عەلی حەمە ساڵح چیرۆکی دادگایکردنی شێروان شێروانی دەگێڕێتەوە

16/02/2021
فۆتۆ: 
هەولێر

عەلی حەمە ساڵح چیرۆکی دادگایکردنی ڕۆژنامەنوس شێروان شێروانی دەگێڕێتەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

کاتژمێر نزیک دەبوەوە لە ٢:٣٠، گوتەی داواکاری گشتی و نوێنەری ئەنجومەنی ئاسایش و پارێزەرانی بەرگریکار و تۆمەتباران وەرگیرابوو.. چاوڕێبوین دەستەی دادوەری بگەڕێنەوە بۆ ڕاگەیاندنی حوکمی دادگا.

چەند خولەکێک لەگەڵ شێروان و ئەو چوار کەسەی دیکە قسەم کرد ..

من و شێروان چەندین جار یەکمان دیوە، هاتوەتە ماڵم و ڕۆشتومەتە ماڵی، ساڵی ٢٠١٨ کە لە زاخۆ پەلاماردرام شێروانم لەگەڵ بوو.. واتە دۆستایەتی و ناسراویمان هەبوو ...

شێروان لە قەفەزی تۆمەتبوو، زۆر لاوازبوو، باسی شوێنێ زیندانی بۆ دەکردم کە هۆڵێکی بچوکە جێگای ٣٠ کەسە و نزیکەی ١٠٠ کەسی تێدایە!! لە نێو باسی بێتاوانی خۆی لە پڕ وتی:  عەلی تەکلیفێکم لێت هەیە دەتوانی شتێکم بۆ بکەیت.. وتم: چی؟

وتی: عەلی گرنگ نیە چەند سزا دەدرێم، بەس تکات لێدەکەم ئەوەی لە دادگا بینیت وەک خۆی بیگەیەنە، باخەڵک وانەزانێ من تیرۆرستم یان سیخوڕی بۆلایەنێکی دەرەکی دەکەم. چیت دیوە لەم دادگا وەک خۆی بیگێڕەوە ..

وتم: بیخەمبە و هەمویم نوسیوە و دەیگەیەنم ..

ئەو بەڵێنەی دام، لێرە جێبەجێی دەکەم ..

وەک خۆی چیرۆکی دادگایی کردنەکە دەگێڕمەوە ..

شێروان تۆمەتبارکرا بەوەی داوای زانیاری دەکات لەسەر بەرپرسێکی  ئەمنی سمێل، شێروان ڕەتیکردەوە ئەو دەنگە دەنگی ئەو بێت!

ئەو دەنگە هی هەر کەس بێت ( شێروان لەبەردەم دادوەر وتی : هی من نیە) تەنیا پرسیاری ئەوەی کردبوو ئەو بەرپرسە کێیە و چیە... هیچ شتێکی تێدا نەبوو تاوانی بەرامبەر ئەنجام بدرێت و ڕۆژانە ڕۆژنامەنوس ئەو پرسیارانە دەکەن ..

یەکێک لەو تۆمەتانەی ئاراستەی شێروان کرا، وێنەی بارەگای دەزگای ئەمنی گرتوە و ئەمە کاری سیخوڕیە ...

شێروان وتی: من ڕۆژنامەنوسم و سەرنوسەری گۆڤاری باشوربوم، ئەو وێنانەی گرتومە وێنەی زیندانی نهێنین نەک دەزگای ئەمنی و پێش ساڵی ٢٠١٥ لە گۆڤاری باشور بڵاومکردەوە، بۆ ئێستا لەسەری دادگایی دەکرێم ؟

پلانی عەسکەریم ئاشکرانەکردوە، شاهید قسەی کردوە سجنە و کەسیش سکاڵای نەکرد لەسەرم ئەوکات ..

