ئەمریكا: ئەوانەی دەستیان لە هێرشەكەی هەولێردا هەیە پاڵپشتی سزادانیان دەکەین
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پەیوەندی بە سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە كرد و رایگەیاند پاڵپشتی لێكۆڵینەوە و سزادانی ئەنجامدەرانی هێرشە موشەكیەكە دەكات.
ئانتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی هێرشەكانی شەوی رابردووی هەولێر رایگەیاند زۆر تووڕەیە لە هێرشی مووشەكی سەر هەرێمی كوردستان.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ مەسرور بارزانی لە تویتەرەوە رایگەیاند كە پەیوەندیەكی تەلەفونی لەگەڵ بیلنكن ئەنجامداوە و داوای پاڵپشتیان كردووە بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەكە.
لەبەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی پەویوەندیە تەلەفونیەكەی لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاندووە "پاڵپشتیمان بۆ هەموو هەوڵێك دووپاتكردووەتەوە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە ئەنجامبدەین و ئەوانەی دەستیشیان لە هێرشەكەدا هەیە سزایان بدەین".
وەزیرە ئەمریكیەكە لەبارەی زیانەكانیان لە هێرشەكانی شەوی رابردوو رایگەیاندووە "ئاماژە هەیە بەڵێندەرێكی سڤیل لەو هێرشەدا كوژرابێت و چەند ئەندامێكی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و سەربازێكی ئەمریكی و چەند بەڵێندەرێكی ئەمریكی برینداربووبن".
شەوی رابردوو لە كاتژمێر 09:30 خولەك حەوت موشەك ئاراستەی هەولێر كران كە دوو لە موشەكەكان لە نزیك فڕۆكەخانەی هەولێر كەوتنەخوارەوە. دواتر وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رایگەیاند كە لەو هێرشەدا بەڵێندەرێك گیانی لەدەستداوە و پێنج بەڵێندەر و سەربازێكیش بریندار بوون.
هاوكات وەزارەتی تەندروستی برینداربوونی سێ كەسی راگەیاند باسی لەوەكرد كە دۆخی یەكێك لە بریندارەكان ناجێگیرە، پەرەی دژەتیرۆری كوردستانیش بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەند وێنەیەكی بڵاوكردەوە و تیایادا رایگەیاند، دەزگا ئەمنییەكان ئەو ئۆتۆمبێلەیان دۆزییەوە كە مووشەكەكانی ئاراستەی هەولێر كردبوو
|