شاندی هەرێم جارێکی دیکە بەرەو بەغدا بەڕێکەوت
کەمێک پێش ئێستا لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە شاندی دانوستانکاری هەرێم بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بودجەی 2021 گەڕایەوە بەغدا.
شاندەکە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت سەرۆکایەتی دەکات و بڕیارە گفتوگۆی یەکلا کەرە و چارەنوسساز لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق ئەنجامبدات.
بەپێی زانیارییەکان زۆرینەی بڕگە و ماددەکانی بودجەی عێراق لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانەوە داڕێژراونەتەوە تەنها ئەو بڕگە و ماددانە ماون کەتایبەتن بە پشکی هەرێم، بۆ ئەوەش لیژنەی دارایی پەرلەمان چاوەڕوانی دوا رێکەوتنی نێوان شاندی هەرێم و لایەنە سیاسیەکانە.
میدیا عێراقیەکان بڵاویانکردەوە ئەگەری زۆرە پەرلەمان لەم هەفتەیەدا پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بودجە بخاتە بەرنامەی کارەوە و دەنگی لەسەر بدرێت.
بەپێی ڕەشنوسی پرۆژە یاسای بودجە کە لەلایەن حکومەتەوە ئامادەکراوە و ڕەوانەی پەرلەمان کراوە پشکی هەرێم بە زیاتر لە 13 تریلۆن دینار دیاریکراوە و لەبەرامبەردا پێویستە هەرێم رۆژانە پارەی 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتە فیدراڵیەکان ڕادەستی بەغدا بکات.
شاندی هەرێم زیاتر لە 10 جار سەردانی بەغدایان کردو و لەگەڵ حکومەت و سەرجەم لایەنە سیاسیەکان و لیژنەی دارایی و پەرلەمانتاران کۆبونەوەیان کردوە و ئامادەیی خۆیان بۆ ڕادەستکردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەربڕیووە،بەڵام بەشێک لە لایەنە سیاسیە شیعەکان داوای ڕادەستکردنی کۆی دۆسیەی نەوتی هەرێمیان کردوە.
لەبەرامبەردا رۆژی 10 ی شوبات لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕادەستکردنی کۆی پرۆسەی نەوتی بەبەغدا رەتکردەوە و ڕایگەیاند ئەو بابەتە دەستوری نییە و ئامادە نین دەست لە هیچ مافێکی دەستوری خەڵکی هەرێم هەڵبگرن.
لەلایەکی دیکەوە حکومەتی هەرێم سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2021 ی هەرێمە و چاوەڕوانی دواین رێکەوتنی و پەسەندکردنی بودجەی عێراقە بۆ خەمڵاندنی داهات و خەرجییەکانی هەرێم و جێگیرکردنی لەناو بودجەکەدا.
|