داواکاری گشتی، کە زۆر توندبوو لەسەر سزادانی شێروان و وتی: تۆ ئەندامی سەندیکای ڕۆژنانوسان نیت، چۆن کاری ڕۆژنامەوانی دەکەیت! پێیوابوو ئەمە تاوانە؟ چەندین جار پێداگیری لەسەر ئەمە کرد ..

شێروان وتی: ئەو گۆڤارەی من سەرنوسەری بوم مۆڵەتی هەبوە، هیچ مەرجێکی یاسایی نیە، کە ڕۆژنامەنوس ئەندامی سەندیکا بێت ..

 تۆمەتێکی دیکە ئاراستەی شێروان کرا، ئەوەبوو بەشداری خۆپیشاندانی دهۆک لە ٥ی ٢ی ٢٠٢٠  کردوە ئایا مۆڵەت ی هەبوو؟

شێروان وتی: بەشدار نەبوم .

تۆمەتێکی دیکە ئاراستەی شێروان کرا، دروستکردنی گروپ بوە؟

وتی: تەنیا گروپی چاتمان هەبوە و بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر گەندەڵی و خراپی خزمەتگوزاری، و بەنیازی نوسینی پەرتوکێک بوم لەسەر تیرۆری سیاسی لە ساڵی ١٩٩١ بۆ ٢٠٢٠، ئەمەش پێویستی بە کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگە هەبوە ..

شێروان ڕەتیکردەوە لە هیچ گروپێکی چەکداریدا بەشدار بوبێت، وتی: من دژی چەکم و دژی کوشتنم، نەک چەکم نەبوەو لە ماڵیشمدا هیچ جۆرە چەکو تەقەمەنیەک نەگیراوە، هەر نازانم چەکیش بەکاربێنم ..

هیچ بەڵگەیەک نەخرایەڕوو کە شێروان بەشێک بێت لە هیچ گروپێکی چەکداری یان هیچ چەک و تەقەمەنیەک لە ماڵیدا گیرابێت ..

شێروان، تۆمەتبارکرا ئەندام بوە لە ڕێکخراوێک بەناوی ١٧ی شوبات، ئەم ڕێکخراوەش مۆڵەتی نیە.

شێروان، وتی: لە بەلجیکا مۆڵەتمان هەیە، ڕێکخراوەکەی ئێمە سیاسی و چەکداری نیە و هەر کارێکم کردوە لە چوارچێوەی مافی مرۆڤ و کاری ڕۆژنامەوانی بوە .

شێروان، تۆمتبارکرا بەوەی وێنەی فڕۆکەیەکی لە دورەوە لە فڕۆکەخانەی هەولێر گرتوە لە کاتی هەستاندا، شێروان ڕەتیکردەوە و وتی: ئەو وێنە هی ٢٠١٢ لەگەڵ دوو ڕۆژنامەنووسی فەڕەنسی چومە سەری کانی و لەوێ وێنەگیراوە نەک هەولێر ..

لەبارەی پەیوەندی بە پەکەکەوە، شێروان وتی: هیچ پەیوەندیەکم بە پەکەکە نیە و خیلافیشم هەیە لەگەڵیان ..

تۆمەتبارکرا بەوەی، وێنەی هەندێک ئەفسەر لە میسنجەرەکەیدا هەبوە ...

شێروان، وتی: ئەو وێنانە من بۆ کەسم نەناردوە، بەڵکو ئەو کەسە بۆ منی ناردوە"سیخوڕ"ی بەسەرەوە کردوم، کەواتە: ئەو کەسە بۆ دەستگیر نەکراوە و تاوانی من چیە؟

یەکێکی دیکە لەو تۆمتانەی ئاراستەی شێروان کرابوو پەیوەندیە بەلایەنی دەرەکی و پێدانی زانیاریە دژ بە هەرێمی کوردستان ...

داواکاری گشتی وتی: مەبەستیان ئەوەبوە لە سومعەی هەرێم بدەن لە نێوەندە جیهانیەکان ..

