ئەمریکا ستراتیژی هێزەکانی لەسوریا گۆڕی

09/02/2021
فۆتۆ: 

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا چیتر بەرپرسیارێتی ئەوە نییە پارێزگاری بکات لە سامانی نەوتی ئەو وڵاتە، بەڵکو ئەرکی سەرەکی لەناوبردنی ڕێکخراوی داعشە.

ئەو لێدوانە نوێییەی پنتاگۆن بە نوێترین هەمواری ویلایەتە یەکگرتووەکان دادەنرێت بۆ ئامانجەکانی لەناوخۆیی سوریا، کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ بۆ هێزەکانی ئەمریکای دیاریکردبوو.

جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، کارمەندانی وەزارەتی بەرگری و بەڵێندەرەکانی دەسەڵاتی ئەوەیان نییە دەستی هاوکاری درێژ بکەن بۆ کۆمپانیایەکی تایبەت، کە دەیەوێت سەرچاوە نەوتییەکانی سوریا بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت.

ئەو لێدوانەی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا بووە، سەبارەت بە ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا کە لەناوچەکانی باکوری ئەو وڵاتە بڵاوکراونەتەوە و لە ئێستادا ژمارەیان نزیکەی ٩٠٠ سەرباز دەبێت.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لەوبارەیەوە وتی "پشیتوانی لەناوبردنی داعش و بەرپەرچدانەوەی لەناوخۆیی سوریا، هۆکاری مانەوە و بوونی هێزەکانی ئەمریکایە لەناوخۆیی ئەو وڵاتە".