لە هەولێر كەسوكاری دەستگیركراوانی بادینان دەستگیركران

07/02/2021
فۆتۆ: 

بڕیاربوو ئەمڕۆ كەسوكاری دەستگیرکراوانی بادینان لە بەردەم بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەولێر گردببنەوە بەڵام هێزە ئەمنیەكان ژمارەیەكیان دەستگیركردن.

ئەمرۆ یەكشەمە كەسوكاری دەستگیركراوانی بادینان لە بەردەم بارەگای رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان لە هەولێر گردبوونەوە بۆ داواكردنی دیاری كردنی چارەنوسی كەسوكارەكانیان، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە دەستگیر كران. 

پەیامنێری (تۆڕی هەواڵ ژیان) رایگەیاند: لەسەرەتای شەقامی 100 مەتری شاری هەولێر تا كۆتای شەقامەكە هێزی ئەمنی بڵاوی پێكرابوو و رێگایان بەكەس نەدەدا ئۆتۆمبێل لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەكگرتوەكان بوەستێنن بەتایبەتی رێگری لەمیدیاكاران كرا بچنە لای كەسوكاری دەستگیركراون.

ئەوەشی راگەیاند كەسوكاری دەستگیركراوانی بادینان كە بۆ داواكردنی دیاریكردنی چارەنوسی كەسوكارەكانیان روویان لە بارەگای رێكخراوەكە كردبوو دەستگیركران و بە ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنیەكان گواسترانەوە. 


پێشتر گوڵستان سەعید سەرۆكی فراكسۆنی گۆڕان و جێگری سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، لە بارەی كەیسی دەستگیركراوانی بادینان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، ئەوان زانیاریان هەیە ژمارەی دەستگیركراوانی بادینان  لەنێوان 50 بۆ 70 كەسدایە.

دوای دەستگیرکردنی ئەو ژمارە لە چالاکوان و رۆژنامەنووسەی بادینان بە ناوی ئەنجومەنی ئاسایش راگەیەندراوێک بڵاوکرایەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکردبوو، چەند گروپێکیان دەستگیرکردووە کە بە هاوکاری دەستی دەرەوەی هەرێم لە هەوڵدابوون لە ناو دهۆکدا "ئاژاوە بنێنەوە" و هێرشیش بکەنە سەر کونسوڵخانەی وڵاتێک لە هەولێر.