لە شەڕی گارە کێ دۆڕا؟

15/02/2021
فۆتۆ: 

پەکەکە سەرکەوتنی لە گارە راگەیاند، تورکیا کۆتایی هێنا بە ئۆپراسیۆنە چوار رۆژییەکەی، ئۆپراسیۆنێک کە پێشکەوتووترین چەک و جبەخانەی جەنگی تێدا تاقیکرایەوە گەریلاش وەک هەمیشە بە کڵاشینکۆف و دۆشکە و ئاربیجی بەرپەرچی هێرشەکانی دایەوە.

چیای گارە
لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندایە و 40 کیلۆمەتر لە سنوری تورکیاوە دوورە دەکەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی شاری دهۆکەوە بەرزییەکەی 2151 مەترە لە ئاستی رووی دەریاوە.

چنگی هەڵۆ-2
ئەمە ناوی ئەو ئۆپراسیۆنە بوو کە بەرەبەیانی 10ی شوباتی 2021 سوپای تورکیا بۆ سەر چیای گارە دەستیپێکرد تورکیا لەڕێی 41 فڕۆکەی جەنگییەوە بە چڕی بۆردومانی پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کرد لە چیاکە بەڵام وەک بەرپرسانی سەربازیی تورکیا دەڵێن بەهۆی سەختی چیاکەوە لە هەندێک شوێنی گارەدا بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکان هیچ سودێکیان نەبوو بۆیە بیریان لەوە کردەوە لەرێی زەمینییەوە بچینە ئەو ناوچانەوە بۆ ئەو مەبەستەش سەربازەکانیان لەسەر چیای گارە دابەزاند.

تورکیا ڤیدیۆی دابەزاندنی سەربازەکانی لەڕێی هێلیکۆپتەرەوە بڵاوکردەوە لە ڤیدیۆکیشدا کە لە لایەن هەپەگەوە بڵاوکرایەوە دەردەکەوێت گەریلاکانی پەکەکە رێگە لە نیشتنەوەی چەند هێلیکۆپتەرێکی تورکیا دەگرن بۆ ئەوەی سەربازەکانیان دابگرن.

دوای چوار رۆژ لە پێکدادانی سەخت، رۆژی یەکشەممە تورکیا لە لایەن خۆیەوە کۆتایی هاتنی ئۆپراسیۆنی چیای گارەی راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد ئۆپراسیۆنەکە تا ئەوپەڕی تایبەت و هەستیار بووە خەلوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند بەهۆی فراوانی رووبەری ناوچەکە و نالەباری رەوشی کەشوهەوا، ئۆپراسیۆنێکی زۆر سەخت بووە بەڵام لە ئەنجامی ئەم ئۆپراسیۆنە توانیویانە بەشێکی بەرچاو لە هەڕەشەکانی پەکەکە بۆسەر هاوڵاتیانی مەدەنی و هێزە سەربازییەکانیان لەناوبەرن بەڵام لە بەرامبەردا ناوەندی پاراستنی گەل(نەپەگە) راگەیاند: سوپای دەوڵەتی تورکیا بەهۆی شکستهێنانی ناچاربووە بکشێتەوە چونکە دەیویست بەشێوەیەکی هەمیشەیی لە گارە بمێنێتەوە بەڵام گەریلا ڕێگای پێنەدا.

ئامارەکانی شەڕەکە
وەزیری بەرگری تورکیا ئاشکرایکرد لە ئەنجامی ئۆپراسیۆنەکە زیاتر لە 50 حەشارگە و کۆگای چەک و تەقەمەنی پەکەکەیان لەناوبردووە هاوکات 48 چەکداری پەکەکەیان کوشتووە و دوو چەکداری دیکەشیان دەستگیرکردووە بە وتەی خولوسی ئاکار لەو شەڕەدا تەنیا سێ سەربازی تورکیا کوژراون و سێ سەربازی دیکەش برینداربوون پەکەکە هەرچەندە تائێستا ئاماری کۆتایی شەڕەکەی بڵاونەکردووەتەوە بەڵام ئاماژەی بەوەکردووە تا سێیەم رۆژی ئۆپراسیۆنەکە زیاتر لە 30 سەربازی تورکیایان کوشتووە و  دەیان سەربازیش برینداربوون هەروەها پەکەکە تائێستا ژمارەی شەهید و بریندارەکانی بە فەرمی ئاشکرا نەکردووە.

چارەنووسی دیلەکانی تورکیا
هەر لە سەرەتای ئۆپراسیۆنەکەوە بەشێک لە میدیاکانی تورکیا ئاماژەیان بەوەکرد ئامانجی سەرەکی ئۆپراسیۆنەکە بۆ رزگارکردنی ئەو دیلانەی تورکیایە کە لە لای پەکەکەن و زیندانەکەشیان دەکەوێتە چیای گارەوە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنەکە وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، تەرمی 13 هاوڵاتی تورکیایان لە ئەشکەوتێکی چیای گارەدا دۆزیوەتەوە، کە بێ چەک بوون و گولەبارانکراون بەڵام پەکەکە تۆمەتەکانی تورکیای رەتکردەوە و ئاشکرایکرد هێرشەکەی تورکیا بەهیچ جۆرێک بۆ ڕزگارکردنی دیلەکان نەبووە بەڵکو ئامانج لەناوبردنیان بووە و بەهۆی هێرشی تورکیا خۆیەوە کوژراون پەکەکە دەشڵێت ساڵانێکی زۆرە ئەو ئەندامانانەی میت و پۆلیسی تورکیا لای گەریلا دیل بوون بە شێوەیەکی مرۆیی مامەڵەیان لەگەڵدا کردوون و وێڕای هێرش و بۆردوومانە چڕەکانی سوپای تورکیاش ئەوان لە شوێنی پارێزراودا دیلەکانیان ڕاگرتووە.

پارتی رۆڵی چی بوو لە ئۆپراسیۆنی گارە؟
لە سەرەتای هێرشەکاندا کۆما جڤاکێن کوردستان کەجەکە ئاشکرایکرد بەبێ هاوکاریی پارتی، دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت هێرش بکاتە سەر ھەرێمی گارە و بۆ یەکەمجارە کە تورکیا لە رێگەی زەویییەوە هێرش دەکاتە سەر گارە بەهۆی ئەوەی لەسەر سنوری باکوری کوردستانەوە دوورە هاوکات ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هەپەگە ئاشکرایکرد سوپای تورک هێزەکانی خۆی و هێلیکۆپتەرەکانی لە شڕناخی باکوری کوردستانەوە دەگوازنەوە بۆ  سەربازگەی باشیک و لەوێشەوە دەیانگوازنەوە بۆ باکرمانی ئاکرێ و لەوێیەوە هێرش دەکەنە سەر گارە.

بەڵام مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی رایگەیاند: پارتی پەیوەندی بە شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکەوە نییە و ڕێگەشی لە پەکەکە نەگرتووە كە شەڕ بكات یان نا کە شەڕیشیان پێ ناکرێت و هەر لە هەڵاتندان هیچ خەتای پارتی نییە.

پەکەکە پێیوایە ئۆپراسیۆنی چیای گارە کە هاوکاتە لەگەڵ یادی 22 ساڵەی  دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان درێژکراوەی هەمان هەڵمەتە بەڵام تورکیا تووشی سەرسوڕمان بوون کە دەبینن دوای 22 ساڵ لەو رووداوە بەرخۆدان بەردەوامە و لە هەرکاتێکی تر بەهێزترە.