خۆت فڕێ مەدە، ئەوانیتر دەتخۆن

13/02/2021
فۆتۆ: 

داستان بەرزان

(کەرەنتینە)

من ویستم تەنیا ئەو تایتڵەی سەرەوە بنووسم

پاشان ئەمەشم نووسی :

ئەو کەسانەی سارتەریان خوێندۆتەوە

ڕاستە دەستبەرداری هەموان دەبن

بەڵام باشتر لە هەر کەسێک بەهای خۆیان دەزانن.

کەرەنتینە چی فێر کردیت؟

کەس هێندەی خۆت برا و خوشکتە؟

کەس هێندەی خۆت ژن و منداڵتە؟

کەس هێندەی خۆت باوک و دایکتە؟

کەس هێندەی خۆت مام  و خاڵتە

کەس هێندەی خۆت هاوڕێ و هاوکار و هاوپیشە و هاومێز و هاوبیر و هاوڕا و هاوڵاتی و هاوسۆز و هاوناز و هاوڕاز و هاوشار و هاوگەڕەک و هاوکۆڵان و هاوسێ و هاوزێ و هاوژێ و هاوجێ و هاوتەمەن و هاوزەمەن و هاوکات و هاوجا و هاوبا و هاوبەفر و بارانتە؟

لەخۆت بپرسە کەرەنتینە چی فێرکردیت؟

هەروەکو جاران چاوچنۆک و چاوچنۆکتر؟

هەروەکو جاران چاوبرسی و چاوبرسیتر؟

هەروەکو جاران چاوبەرەوژێر و چاوبەرەوژێرتر؟

هەروەکو جاران چاوحیز و چاوحیزتر؟

وەرە مەڕۆ لەگەڵ تۆمە پێم بڵێ :

کەرەنتینە چی فێر کردیت؟

(ڕۆیشت)

(ئەوانیتر)

ئەو هەمووە لە بەردەست ئەوانیتردا زۆرە

ئەوانیتر لەوە تێناگەن کە تۆ دەتەوێت

وەک مرۆڤ ڕووت

وەک خودا بریندار

خۆتیان نیشان بدەی .

خەڵکی تۆ وەک پیزایەک دەبینن  

هاتوون بە ساس و مایۆنیزێکی گەوادەوە

پارچە پارچە بتخۆن .

تۆ وەک مرۆڤ پڕنهێنی

وەک خودا بەرچاو

دەتەوێت ئەوانیتر فێر بکەیت

کە دونیا خۆسیسکردن و

خۆزیزکردن و

خۆگیڤکردن نییە

ئەوانیتر وەکو کەمیار

حیزفرسەت و ترسنۆک

دەیانەوێت ئێسکت بشکێنن !

خودا بیزانیایە ئەوانیتر جێگەی متمانەن

لە پەنهانیدا تەنیا و غەمبار سەرینەدەنایەوە

خودا یەک مسقاڵ ئومێدی بە ئەوانیتر هەبووایە

پشتی لە مرۆڤ نەدەکرد و خۆی نەدەسپاردە سەراب .

تۆ باوەڕت بە خۆت هەبێت

چونکە تۆ دەتوانیت جیهانی کۆنی خۆت بگۆڕیت

ئەوانیتریش هەرکەس جیهانی خۆی دروست بکات

بەڵام لە بیرت بێت مەرج نییە هەمووان خەون بە جیهانەوە ببینن !

شتێک بۆ خۆت سازبکە

ئەوانیتری تێدا نەبێت

ڕێگە مەدە ئەوانیتر بەوجۆرە

لەسەرخۆ قوتت بدەن

لەسەرخۆ بتمژن

لەسەرخۆ هەڵقوڕێنن

لەسەرخۆ هەڵتلوشن .

لەبیرت بێت تۆ تەنیا خۆت بە دەستەوە ماوە

خۆت نوسخەی ئۆرژیناڵی خۆتی

خۆت فڕێمەدە

خۆت پشگوێ مەخە

خۆت بێ شوێن و کات

خۆت بێ نان و ئاو

خۆت بێ سێکس و ڕاو

خۆت بێ ئەدرەس و ناو مەکە

چونکە تەنیا خۆت سەروەتی خۆتی !

دەزانم ژیانی بە چێژ لەوەدایە بۆی بکەویت

لە کەوتنیش دەزانم

بەڵام هێشتا ئەوەم لە بیرە کە ئەوانیتر گورگن

من مەڕ نیم

لەگەڵ ئەوەشدا کە دڵنیام ڕۆژێک هەر دەخورێم

بەڵام لانی کەم جارێ زووە !

(شۆڕش)

تۆ سەیرێکی ئەو خەڵکە بکە

چۆن باوەشیان بە سەرشۆڕییدا کردووە

چۆن شانازی بە ڕیسواییەوە دەکەن

چۆن دڵیان بە دۆخەکە خۆشە و

شەقیان لە هەموو بەهایەک هەڵداوە و

جەستەیان وەکو کەلاک توڕدراو

بۆ بچوکترین قازانج

لەسەر تیڤی و

لە ناو مۆڵ و

سەر شەقام  

چەند بتوانن قونگ بادەدەن

بۆ تۆزێک پارەی گایراو !

تۆ سەیر بکە درەختەکان

لە تاو ئێمە

کە دەبینن بیرمان چووە

ڕۆژگارێک کە مرۆڤ بووین

شەرم دەکەن

خۆیان دەپێچنەوە و

تاکو ئاسمان سەرهەڵدەگرن؟ !

باڵدەکان چەند نائاشنا

پشت لە ئێمە

کە دەبینن بیرمان چووە

ڕۆژگارێک کە مرۆڤ بووین

چەند بتوانن دەفڕن و

لە هەوادا دەبن بە تۆز؟ !

تۆ بڕوانە ئاژەڵەکان

چەندە توڕە

لە ڕەفتارمان

کە دەبینن بیرمان چووە

ڕۆژگارێک کە مرۆڤ بووین

لێمان هەڵدێن

قەت حەزناکەن

ڕۆژێک دابێت بە ناچاریی

ببنەوە بە هاوڕێمان؟ !

تۆ بڕوانە ئێمەی مرۆڤ

چەند لێک دوورین

چەند ناتەبا

چۆن وەک مرۆڤ

کەوتووینەتە گیانی خۆمان

تۆ پێم بڵێ: ڕۆژگارێک دێت

ببینەوە بە ئاژەڵە دڵپاکەکەی جاری جاران؟

تۆ بڕوانە خودی خۆمان

چەند بێڕەحم

چەند بێدەربەست

خۆمان دەبڕین

خۆمان دەخۆین

تۆ پێم بڵێ: ڕۆژێک دادێت

هەر هیچ نەبێت

لەگەڵ خۆمان پێکبێیەوە؟

دەست بەخۆتەوە توند بگرە

کەس بە هانای کەوتنی ئێمەوە نایەت

کەس بە خوانی خەمی ئێمە ڕازی نابێت

دەنگێک لە دوورەوە پێم دەڵێت: شۆڕشێک دێت

هێندەی دیکە سوارمان دەبێت!