خامنەئی مەرجی وڵاتەکەی ئاشکرا کرد بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە

07/02/2021
فۆتۆ: 

عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێران جەختیکردەوە، مەرجی گەڕانەوەی تاران بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە، هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم سزا و گەمارۆکانی سەر وڵاتەکەی دەبێت، ئەو هەڵوێستەش گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە.

خامنەئی ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران بە هیچ شێوەیەک پاشەکشە ناکات لە کەمکردنەوەی پابەندبوونەکانی بە ڕێککەوتنامە ئەتۆمییەکەوە، ئەگەر نەزانێت بە تەواوی گەمارۆکای لەسەر لادەبرێت، ئەو هەڵوێستەش هەموو لێپرسراوان لەسەری کۆکن.

ڕابەری باڵای ئیران ڕاشیگەیاند "هەڵوێستی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا لەبەرامبەر ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی ئێران بەتاڵە و هیچ بنەمایەکیان نییە، ئێمە بە هیچ شێوەیەک گوێ لەو لێدوانە بەتاڵانەی ئەمریکا و ئەوروپا  ناگرین سەبارەت بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە".

لە بەشێکی تری وتەکانی ڕابەری باڵای ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەر سێ وڵاتی ئەوروپا، پێشیڵکاری سەرجەم پابەندبوونەکانیان کردووە لەڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەدا، بۆیە مافی ئەوەشیان نییە مەرجی خۆیان بەسەر ئێران بسەپێنن بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە.

ڕوونیشیکردەوە، هەر لەسەرەتای ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەدا، ئەمریکا و ئەوروپا بەشێک لە گەمارۆکانیان لەسەر ئێران سوککردووە، نەک هەمووی، دواتر دووبارە گەڕانەوە و سەرجەم سزا و گەمارۆکانیان بەسەر تاراندا سەپاندەوە و تەنانەت زیاتر و فراوانتریشیان کرد.

لە کۆتایی وتەکانیدا ڕابەری باڵای ئێران جەختیکردەوە، دەبێت تاران مەرجەکانی خۆی بسەپێنێت بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە، چونکە هەموو پابەندبوونەکانی جێبەجێ کردووە، بۆیە هەڵوەشاندنەوەی سزاکان نابێت لەسەر کاغەز یان بە دەرکردنی بەیاننامەیەک بێتز

ئەو وتانەی عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێران لەکاتێکدایە، لە ماوەی ڕابردوودا ئێران ڕایگەیاند، چیتر پابەندی بەندەکانی ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی نابێت سەبارەت بە سنوردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆ، بەو هۆیەشەوە ڕێژەی پیتاندنی بەرزکردەوە بۆ زیاتر لە ٢٠% لەچاو پێش ڕێککەوتنەکە.

ئەو هەنگاوەی تاران نیگەرانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپای لێ کەوتەوە و هەڕەشەی سەپاندنی گەمارۆ و سزای زیاتریان کرد بەسەر ئێراندا.