خلوسی ئاکار: ئامادەین هاوکاری سوپای عێراق بکەین

11/02/2021
فۆتۆ: 

خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، رێز لە سەروەری سیاسی و یەکێتی سیاسی عێراق دەگرن و ئامادەن هاوکاری سوپای عێراق بکەن بە زانیاری و پسپۆڕی، کە هەیانە لەسەرئاستی پەیمانی باکوری ئەتڵەسی.

وەزیری بەرگری تورکیا لە میانی وتەیەکدا کە لە کانی دەستپێکردنی مانۆڕی هاوبەشی نێوان سوپای تورکیا و ئازەربایجاندا لە ویلایەتی قارسی خۆرهەڵاتی تورکیا ڕایگەیاند، ئامادەن هاوکاریی سوپای عێراق بکەن بەو زانیاری و پسپۆڕییەی کە هەیانە لەسەر ئاستی پەیمانی باکوری ئەتلەسی (ناتۆ).

وەزیری بەرگری تورکیا وتی "پێویستە لە ئامادەباشیدا بین بۆ هەموو مەترسی و هەڕەشەیەک".

ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای تورکیا ئۆپراسیۆنی (چنگی هەڵۆی ٢ی)ی لە دژی پەکەکە لە باکوری عێراق (هەرێمی کوردستان) دەستپێکردووە، وەک خۆی دەڵێت بە ئامانجی تێکدانی حەشارگەکانیان و دڵنیایی لە ئاسایشی ناوچەکە.

وەزیری بەرگری تورکیا دانی بەوەشدانا، ئەوان بە هاوکاری  هاوپەیمان و دۆستەکانیان ئۆپراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبێت.

ڕوونیشیکردەوە، تورکیا هیچ چاوچنۆکییەکی نییە لە خاکی وڵاتانی هاوسێ، ئەو ئۆپراسیۆنانەش کە ئەنجامی دەدات، بە مەبەستی پاراستنی سنور و ئاسایشی گەلەکەی و بەرژەوەندییەکانیەتی.

لە کۆتایی وتەکانیدا وەزیری بەرگری تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، ئۆپراسیۆنەکانیان لەدژی گولەنییەکان و داعش و پەکەکە و یەپەگە بەردەوام دەبێت.