ئەمریکا: ناوی حوسییەکان لە لیستی تیرۆردا دەسڕینەوە

12/02/2021
فۆتۆ: 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەم نزیکانە بڕیاری ڕیزبەندیکردنی حوسییەکان وەک گروپێکی تیرۆریستی هەڵدەوەشێنێتەوە.

ئەنتۆنی بڵینکن وەزیری دەرەوەی ئەرمیکا لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاوکرایەوە ڕایگەیاند، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی خراپی مرۆیی لە یەمەن، ئیدارەی جۆ بایدن گوێبیستی ئەو هۆشداریانەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە فریاگوزارییەکان و ئەندامانی گۆنگرێس بووە، سەبارەت بە کاریگەریی ڕێگەدان بە حوسییەکانی یەمەن بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلی بنەڕەتی خۆراکی و سوتەمەنی بۆ ناوخۆیی ئەو وڵاتە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەشکرد، گەمارۆ سەپێنراوەکان بەسەر هەندێک لە سەرکردەکانی حوسییەکان ناسراو بە (ئەنساروالله) بە تایبەت عەبدولمەلیک حوسی و عەبدولخالق بەدرەدین حوسی و عەبدوڵا یەحیا حەکەم، بەردەوام دەبێت، چونکە هەنگاوی ئەوتۆیان ناوە بوونەتە هەرەشە لەسەر ئاسایش و ئارامی ناوخۆیی یەمەن.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا بڵیکن جەختیکردەوە، ئیدارەی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە چاودێرکردن و بەدواداچوونی چالاکی حوسییەکان و سەرکردەکانی لەنزیکەوە و سەپاندنی سزای زیاتر بەسەریاندا، بە تایبەت ئەوانەیان کە بەرپرسن لە هێرشی بەلەمە بۆمبڕێژکراوەکان لەدژی گەشتە دەریاوانییەکان  لە دەریای سور و هەرەشە و دەستدرێژییەکان لەڕێگەی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆسەر سعودیە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیکردەوە، ئیدارەی بایدن بەردەوام دەبێت لەسەر پشتیوانی و جێبەجێکردنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرە هەندێک لەسەر کردەی حوسییەکان، فشارەکانیشیان بەردەوام دەبێت لەپێناو ناچارکردنی ئەو گروپە بۆ ئەوەی هەڵسوکەتە قێزەونەکانیان بگۆڕن، کە بووەتە هۆی درێژەپێدانی شەرەکە، کە بووەتە هۆی زیانێکی گەورەی مادی و گیانی لەناوخۆیی ئەو وڵاتە.

لە کۆتایی وتەکانیدا بڵینکن سووربوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نیشاندا لە هاوکاریکردنی هاوپەیمانەکانی لە کەنداو بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، بە تایبەت ئەو مەترسیانەی کە لە یەمەنەوە وەک ئەو دەڵێت بە پشیتوانی ئیران حوسییەکان ئەنجامی دەدەن، بەڵێنی ئەوەشیدا بە هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنەکانی دیکە، ئەمریکا فشارەکانی زیاتر بکات، بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ناوخۆیی یەمەن.