ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هەڵوێستی خۆی لەبارەی گیراوانی بادینان راگەیاند

17/02/2021
فۆتۆ: 

ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان، لەبارەی دادگاییكردنی دەستگیركراوەكانی بادینان روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا رایگەیاند، به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و شه‌فاف بەڕێوەچووە.

ئەنجومەنەكە راشیگەیاندووە، هەندێ دامودەزگای فەرمی و یاسایی ولایەنی سیاسی لێدوانی جیاجیایان لەسەر پرۆسەی دادگاییكردن و بڕیارەكە داوە كە ئەمەش بێگومان دەچێتە چوارچێوەی دەستێوەردان لە كاروباری دەسەڵاتی دادوەری. 

دوێنێ دادگاكە بڕیاری شەش ساڵ زیندانی بۆ پێنج رۆژنامەنووس و چالاكوانی شاری دهۆك دەركرد، دواتر لایەنە سیاسیەكان و پەرلەمانتارانی بەشداربووی دادگاییەكە و پاریچزەران ناڕەزاییان لە دژی بڕیارەكەی دادگا دەربڕی: 

دەقی روونكردنەوەی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان

دوێنێ رێكەوتی 16/2/2021 داوای ژمارە (47/ج 2 / 2021) كە تایبەت بوو بە بینینی كەیسی چەند تۆمەتبارێك، بە سەرۆكایەتی سەرۆكی یەدەگی دادگای تاوانی هەولێر/2 بەڕێوەچوو. بە پێی یاساش سەرۆكی یەدەگ لە كاتی نەبوونی سەرۆكی دادگا، شوێنی دەگرێتەوە چونكە سەرۆكی دادگا بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستیەوە ئێستا لە دەرەوەی هەرێم چارەسەری پزیشكی وەردەگرێت و ئەو كەیسە هەر لە دادگای تاوانی هەولێر / 2 بەڕێوە چووە و رەوانەی دادگایەكی دیكە نەكراوە.

هەروەها پرۆسەی دادگاییكردنەكەش بە شێوەیەكی ئاشكرا و شەفاف و بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە پەرلەمانتارانی بەڕیز و نوێنەری كۆنسولی وڵاتان و پارێزەرانی كەیسەكە و نوێنەری رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و رۆژنامەنووس و دەزگاكانی راگەیاندن بەڕێوەچووە و پرۆسەكەش لەسەر بنەماكانی دادگەری بووە.

بەڵام ئەوەی جێی سەیرە لە دوێنێوە هەندێ دامودەزگای فەرمی و یاسایی ولایەنی سیاسی لێدوانی جیاجیایان لەسەر پرۆسەی دادگاییكردن و بڕیارەكە داوە كە ئەمەش بێگومان دەچێتە چوارچێوەی دەستێوەردان لە كاروباری دەسەڵاتی دادوەری، چونكە دادگا نوێنەرایەتی دەسەڵاتی دادوەری دەكات و دەسەڵاتی دادوەریش بڕوای بە بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان هەیە و نەدەبوو ئەو لایەنە فەرمیانە پێشێلی بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان بكەن.

 هەروەها رێكاری یاساییش هەیە بۆ تانە لێدان لەو بڕیارە و بێگومان پارێزەرانی كەیسەكە تانە پیشكەش بە دادگای پێداچوونەوە دەكەن، ئیتر پێویست بەو هەموو لێدوان و دەستێوەردانە لە كاروباری دەسەڵاتی دادوەری نەدەكرد.

هیوادارین ئەو جۆرە لێدوانانە نەدرێن تاوەكو بڕیاری كۆتایی لەلایەن دادگای تایبەتمەند كە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستانە دەردەچێت و دادگای پێداچونەوەش بڕیاری یەكلاكەرەوەی خۆی لەسەر ئەم كەیسە دەدات بە پێی یاسا.

ب. راگەیاندنی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان

17/2/2021

بە وتەی سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان کە لە ماوەی رابردوو رایگەیاند زیاتر لە 70 چالاکوان و رۆژنامەنووس لە سنوری بادینان دەستگیرکراون. 

رۆژی 14ی ئەم مانگەش دادگا بڕیاریدا دۆسیەی هەریەکە لە بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی بگەڕێندرێتەوە بۆ لێکۆڵینەوە بە هۆی ئەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوەکانیان کەمی هەبووە. 

لە ئێستاشدا ژمارەیەکی دیکەی چالاکوانانی بادینان لە زینداندا ماونەتەوە و وادەی دادگاییکردنیان دیارینەکراوە.