8ی شوبات.. یەکەم کودەتای خوێناوی بەعسییەکان لە عێراق

08/02/2021
فۆتۆ: 

هێشتا 5 ساڵ تێپەڕی نەکردبوو بەسەر کودەتاکەی ١٤ی تەموزی ساڵی ١٩٥٨دا، کە بووە هۆی کوشتنی ئەندامانی خێزانی شاهانە و سیستمی حوکمڕانی لە پادشایەتییەوە گۆڕی بۆ کۆماری، تا ڕۆژی ٨ی شوباتی ساڵی ١٩٦٣، کە بووە نیشانەیەکی جیاکەرەوە لە مێژووی سیاسی عێراق، بە لەسێدارەدانی عەبدولکەریم قاسم دیاترین کەسایەتی کودەتا بەسەر دەسەڵاتی پادشایەتی.

عەبدولکەریم قاسم لە ٢١تشرینی دووەمی ١٩١٤ لە گەرەکی (مەهدیە)ی کەرتی رەسافە لە بەغدا، لە باوک و دایکێکی عێراقی هەژار لەدایک بووە.

باوکی دارتاشێکی سادەبووە، بەڵام سەرباری ئەوە قاسم توانیویەتی قوتابخانەی دواناوەندی لە ساڵی ١٩٣١ لەبەغدا بەشی وێژەیی تەواو بکات، دواتر بۆ ماوەی ساڵێک بووەتە مامۆستا.

بەڵگەنامە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لە ساڵی ١٩٣١ وەزارەتی بەرگری عێرا ق دەرگای کۆلێژی سەربازی بۆ وەرگرتنی خوێندکار کردووەتەوە و قاسم یەکێک بوووە لەوانە، توانیویەتی لە ساڵی ١٩٣٤ بە سەرکەوتوویی بە پلەی ملازمی دوو تەواوی بکات، لە ماوەی چەند ساڵێکدا پلە سەربازییەکانی بڕیوە و توانیویەتی بگاتە پلەی عەمید روکن و چەندین پۆستی هەستاری سەربازیی لەناو سوپادا پێ سپێردراوە.

(حەسەن عوبەیدی) ئەفسەری خانەنشینی عێراقی دەڵێت، قاسم پۆستی فەرماندەی لیوای ١٩ی سوپای عێراق بووە، لە زۆر شەڕدا بەشداریکردووە لە فەلەستین و فوڕاتی ناوەڕاست لە دژی ئەو جوڵانەوە جەماوەرییانەی کە دژی دەسەڵاتی پادشایەتی بوون بەر لە ساڵی ١٩٥٨.

عوبەیدی بە ماڵپەڕی جەزیرەی ڕاگەیاندووە، قاسم فەرماندەیەکی سەربازیی لێهاتووی سەردەمی پادشایەتی بووە، پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ نوری سەعید سەرۆک وەزیرانی سەردەمی پادشایەتی هەبووە، بەڵام دواتر بە نهێنی ئەوپەیوەندیەی بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی یەکەم شانەی سەربازی دژی دەسەڵاتی پادشایەتی، وەک بوون بە ئەندامی جوڵانەوەی ئەفسەرانی ئازادیخواز.

لە ساڵی ١٩٥٤ یەکەم شانەی جوڵانەوەی ئەفسەرانی ئازادیخواز دروستبوو، کە دواتر کۆتایی هێنا بەدەسەڵاتی پادشایەتی، لەوبارەیەوە (جەما مستەفا مەردان) لە کتێبەکەیدا (عەبدولکەریم قاسم سەرەتا و روخان) دەڵێت جوڵانەوەی ئەفسەرانی ئازادیخواز قاسمیان بە ئەندام قبوڵبووە، ئەویش بەهۆی ناوبانگە سەربازییەکەی و سەرکردایەتیکردنی لیوای پیادەی مەنسوریە، جوڵانەوەکەش قاسمی بەگرنگ زانیووە بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی پادشایەتی، بۆیە دوای چوونە ڕیزەکانی ئەو بزوتنەوەیەوە لە ساڵی ١٩٥٧ بووە سەرۆکی جوڵانەوەکە.

مەردان ئاماژەی بەوەشکردووە، شۆڕشەکانی بەر لە ١٩٥٨ شکستیانخوارد، هەندێکیان لە خودی قاسم خۆیەوە بووە، چونکە نەیتوانیوە پۆستی گرنگ دەستبەر بکات، بەڵام دوای کودەتاکەی ١٤ی تەموز قاسم بووە سەرۆک وەزیران.

ئەوەی زیاتر بووە هۆی بەرپابوونی کودەتاکەی قاسم ئەوە بووە، کەسایەتی قاسم کەسێکی سادە بووە لە کۆمەڵگەیەکی سادەشەوە هاتووە، ئەوە جگە لەوەی بە تەواوی ئاگاداری سیاسەتی دەرەوە و ناوەوەی وڵات نەبووە.

هۆکارێکی دیکەی کودەتاکەی قاسم، خۆی دەبینییەوە لە فراوانبوونی شەپۆلی نەتەوەیی رەوتی ناسری کە قاسم دژی بووە، هەروەها خۆبەدوورگرتنی قاسم لە هاوپەیمانی بەغدا لەگەڵ خۆرئاوا، کە ئەوەش بووە هۆی پەلەکردنی زیاتر لە کودەتاکردن بەسەریدا.

ئیبراهیم عەلاف پسپۆڕی مێژووی هاوچەرخ پێیوایە هۆکارە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان بوونە هۆی بەرپابوونی کودەتای ٨ی شوباتی ١٩٥٨، چونکە قاسم دوای دەستبەسەراگرتنی دەسەڵات و کۆتایی هێنان بە خێزانی شاهانە، بەهانەی دایە دەستی نەیارەکانی و ململانێکانی خوێناویەکانی نێوان حزبە سیاسیەکان و دنەدانی ناکۆکییەکانی نێوان نەتەوەیی و شیوعییەکانیش هۆکاربوون بۆ ڕوخان و کودەتا کردن بەسەریدا.

