بەکارهێنەرانی جگەرەی ڤەیپ کۆرۆنا زیاتر بڵاودەکەنەوە

09/02/2021
فۆتۆ: 

بەگوێرەی تویژینەوەیەک ئەو کەسانەی کە جگەرەی ئەلکترۆنی لە جۆری "ڤەیپ" بەکار دەهێنن و تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، بەڕێژەی لە ١٧% توانای بڵاوکردنەوەی ڤایرۆسەکەیان زیاترە لە تووشبووانی ئاسایی.

پسپۆڕانی تەندروستی دەڵێن ڤەیپ دەتوانرێت بە هەزاران ڤایرۆس بە ئاراستەی کەسانی بەرامبەر لە دەوروبەری جگەڕەکێشەکە بڵاوبکاتەوە.

ئاماژە بەوەش دەکەن بەهۆی ئەو جۆرە لە جگەرەیەوە تووشبوانی کۆرۆنا دەتوانن بۆ دوور دوو مەتر لە خۆیانەوە ڤایرۆسکە بۆ کەسانی بەرامبەر بگوازنەوە.

بەو هۆیەشەوە دەزگای تەندروستی بەریتانیا داوای لەو کەسانە کردووە کە جگەرەی ڤەیپ بەکار دەهێنن، لەکاتی ڕاوەستانیان لە ڕیزەکانی چاوەڕوانیدا لە وێستگەکانی پاس و شوێنە قەرەباڵغەکان بەکاری نەهێنن.

توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، دەسەڵاتدارانی تەندروستی لەهەریەکە لە مەکسیک و ئیتالیا و نیوزلەندا داوایان لە خەڵک کردووە دەستبەرداری بەکارهێنانی جگەرەی ئەلکترۆنی ڤەیپ بن، بە تایبەت لەناو ماڵەکانیاندا، چونکە مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرناوە لە تووشبووانەوە زیاتر و فراوانتر دەکات.

هەرچەندە توێژینەوەکە ئاماژەی نەکردووە بە بەراوردکردنی جگەرەی ئاسایی و ئەلکترۆنی، بەڵام زۆربەی ئەنجامەکان ئاماژە بەوە دەکەن ئەو ئەنجامەی لە جگەرەی ئەلکترۆنییەوە دەستیان کەوتووە، بەسەر هەردوو شێوازەکەدا جێبەجێ دەبێت، چونکە هەردووکیان بە هەناسەی تووشبوو بڵاودەبێتەوە بە دەورووبەردا.