەیەوێت دەکرێت پەخشی بکات، لەگەڵ ئەوانتردا تاگی بکات، شەیری بکات،  تەنانەت  لە ڕێگەی ڤیدیۆ و دەنگەوە ڕاستەوخۆ بوار هەیە بۆ بەشداریی و بۆچوون گۆڕینەوە .

بیرۆکە هونەرییەکانمان تایبەتن بە خۆمان؟

بەیەکداچوونی جیهان بە ئەندازەیەکی زۆر سەمەرەیە و خەریکە لۆژیک تێدەپەڕێنێت، پەیوەندییەکان بە وێنەی تەونی جاڵجاڵۆکە نیشاندەری سەردەمێکی ئاڵۆزن، کە وایکردووە شوناسەکان کاڵ ببنەوە، تایبەتمەندییەکان بزر ببن، تاکو دەگاتە ئەو سنورەی ئایدیا و پەیام و بیرۆکەکانیشمان لەو نێوەندەدا بە چەشنێک تێکەڵ دەبن، هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانەوەی مافی خاوەندارێتییان کارێکی دژوارە، مرۆڤیش لە وەها ڕۆژگارێکدا ڕووقایمانە خەریکی دەستبەسەراگرتنی هەر شتێکە کە سوود بە بەرژەوەندییەکانی دەگەێنێت و ڕووبەرەکانی قازانجی فراوانتر دەکەن، هەر ئەو بەیەکداچوون و تێکەڵاوبوونەش وایکردووە تیۆریسانی بوارەکانی ئەدەب و هونەر دەست بە هەوڵدان بکەن، بۆ تیۆریزەکردنی دیاردەی چی نوێیە؟ چی تایبەتە بەکێ؟ چی داهێنانی کێیە؟ چی ناسنامە و پەیامی کەسێکی دیارییکراوە؟ کە بێگوومان لە قۆناغێکدا کە مرۆڤایەتی بە زۆر شت گەیشتووە، بە زۆرینەی ئەوانەشەوە کە وەختێک لە شێوەی خەون و خەیاڵدا وێنای دەکردن، کارێکی نەکردەیە بتوانرێت هەندێک بابەت بگەڕێندرێنەوە بۆ دۆخی پێشوویان! بۆیە لە سادەترین باردا بە پشتبەستن بە ئایەتەکەی ناو تەورات کە دەڵێت: هیچ شتێکی نوێ لەسەر ئەم زەمینە بوونی نییە. دەتوانین بیانوویەکی ئامادە و ئاسان بهێنینەوە لە پای ئەو کاڵبوونەوە و بزربوونەدا .

هەر لە ئەنجامی دیاردەی بەیەکداچوونەکاندا چەندین تیۆری جیاجیا سەبارەت بە تێکەڵبوون و ئاوێزانبوون و سوودوەرگرتن و خواستن و کۆپی و ئیلهام وەرگرتن...هتد کراونەتە جێگەی باس و دەستە و پاڵپشتی جۆرێک و زیاتری ئەو تێڕوانینانە دەکەن، بەڵام هێشتان سەرباری ئەوانەی لە سەرەوە باسمان کردن، مەودایەک هەر ماوە بۆ جۆرێک لە پاراستن و دەستپێوەگرتنی بیرۆکە و پەیام و داهێنان و تایبەتمەندییە کەسییەکانمان و خەڵکانی بوارە جیاوازەکان لە هەوڵدان، بۆ بەدەستهێنانەوەی زیاتر و بەرهەمهێنانی زیاتر و لە ئاکامدا داهێنانی زیاتر. بە مەرجێک لە هەمبەردا مافەکانی خاوەن بیرۆکە یان کەسی داهێنەر پارێزراوبن، بە کورتی بڕواناکەم هیچ سەردەمێک هێندەی ئەم سەردەمە بابەتی پاراستنی ماف و دەستکەوتە ماددی و نابەرجەستەکان جێگەی مشتومڕ بووبن!

فەڕەنسییەک بیرۆکەی کارێکی هونەریی کوردێک دووبارە دەکاتەوە؟

هونەرمەندێکی فەڕەنسی بە ناوی (تۆڵات) لە شاری پاریسی فەڕەنسا، بیرۆکەی کۆنسێپچواڵێکی هونەرمەندێکی کورد بە ناوی (ئەحمەد نەبەز) دووبارە دەکاتەوە(مەبەست لە دووبارەکردنەوە ئەوە نییە کە هونەرمەندە فەڕەنسییەکە بە ئەنقەست یاخو بە ئاگاییەوە ئەو کارەی کردبێت.) بەڵام وەک دیارە لێکچوون و نزیکایەتی کارەکان لە ڕووی مانا و فۆرمی هونەرییەوە بە چەشنێکن ناتوانیت لە هەمبەرییدا بێدەنگ بیت.

