گیراوانی بادینان لە دادگا چیان وت؟

16/02/2021
فۆتۆ: 
هەولێر

پەرلەمانتاریكی بەشدار لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگای (۲)ی کەتنی شاری هەولێر بۆ دادگاییکردنی رۆژنامەنوس شێروان شێروانی و هاوڕێکانی، لێدوانی ئەو ڕۆژنامەنوسانە لەبەردەم دادوەر دەگێڕێتەوە و داواش لە خەڵکی هەرێم دەکات بەرامبەر ئەو نادادپەروەرییە بێدەنگ نەبن.

شایان عەسکەری ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە دادگا، شێروان شێروانی رووی کردە دەستەی دادوەری و وتی، "گەر ئێوە هەرەشەی خێزانیتان لێ بکرێ هەڵوێستتان چی دەبێت، بۆ قسەکەم بەهەند وەرناگرن " .

ئاماژەی بەوەشکرد کە گوهدار محەمەد وتویەتی، "من پەیامنێر بووم و لەگەڵ پێشمەرگە چوومە کۆبانێ دژی داعش، ئێستا چۆن تۆمەتبارم دەکەن بە تێکدانی وڵاتی خۆم ! ".

هەروەک شڤان بەڕوشکی رایگەیاندووە، "من پێشنوێژ و وتارخوێنم و دژی توندوتیژیم، ئێستا چۆن بە توندوتیژی تۆمەتبارم دەکەن ! ".

ئەیاز کەرەم تۆمەتبارێکی دیکەی بەشدار لە دادگاییەکەی ئەمڕۆ دادگای (۲)ی کەتنی هەولێر رایگەیاندووە، "گەر شکم لە خۆم بووایە هەژماری فەیسبوکم دەسڕیەوە " .

هەرچی هاریوان عیسا-شە رایگەیاندووە، "ئەم گروپ چاتە تەنها بۆ ئاڵوگۆری زانیاری رۆژنامەوانی بوو، ئێمە رۆژنامەنووسین " .

شایان عەسکەری ئەندامی پەرلەمانی کوردستان روویکردە هاوڵاتیان هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، هاوڵاتیانی کوردستان گەر لە هیچ گروپ چاتێکا نیت، بەرگری لەو دەستگیرکراوانە مەکە " .

دەشڵێت، "گەر هەرگیز باسی سیاسەتت نەکردووە و رەخنەت نەبووە لە کەمی و خراپی خزمەتگوزاری، بەرگری لەو دەستگیرکراوانە مەکە " .

ئاشکراشیکرد، ١١٨ زیندانی لە ژوورێکی ١٠ بە ٥ مەتر دەخەون لەسەر لاتەنیشت، بۆیان نیە بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ کەسوکاریان بکەن، کە بەیاسا ئەو مافەیان هەیە .

ئەوەشی خستەڕوو، یەکێکیان ٥ ساڵە نفوس و کارتی دەنگدانی دەستی بەسەرداگیراوە لە ئاسایش و دوو دەنگدانە مافی دەنگدانی لێ زەوتکراوە .

شایان عەسکەری راشیگەیاند، "ئازادی خۆت لە دەستی خۆتە، دوێنێ ئێمە بووین نادادپەروەریمان بەرامبەر کرا، ئەمڕۆ ئەوان بوون و بەیانی ئێوە دەبن ".

ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی٢ی٢٠٢١، دادگاییکردنی بەشێك لە گیراوانی بادینان لە دادگای (۲)ی کەتنی هەولێر بەڕێوەچوو و دادوەر هەریەکە لە شێروان شێروانی شڤان سەعید و گوهدار زێباری و هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەمی بە شەش ساڵ زیندانی حکومدا .