هادی عامری: زانیاری تەواومان هەیە تورکیا دەیەوێت هێرشبکاتە سەر شنگال

13/02/2021
هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح
فۆتۆ: ئەرشیڤ
شنگال

هادی عامری ڕایگەیاند، زانیاری تەواویان هەیە کە تورکیا دەیەوێت هێرشبکاتە سەر چیای شنگال، داواشی لە حکومەتی عێراق کرد، هەموو ڕێوشوێنێک بگرێتەربەر بۆ وەڵامدانەوەی داگیرکارییەکانی تورکیا.

سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، زانیاری هەواڵگری تەواویان هەیە کە سوپای تورکیا دەیەوێت هێرشبکاتە سەر چیای شنگال.

عامری داوای لە تورکیا کردووە، واز لە هەڵسوکەوتە دوژمنکارییەکانی بهێنێت کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات ناکەن، بەڵکو  کاریگەری گەورەی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوانیان دادەنێت.

سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەوان پێشبینیانکردووە حکومەتی تورکیا لە تەواوی خاکی عێراق بکشێتەوە و جا لە باشیک بێت یاخود سەر سنور، کە لەم دواییانەدا داگیریکردووە، هەروەها بەردەوام نەبێت لەسەر داگیرکاری.

عامری داوای لە حکومەتی عێراق کردووە، هەموو ڕێوشوێنێک بگرێتەربەر بۆ وەڵامدانەوەی  داگیرکاری تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق.

جەختیشیکردۆتەوە، هێزە چەکدارەکانی عێراق و حەشدی شەعبی و دەزگا ئەمنییەکان دەتوانن بە پشتیوانی خوا بەرگری لە خاکی پیرۆزی نیشتیمان بکەن.