ئیسرائیل: ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران هەژموونی خۆی لەدەستدەدات

16/02/2021
فۆتۆ: 

حکومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاند، پێدەچێت هەماهەنگی لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا نەکەن سەبارەت ستراتیژیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران و جەختیشیکردەوە لەسەر توندکردنەوەی سزاکان لەسەر تاران.

گلعاد ئاردان باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتۆن بە ڕادیۆی سوپای ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە، بە هیچ شێوەیەک ناتوانن بەشداری بکەن لە پرۆسەیەکی لەو شێوەیەدا، ئەگەر بێتوو ئیدارەی نوێی ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە لەگەڵ ئێراندا.

ئاردان ئاماژەی بەوەشکرد، لەو بڕوایەدان ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ هەمان ڕێکەوتنی پێشتر کە پاشەکشەی لێکرد، ئەوا بەشێوەیەکی کرداری هەموو هەژموونی خۆی لەدەستدەدات.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتۆن ڕوونیکردەوە، پێویستە سەرباری گەمارۆکانی ئێستا سزای دیکەش بەسەر تاراندا بسەپێنرێت و ئاگادارکردنەوەی سەربازیشی بدرێت، بە دڵنییاوە هەر ئەوەیە کە تاران لێی دەترسێت و ئەگەری هەیە ئێران بهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆی ڕاستەقینە لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا، کە دەکرێت لە کۆتاییدا بگەنە ڕێککەوتنێکی ئەوتۆ، ڕێگری لێ بکات لەوەی ببێتە خاوونی چەکی ئەتۆمی.

ئەو وتانەی باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمریکا لە کاتێکدایە، ئیدارەی نوێی ئەمریکا ڕایگەیاند، دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە ئەتۆمییەی کە لە ساڵی ٢٠١٥ لەگەڵ ئێراندا ئیمزا کراوە، ئەگەر هاتوو ئێرانیەکان پابەندی بەڵێنەکانیان بن.

لەسەردەمی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بڕیاریدا وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا بکشێتەوە و جارێکی تر سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا.