بایدن مەرجی هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێرانی ئاشکراکرد

07/02/2021
فۆتۆ: 

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئیدارەکەی بە هیچ شێوەیەک سزاکانی سەر ئێران هەڵناگرێت، بەر لەوەی ئێران راگرتنی پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم ڕانەگرێت.

بایدن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "CBS " ئەمریکیدا ڕایگەیاند "پێویستە لەسەر ئێران بەر لە هەموو شتێک پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت".

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، ئیدارەی پێشووی سەرۆکی ئەمریکا کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکایەتی کردووە، لەو کاتەوەی لە ساڵی ٢٠١٧وە دەسەڵاتی وەرگرت بە تایبەت کشانەوەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا لە ساڵی ٢٠١٨دا، هەڵمەتێمی فشاری قورسی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، کە خۆی بینییەوە لە سزای ئابوری و قورس بەسەر ئەو وڵاتەدا.

پێشتر و بەر لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، جۆ بایدن ڕایگەیاندبوو، وڵاتەکەی دەگێڕێتەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا.

پێشتر ترەمپ ئێرانی تۆمەتبار کردبوو بەوەی هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات، کە ئەوەش پێشیلکارییەکی ڕەهای ڕێککەوتنی ئەتۆمیە کە لە ساڵی ٢٠١٥دا ئیمزای کردووە.

سەپاندنی گەمارۆ ئابورییەکان بەسەر ئێراندا لەلایەن ئەمریکاوە، لەلایەن هەریەکە لە ڕوسیا و چین و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیاوە ڕەخنەی لێگیرا، لە بەرامبەریشدا ئێران هەنگاوی کرداری نا لەبەرامبەر کەمکردنەوەی پابەندبوونەکانی بەڕێککەوتنەکەوە، بەشێوەیەک ئاستی پیشتاندنی یۆرانیۆمی بەرزکردنەوە بۆ ٢٠%.

ئەو لێدوانانە نوێیانەی بایدن لەسەر بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئێران جەختیکردەوە، مەرجی گەڕانەوەی تاران بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە، هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم سزا و گەمارۆکانی سەر وڵاتەکەی دەبێت، ئەو هەڵوێستەش گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە .

خامنەئی ئاماژەی بەوەشکرد، ئێران بە هیچ شێوەیەک پاشەکشە ناکات لە کەمکردنەوەی پابەندبوونەکانی بە ڕێککەوتنامە ئەتۆمییەکەوە، ئەگەر نەزانێت بە تەواوی گەمارۆکای لەسەر لادەبرێت، ئەو هەڵوێستەش هەموو لێپرسراوان لەسەری کۆکن .

ڕابەری باڵای ئیران ڕاشیگەیاند "هەڵوێستی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا لەبەرامبەر ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی ئێران بەتاڵە و هیچ بنەمایەکیان نییە، ئێمە بە هیچ شێوەیەک گوێ لەو لێدوانە بەتاڵانەی ئەمریکا و ئەوروپا  ناگرین سەبارەت بە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە".