کۆمیتەی پارێزگاری لە رۆژنامەنوسان: دادگاییکردنی شێروان شێروانی و هاوڕێکانی نادادپەروەرانە بوو

16/02/2021
فۆتۆ: 
هەولێر

کۆمیتەی پارێزگاری لە رۆژنامەنوسان لەسەر سزادانی گیراوانی بادینان هاتەدەنگ و رایگەیاند، بڕیاری دادگای هەولێر بۆ سزادانی شێروان شێروانی و هاوڕێکانی نادادپەروەرانە بووە.

کۆمیتەی پارێزگاری لە رۆژنامەنوسان (CPJ ) لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای کەتنی هەولێر بۆ سزادانی شێروان ئەمین شێروانی و گۆهدار زێباری نەتەنها نادادپەروانە بوو، بەڵکو سەلمێنەری ئەو راستییە بوو کە حکومەتی هەرێمی کوردستان رێز بۆ ئازادی رۆژنامەوانی دانانێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەزووترین کات شێروان شێروانی و هاوڕێکانی ئازاد بکەن و کۆتایی بە ئەشکەنجەدان و فشارخستنەسەر میدیاکاران و رۆژنامەنوسان بهێنن.

شایەنی باسە ئەمڕۆ سێشەممە ١٦ی٢ی٢٠٢١، دادگاییکردنی بەشێك لە گیراوانی بادینان لە دادگای کەتنی هەولێر بەڕێوەچوو و دادوەر هەریەکە لە شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گۆهدار زێباری، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەمی بە شەش ساڵ زیندانی حکومدا.