هەرچی بیرۆکەی کارەکەی (ئەحمەد نەبەز)ی (کورد)یشە نزیک لە هەمان بیرۆکە بەمجۆرەیە(چەند تابلۆیەکی بەناوبانگی جیهانی وەرگرتووە و لە ئەنجامی دەستکارییکردنێکی دیجیتاڵی، کاراکتەری سەرەکی ناویانی لابردووە، لەوانە ئەو مرۆڤەی لە تابلۆی "هاوار"ی مۆنیشدا هەیە، هەروەها تابلۆیەکی کەسی "ڤانکۆغ"ی وێنەکێش، هاوکات هەمان تابلۆ  کە هونەرمەندە فەڕەنسییەکە کاری لەسەر کردووە، بە ناوی "لاژاکۆند" ) ئەم کارەی ئەحمەدیش وەک وێنەکە نیشانی دەدا لە بەرواری ٢٠٢٠/٥/١٤ لە فەیسبوکی تایبەتی خۆی بڵاوی کردوونەتەوە و لەگەڵیدا نووسیویەتی: "پێش کۆڕۆنا، دوای کۆڕۆنا" هەروەها نووسیویەتی: وێنەکانم لە گۆگڵ وەرگرتووە بە کەمێک دەستکارییەوە گونجاندوومە بۆ ئەم بارودۆخەی ئێستا...

لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا گوزارشتێک هەیە لە هەمبەر دووبارە ئەنجامدانەوەی کارێک یاخود بەشێک لە کارێک هەرنەبێت ئیلهام وەرگرتن لە کارێک، ئەویش بریتییە لە دەربڕینی (دزیکردن) کە لە بنەمادا ئەم تێڕوانییە هیچ زانستی نییە و ئەگەریش لە ڕۆژگارێکیشدا بەکارهێنرابێت ئەوە زۆر دوورە و ئێستا هیچ کام لە تیۆرەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ بەرهەمی ئەدەبی و هونەرییدا بەکارینابەن و پاڵپشتی بەکاربردنیشی ناکەن، چونکە دەربڕینەکە بێپەروا سادەیە و ناتوانێت هیچ ئارگۆمێنتێک جگە لە وشەی (دزیی) بەرهەمبێنێت، له کاتێکدا پڕۆسەی ساغکردنەوە و دەستنیشانکردنی خاوەنی ڕاستەقینەی هەر کارێک یاخود بەرهەمێکی داهێنەرانە پێویستی بە گەڕان و بەدواداچوونی تەواو هەیە و ڕێکاری تایبەتمەندی پێویستە و هەموو کەسێک لە تواناییدا نییە دەرەنجامی شیاوی لێبەردەست بخات.

بەڵام ئەوەی ئێمە لێرەدا مەبەستمانە باسی بکەین لە بنەمادا ناچێتە ڕیزی کارە نەکردەکانەوە، لەبەر دوو هۆکار:

١- کات و بەرواری هەریەک لە کارەکان بەدەستهاتوون لە سەرچاوەی باوەڕپێکراوەوە کە هیچیان بواری دەستکارییکردنیان تێدا نییە.

٢-مێژووی هیچ کام لە کارەکان ئەوەندە دوورنین تاکو دەستیشنکردنیان کارێکی زەحمەت بێت.

گەیشتین بە چی؟

لە ئەنجامدا ئێمە ناچینە هیچ کام لەو تێڕوانینانەی باسمان کردن لەهەمبەر پارێزراویی و مافی خاوەنی ڕاستەقینەی بەرهەمە هونەرییەکان، چونکە ڕۆڵی ئێمە لەم کارەدا کنەکردن و بەدواداچوو بوو بۆ بابەتێکی کێشەلەسەری بواری هونەر، ئەویش بابەتی (خاوەنی ڕاستەقینەی بیرۆکەکان)ە. بەڵکو ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، باوەڕپێکراوی سەرچاوە پشتپێبەستووەکانن بۆ خستنەڕووی هەردوو کارەکە هاوسات وردی لە چۆنێتی ڕوونکردنەوەی بابەتەکە بۆ خوێنەرانمان.

لەم لینکانەدا کارەکانی ئەحمەد نەبەز دەبینن کە هاودەم بەرواری بڵاوکردنەوەی کارەکانیش لە فەیسبووکی تایبەتی ئەو هونەرمەندە کوردەدا:




لەم لینکەی ماڵپەڕی (Today News)دا دەربارەی نمایشی کارەکەی هونەرمەندی فەرەنسی (تۆڵات) بابەتێک نووسراوە کە تێیدا ئاماژە بە بەرواری نمایشی کارەکەی ئەو هونەرمەند فەڕەنسییە کراوە: