پارەی خۆ کاندیدکردن بۆهەڵبژاردنەکان کەمکرایەوە

17/02/2021
فۆتۆ: 

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەمڕۆ چوارشەممە ئاشکرایکرد، ئەو بڕە پارەیەی لە کاندید وەردەگیرا وەک رەسم، کەمکراوەتەوە بۆ دوو ملیۆن دینار و پێدەچێت هەڵبژاردن لە دەرەوە هەڵوەشێنرێتەوە، ئەگەر نەتوانرێت بەڕێوە ببرێت.

جەلیل عەدنان خەلەف سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە دیدارێکدا لەگەل تیمی کۆمسیۆن و هاوپەیمانە سیاسییەکان ڕایگەیاند، ئەگەر کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان نەتوانێت ئالیەتێکی ئەمنی گونجاو بدۆزێتەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە دەرەوە، ئەوا ناچارە هەڵیوەشێنێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان کار لەسەر  کارئاسانیکردن دەکەن، بۆ تۆماری دەنگدەران بە پرۆسەی بایۆمەتری و بەشداری لە هەڵبژاردنەکانداد، هەروەها سەرقاڵی تێپەڕاندنی ئەو کێشانەن کە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا هاتوونەتە ئاراوە.

سەبارەت بە تۆمارکردنی هاوپەیمانە سیاسییەکان و کاتەکەی، خەلەف ئاماژەی بەوەکردووە، وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانە سیاسییەکان هێشتا ماوە و گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، جەختیشیکردەوە هەموو کارئاسانییەک دەکەن بۆ تۆمارکردنی هاوپەیمانێتییەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، وادەی تۆمارکردنی کەسیش هێشتا بەردەوامە و گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە.

لە کۆتایی وتەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، رەسمی تۆمارکردنی هەر کاندیدێک کەمکراوە بۆ دوو ملیۆن دینار لەبری ٥ ملیۆن دینار، هەروەها گواستنەوەی دەنگدەر لە بنکەیەکەوە بۆ بنکەیەکی دیکە دروست، بەو مەرجەی لە هەمان بازنەدا بێت.