حکومەتی هەرێم وەڵامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی دایەوە

10/02/2021
فۆتۆ: 
هەولێر

حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی پرسیارە ئاراستەکراوەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی دایەوە و دەڵێت، هەرێم ئامادەیە داهاتی تەواوی نەوتی هەناردەکراوی خۆی رادەستبکات، بەو مەرجەی حکومەتی فیدراڵی پابەندی تەواوی ئەرک و پابەندییە نەوتییەکانی بێت.

دەقی وەڵامەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسیارە ئاراستەکراوەکانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق:

*
سەبارەت بە پێداچوونەوە بە گرێبەستەکای نەوت، دەمانەوێت رایبگەیەنین حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی کردەیی دەستیکردووە بە پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکانی و چەندین کەناڵی بۆ سەرلەنوێ دانوستان لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکانی بواری نەوتدا کردوەتەوە، ئەمەش لەچوارچێوەی بەرنامەیەکی چاکسازیی لە دۆسیەی نەوتدا، بۆیە حکومەتی هەرێم رێگر نیە لەپێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەکان بەپێی حوکمە دەستورییەکان .

*حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە داهاتی تەواوی نەوتی هەناردەکراوی خۆی رادەستبکات، بەمەرجێک حکومەتی فیدڕاڵی پاندبێت بە هەموو پابەندییە نەوتییەکان لەنێویاندا خەرجی بەرهەمهێنان، گواستنەوە، ئەمبارکردن و ئەو قەرزانەی بەهۆی دۆسیەی نەوتەوە کەوتونەتە سەرشانی حکومەتی هەرێم .

*سەبارەت بە کاری دیوانی چاودێری دارایی فیدڕاڵ و وردبینی لە تۆمارەکاندا، حکومەتی هەرێم جەخت دەکات کە رێگر نییە لەوەی وردبینی لە هەموو تۆمارەکانیدا بکرێت، بەپێی ئەو میکانیزمەی کە لە حوکمەکانی ماددەی (٣٤) بڕگەی یەکەمدا هاتووە، بەندی (ب) لەیاسای کارگێڕی دارایی فیدڕاڵ ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠١٩