وەزارەتی دارایی: لەمەودوا موچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكان بە لێبڕینەوە دابەشدەكرێت

08/02/2021
فۆتۆ: 

وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند ئەو پارەیەی حكومەتی فیدڕاڵی بۆ فەرمانبەرانی بەنداوەكانی ناردووە تەنها 25%ی موچەی ئەو فەرمانبەرانەیە بۆیە لەمەودوا هەمان سیستەمی لێبڕینی موچە بۆ ئەوانیش جێبەجێ دەكرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەهۆی نەناردنی موچەی ئەو بەڕێوبەرایەتیە لایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە، بە هەمان میكانیزمی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە موچەیان بەسەردا دابەشبكرێت.

وەزارەتی دارایی لەو روونكردنەوەیەدا دەڵێت: كۆی گشتی تەمویلی (پارەداركردنی) پێویست بۆ موچەی یەك مانگی  فەرمانبەرانی ڕەگەزنامەی هەرێمی كوردستان نزیكەی شەش ملیار و 250 ملیۆن دینار دەبێت، بەڵام حكومەتی ناوەند مانگانە نزیكەی ملیارێك و 862ملیۆن دیناری ناردووە.

وەزارەتەكە راشیگەیاندووە كە ئەو پارەیەی بەغدا ناردوویەتی بە چوار مانگ تەنها موچەی یەك مانگی ئەو فەرمانبەرانە دابین دەكات. 

دەقی روونكردنەوەكە: 

ڕوونكردنەوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە

سەبارەت بە  موچەی فەرمانبەرانی هەریەك لە  بەڕێوبەرایەتییەكانی بەنداوەكانی هەرێم و رەگەزنامەی هەرێمی كوردستان. بە پێوستمان زانی بۆ هەموو لایەك ڕوونبكەینەوە كە:

1- كۆی گشتی تەمویلی (پارەداركردنی) پێویست بۆ موچەی یەك مانگی  فەرمانبەرانی ڕەگەزنامەی هەرێمی كوردستان نزیكەی شەش ملیار و 250 ملیۆن دینار دەبێت.

2- لە كۆی ئەم بڕە پارەیە مانگانە حكومەتی ناوەند نزیكەی ملیارێك و 862ملیۆن دیناری بۆ (4700) موچەخۆری ڕەگەزنامەی هەرێم ناردووە.

3- ئەو پارەیەش نزیكەی 25%ی موچەی ئەو فەرمانبەرانە دەكات. واتە بە تەمویلی چوار مانگی بەغدا بۆ ئەم موچەخۆرانە تەنیا دەتوانرێت موچەی یەك مانگی پێ دابین بكرێت.

4- سەرەڕای ئەمەش هەریەك لە مانگەكانی10- 11-12 ساڵی ڕابردوو لەگەڵ مانگی یەكی 2021 هیچ بڕە پارەیەك لە لایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێم نەنێردراوە تاوەكو موچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكان و ڕەگەزنامەی هەرێم دابەش بكرێت. 

5- بەدەر لەوانەش مانگی ڕابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بێ لێبڕین، موچەمان بۆ بەڕێوبەرایەتی ڕەگەزنامەی هەرێم دابینكردووە.

6- لە ئێستادا بەهۆی نەناردنی موچەی ئەو بەڕێوبەراتیانە لایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامانجی دادپەروەری بۆ هەمووان بە هەمان میكانیزمی دابەشكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە، موچەیان بەسەردا دابەش بكرێت.