عەلاف ئاماژە بەوەش دەکات لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوەش دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن قاسمەوە، سیستمی حکومڕانییەکەی دووچاری پەراوێزبوونێکی عەرەبی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیش بۆوە، وڵاتی دووچاری کۆمەڵێک ناکۆکی کرد لەگەڵ چەند دەوڵەتێکی عەرەبی، بە تایبەت لەگەل میسر و کوەیت، کە داوای دەکرد کوەیت بخرێتە سەر عێراق، پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش پاشەکشەی کرد، کە ئەو کاتە نوێنەرایەتی خۆرئاوایان دەکرد.

لەسەر ئاستی ئابوریش ئەوەی ڕێگەی خۆشکرد بۆ کودەتاکە، پەکخستنی یاسای چاکسازی کشتوکاڵی بوو، کە دەرەبەگەکان هەژموونەکانی خۆیان بەکار دەهێنا، ئەوەش بووە هۆی ئاڵۆزی لە کەرتی کشتوکاڵی و پیشەسازی، چونکە لەو کاتەدا حزبی شیوعی دەستی بەسەر جومگە سەرەکییەکانی دەوڵەتدا گرتبوو، هەروەها سەرقاڵکبوونی کرێکار و جوتیارەکان بە خۆپیشاندانی گەورە و هاندانی جوتیاران بۆ کۆچکردن لە گوندەوە بۆ شار.

زۆرێک لە مێژوونووسان ئاماژە بەوە دەکەن، قاسم خاوەنی شارەزایی و پێشبینی سیاسی ئەوتۆ نەبووە و نەیزانیووە چۆن لە جەنگی ساردا مامەڵە بکات، بە تایبەت بەشێوەیەکی کتوپڕ عێراق دوای ساڵی ١٩٥٨ لە هاوپەیمانی خۆرئاواوە بووە نەیاری چووە ڕێزی هاوپەیمانەکانی یەکێتی سۆڤیەتەوە، ئەوەش بووە هۆی بەرپابوونی کێشەی زۆر، سەرباری ئەوەش لەناو پێکهاتەکانی حزبی شیوعیدا نەبووە، وەک پڕوپاگەندەی بۆ دەکرا.

ئیبراهیم عەلاف پسپۆڕی مێژووی هاوچەرخ  پێیوایە پێدراوی زۆر هەبوون بۆ هەژموونی خۆرئاوا لەسەر قاسم و پشتیوانیکردنی کودەتا بەسەریدا، بە تایبەت عێراق لەسەردەمی ئەودا کۆمەڵێک ڕێککەوتنی سیاسی و ئابوری لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت ئیمزا کردبوو، تەنانەت سوپاشی لە سەربازگەی خۆرهەڵاتەوە پڕچەک کرد.

ئاماژە بەوەشدەکات، ئیمزاکردنی قاسم لە سەر یاسای ژمارە (٨٠)ی ساڵی ١٩٦١ و بێبەشکردنی کۆمپانیا نەوتییە خۆرئاواییەکان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیای توڕەکرد، تەنانەت هەندێک لەوانەی کە لەگەڵی ژیاون دەڵێن خودی قاسم پێیوایە بە ئیمزاکردنی ئەو یاسایە وەک ئیمزاکردنی بڕیاری لەسێدارەدانی خۆی وابووە.

لە بەرئەنجامی هەموو ئەو ڕووداو و پێشهاتانە پلانی کودەتا لەدژی قاسم ماوەی چەند ساڵێک بوو ئەگەرێکی بەهێز بوو، بەشێوەیەک تەنها لە ساڵی ١٩٦١دا شەش هەوڵی کودەتا دراوە بەسەریدا، بەڵام هەموو ئەو هەوڵانە سەرکەوتوو نەبوون، تا کودەتای ڕۆژی ٨ی شوباتی ١٩٦٣، کاتێک حزبی بەعس پلانێکی تۆکمەی بۆ لەناوبردنی دانا.

باس لەوەشدەکرێت ئەوەی شیوعییەکان لە موسڵ و کەرکوک پێی هەستان هۆکار بوون بۆ کودەتاکردن بەسەریدا، خۆرئاواش هەواڵی کودەتاکەی بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە وەرگرت.

چاودێرانی مێژووی سیاسی عێراق باس لەوە دەکەن، هیچ کەسایەتییەکی مەرکەزی سەرکردایەتی کودەتاکەی نەکرد، بەڵکو کەسایەتییە سەربازی و مەدەنییەکانی ناو حزبی بەعس بەشداربوون لە روخاندنیدا، دواتر توانیان خۆیان لە عەبدولسەلام عارف نزیک بکەنەوە، ئەویش بەهۆی شارەزایی و لێهاتوویی لەڕووی سەربازی و هەڵوێستەکانیشی لە دژی قاسم کە لایبرد و دادگاییشی کرد، بێ ئەوەی عارف بەشدار بووبێت لە کودەتاکەدا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ.

سەرباری ئەوەی قاسم بەر لە سێدارەدانی داوایکردبوو بینێرنە دەرەوەی وڵات، بەڵام ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی بەعسییەکان بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرکرد، ئەوەبوو لە ڕۆژی ٩ی شوباتی ساڵی ١٩٥٨دا لەگەڵ فازڵ عەباس مەهداوی سەرۆکی دادگای سەربازی لە ژووری مۆسیقای باڵەخانەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن لە ناوەندی بەغدا لە سێدارە دران.