دیالۆگە پچڕاوەکانی مۆدێرنیزم و ڕیالیزم

13/02/2021
فۆتۆ: 

دەروازەیەک بۆ کورتەمێژووی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی فۆتۆمۆنتاژ

کتێبی (کتێبی: دیالۆگە پچڕاوەکانی مۆدێرنیزم و ڕیالیزم) لە نووسینی (پێشڕەو محەمە)ە لەم مانگەدا ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند لە سلێمانیی چاپ و بڵاوی دەکاتەوە.

سەبارەت بە کتێبەکەی(پێشرەو محەمەد)ی نوسەر بۆ ژیان وتی: کتێبەکە هەڵوەستەکردنێکی تازەیە لەسەر پەیوەندیی نێوان سیاسەت و ئێستاتیکا بە هێنانەپێشەوەی وێنەی مۆنتاژکراوی فۆتۆگرافیی هاوشانیی مشتومڕە فەلسەفییەکانی سەدەی بیست، دەروازەیەک بۆ خوێندنەوەی فەلسەفە لەڕوانگەی گەشەی وێنەوە، یاخود دەکرێت بڵێین دەروازەیەک بۆ فەلسەفەی ڕادیکاڵی بینین (Radical Philosophy of Seeing). لەم کتێبەدا بە گەڕانەوە بۆ سیاقی ئەڵمانیی و خەباتی هونەرمەندان دژی فاشیزم و شەرح و لێکدانەوەی بیرمەندان بۆ ئەم هونەرە ڕادیکاڵە تازەیە. پرسی ئەوەی هێنایە پێشەوە ئایا خەبات دژی فاشیزم بە تەنها لە مەیدانی سیاسەتدا دەکرێت یاخود وەک بێرتۆلت برێشت بەشێوەیەکی بەناوبانگ باسی دەکات، دەبێت خەبات ببرێتە ناو هەموو بوارەکانەوە لە مەیدانی بینین و سەیرکردنەوە بۆ ئاگالێبوون و بەتەنگەوەهاتنی ئەو منداڵانەی هێشتا لەدایکنەبوون

هەر دەربارەی کتێبەکەی ئەو نوسەرە وتی: هونەری نوێی بینین: فۆتۆگرافیی و فۆتۆمۆنتاژ، ئەو مەیدانەیە خەباتمان دژی فاشیزم و هەر ئەگەرێکی سیستەمی سەرکوتکاری داهاتوو بەهێز دەکات. ئەگەر فاشیزم، وەک بنیامین، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ئەم تیۆرە تازەیە، باسی دەکات، بیەوێت بەرگی جوانیناسیی لەبەر سیاسەت بکات و بە مانایەکی دیکە کۆمەڵگا لەڕێگای سیاسەتەوە، لەسیاسەت بخات، ئەوا ئێمە دەبێت لەڕێگای ڕادیکاڵیزەکردن و بەسیاسییکردنەوەی جوانیناسییەوە وەڵامبدەینەوە و هونەرمەندانیش ڕۆڵێکی گرنگ لەو وەڵامەدا دەگێڕن .