شێروان، رەتیکردەوەو وتی: پەیوەندیم بە هیچ لایەنێکی دەرەکیەوە نیە لە شتەکانیان پێچەوانەی هەیە جارێک دەڵێن بە ئەمریکاوە و جارێک دەڵێن بە ئێران ..

بەڵێ پێشتر لەگەڵ نوێنەری سەندیکای پارێزەرانی پارێزەرانی ئەمریکا دانیشتوم، ئەویش دوای دەستگیکردنم ..

منیش چۆن گیروام پێم وتن...  وتیان: دەتوانین لەڕێگای گەورە پارێزەرانی جیهانی و دۆسیەکەشت دەنێرین بۆ بەشی ئازادی رادەربڕین لە نەتەوە یەکگرتوەکان ..

بەشداری خولی ڕۆژنامەوانیم کردوە نەک سیاسی ..

بەهیچ شێوەیەک مەبەستم لەکەدارکردنی ناوبانگی هەرێم نەبووە، ئەوە ئیشی من نیە، وەک ڕۆژنامەنوسێک زانیاریم بڵاوکردوەتەوە ..

تۆمەتێکی دیکە ئەوەبوو.. بۆچی لە فنلنداوە پارە بۆ خێزانی تەحویلکراوە .

شێروان وتی: من یەکەم جارە شتی وا ببستم .

تۆمەتێکی دیکە ئەوەبوە داوای زانیاری کردوە  لەسەر دادوەرێک ، شێروان رەتیکردەوە ..

شێروان وتی: دوو لاپتۆپ و موبایلێکم گیراوە، پاسۆردی یەکیانم لە ژێر ئەشکەنجەدا کردەوەو ئەوانی دیکە نازانم چۆن کراوەتەوە ..

دادوەر وتی دواقسەت چیە ..

وتی: من بۆ ئازادی ژیاوم باوەڕم بە توندوتیژی و کوشتن و سیخوڕی نیە... رەتی دەکەمەوە و باوەرم بە مرۆڤ کوشتن نیە، ئەگەر من بەشێکم لە گروپێکی چەکداری بۆچی یەکێک لەو چەکدارانە نەگیراوە، ئەمە گرتنەم  سیاسیە ..

من چی تێگەشتم ..

بە وردی گوێم دەگرت و هەمویم نوسی... بە ویژدانەوە دەیگوازمەوەو دەیڵێم.. چوار پەرلەمانتارو چەندین پارێزەر شاهیدن ..

هیچ بەڵگەیەکم نەبینی شێروان بەشێک بێت لە گروپی چەکداری، یان هانی کەسێک بدات بۆ کوشتنی کەسێکی دیکە یان پلانی کوشتن دابنێ یان جێبەجێی بکات، هیچ بەڵگەیەکی بەهێزیشم نەدی بیسەلمێنێت سیخوڕی بۆ وڵاتێک کردوە.. چەند جارێکیش وتی: بە خێزانم تەهدید کراوم و هاواری دەکرد کێ ئەمە قبوڵ دەکات ...

ئەگەر شێروان وێنەی زیندان یان دەزگای ئەمنی گرتووە و بڵاوی کردوەتەوە، دەبوو شەش ساڵ پێش ئێستا و لەسەر ئەوە دادگای بکرایە، نەک ئێستا کە گۆڤارەکەی لە ٢٠١٥ەوە داخراوە ..

تێبینی: دەنگێک بە کۆمپیوتەر لێدرا، شێروان وتی هی من نیە، دادوەر وتی: دواتر لە تاقیگە لەرەلەری ئەم دەنگە بەراورد دەکەین بزانین تۆیت.. داوەر پێش ئەوەی ئەمکارە بکات حوکمی شێروانیدا بەشەش ساڵ ...

هیواموایە دادگای تەمیز باشتر لەم دۆسیە بکۆڵێتەوە پێش حوکمی کۆتایی ...

گواستنەوەی ئەم ڕاستیانەم لە دادگایەکی کراوە بە ئەرکی سەرشانی خۆم زانی ...

عەلی حەمە ساڵح