كەسوکاری دەستگیرکراوانی بادینان ئازادکران

07/02/2021
فۆتۆ: 

سەرچاوەیک لەناو کەسوکاری دەستگیرکراوانی بادیناندا بە تۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند کەمێک لەمەوبەر سەرجەمیان ئازادکران.

ئەیهان سەعید برای یەکێک لە دەستگیرکراوەکان ڕایگەیاند سوپاس بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرلەمانتارانی بەغدا و هەرێم و کونسوڵی ئەمریکا کە هاوکاریان بوون لە ئازادکرانی کەسوکاری دەستگیرکراوان.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی هەواڵی ژیان جگە لە منداڵ نزیکەی 80 کەس لە کەسوکاری دەستگیرکراوەکان لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیرکرابوون.

 ئەوە لەکاتێکدایە بەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەک لە کەسوکاری دەستگیرکراوەکان ویستیان لە هەولێر بچنە بەردەم پەرلەمان و خۆپیشاندان بکەن و داوای ئازادکردنی کوڕەکانیان بکەن،بەڵام رێگەیان پێ نەدرا و چونە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لەوێ لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکران.

دەستگیرکردنی کەسوکاری دەستگیرکراوانی بادینان کاردانەوەی زۆری لەلایەن هاوڵاتیان و کەسایەتیە و پەرلەمانتاران لێکەوتەوە و داوایانکرد بە زوترین کات ئازادبکرێن.

ماوەی شەش مانگە ژمارەیەک چالاکوانی و مامۆستا و رۆژنامەنوسی بادینان بەهۆی هەوڵدانیان بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزای دەربڕین لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکراون و ژمارەیەکیان هەتا ئێستا چارەنوسیان نادیارە  وکەسوکار و پارێزەرەکانیان نەیانتوانیوە بیانبینن.